شەهید جەبار ڕەحیم نادەر، ناسراو بە جەبار ڕەحیم تاگۆزی، ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی مورتکەی ناوچەی تاگۆزی لە پارێزگای هەڵەبجە لەدایکبووە، گوندنشین و خۆی تەرخان کردبوو بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری. دوای شکستی شۆڕشی ئەیلول هەڵاتی بۆ ئێران و لە گوندی شێخ سێلەی سەربە شاری جوانڕۆ نیشتەجێ بووە، هاوسەری تۆبا فەتاح بووە و کوڕێک و دوو کچیان هەبووە (جەمیل، سوریا و ئامینە).

پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگە لە کۆمپانیای چوارەمی فەوجی شەش (بەمۆ)ی هێزی خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، کە شەهید قادیر حەمە ساڵح بەرپرسی کۆمپانیا و فازڵ تاڵەبانی فەرماندەی فەوج بوون. بەشداریی چەندین شەڕی شۆڕشی ئەیلول کردووە، لەوانە شەڕی بارزان، زۆزک، پێنجوێن و خانەقین.

لە شەڕی خانەقین لە ساڵی ١٩٦٩ گوللەی لێدراوە و برینداریی قورس بووە، لە هەمان ساڵ بووەتە فەرماندەی فەصیل. دوای شکست و ئاوارەبوون چەکی داناوە و خۆی تەرخان کردووە بۆ خەبات لەگەڵ هاوڕێ پێشمەرگەکانی لە کۆمپانیای تاگۆزی.

لەگەڵ سێ هاوڕێکەی (حەمەی حوسێن، جەمیل کەریم، حەمەی عەزیز مەحموود) لە گوندی بانی بوڵانی ناوچەی تاگۆزی لە ٢٤ی نیسانی ١٩٧٧ لە شەڕ لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی عێراقی پێشوودا شەهید بووە.

سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.