ساڵی ١٩٢١ لە گوندی چێ سەر بە ناحیەی دێرەلوک لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک لەدایکبووە، لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی، لەگەڵ خەدیجە ئیسماعیل لۆڤا هاوسەرگیری کردووە، دوو کچیان بووە (ڕۆخفزا و لەیلا)، ساڵی ١٩٨٣ لە تاران پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆچی دوایی کردووە.
لاپەڕەکانی تێکۆشانلە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ و دوای شکست هێنانی شۆڕشی بارزان، بە هاوڕێیەتی مستەفا بارزانی و هاوسەنگەرانی بەرەو ڕوژههلاتی کوردستان پەڕییەوە، دوای دامەزراندنی کۆماری کوردستانی دیموکرات لە مەهاباد لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٦، لە چوارچێوەی هێزی بارزان بەرگری لە کۆمارەکە کرد.
دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەی بارزانی لە ڕوژههلاتی کوردستان بۆ باشووری کوردستان، بەشداری لە شەڕەکانی نەغەدە و شنۆ لە ڕوژههلاتی کوردستان کرد، لەنێو هاوسەنگەرانی پێشمهرگه بوو کە لە ١٩/٤/١٩٤٧ لە ڕێگەی (خواکوڕک و دەشتی بێرزگە) بە خاکی باکووری کوردستاندا بۆ ناوچەکانی شیروان و مزووری گەڕایەوە.
دوای گەڕانەوەیان، فەرماندە مستەفا بارزانی لە ١٥/٥/١٩٤٧ لە گوندی ئەرکوش کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هاوسەنگەرانی کرد و سەرپشکی کردن لە مانەوە یان چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەت. لەوێدا هەموو هاوسەنگەرانی بڕیاریان دا بەردەوام بن و ڕوو لە یەکێتی سۆڤیەت بکەن، لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ هاوڕێیەتی فەرماندە مستەفا بارزانی کرد بۆ یەکێتی سۆڤیەت، بەشداری لە شەڕەکانی قەتوور و پردی ماکۆ کرد، دوای ماندووبوون و هیلاکبوونێکی زۆر، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ ڕووباری ئاراسی بەزاند و بەرەو یەکێتی سۆڤیەت چوو، کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت.
دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ئەو و هەموو هاوسەنگەرانی لە شاری نەخجەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگەیەکی کراوەدا کە بە تێلی دڕکدار دەوردرابوو و سەربازان پاسەوانییان دەکردن، دەستبەسەر کران، لە ڕووی خۆراک و جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ کرا، بە بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت دواتر بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئەیولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەش کران. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ بۆ کەمپێک لەسەر دەریای خەزەر لە باکۆی پایتەختی کۆماری ئازەربایجان گواسترانەوە، لە ٢٣ی هەمان مانگ جلوبەرگی سەربازییان وەرگرت، ڕۆژانە هەشت کاتژمێر بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان مەشقی سەربازییان دەکرد، لە هەمان کاتدا، ڕۆژانە چوار کاتژمێر لەلایەن هەندێک لە هاوسەنگەرە خوێندەوارەکانیانەوە وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.
دوای مامەڵەی خراپی جەعفەر باقیرۆڤ لەگەڵ هاوسەنگەرانی، بارزانی بڕیاری دا کۆمەڵە سەربازییەکەی لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ لە ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی جەرجوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی ئۆزبەکستان، لەوێ مەشقە سەربازییەکانیان درێژە پێدا.
لە ئازاری ١٩٤٩، ئەو و هاوسەنگەرانی بە شێوەی گرووپ بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هاوبەشەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەش کران و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (ئەو زەوییەی خەڵک لە حکومەتیان بە کرێ دەگرت و پاشان بەشێکیان وەک باج دەدایە حکومەت) کاریان کرد.
دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن فەرماندە بارزانییەوە بۆ ستالین، ستالین دواجار نامەیەکی پێگەیشت کە بارزانی تێیدا باسی ئازار و مەینەتی هاوسەنگەرانی کردبوو، دەستبەجێ بڕیاری دا کمیسیۆنێک بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوسەنگەرانی بارزانی پێکبهێنێت، بڕیاری کۆتایی کمیسیۆنەکە ئەوە بوو کە لە شاری فریفیسکی کۆبکرێنەوە، بۆیە لە تشرینی دووەمی ١٩٥١ بەرەو شاری فریفیسکی سۆڤیەت بەڕێکەوتن.
دوای شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ لە عراق و گەڕانەوەی فەرماندە مستەفا بارزانی، لە ٢٥ی شوباتی ١٩٥٩ بەپێی ماددەکانی (٣) و (٧) و بڕگەی (أ) لە ماددەی (١٠) و کارکردن بە ماددەی (١١) بەپێی یاسای ژمارە (١٩)ی هەموارکراوی ساڵی ١٩٥٩، لێبوردنی گشتی دەیگرێتەوە.
ساڵی ١٩٥٨ کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هاوسەنگەرانی لەسەر کەشتیی کرۆزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرەی باشووری کۆماری عێراق گەڕایەوە کوردستان.
بەشداری کردووە لە شۆڕشی ئەیلوول ساڵی ١٩٦١، و لە ساڵی ١٩٧٥ دوای شکست هێنانی شۆڕشی ئەیلوول، وەک پەنابەر ڕووی لە شانشینی ئێران کرد، و لە ساڵی ١٩٧٦ بەشداری لە شۆڕشی گوڵان کرد.
سەرچاوەکان:- حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پلاندانان، یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ژمارەی خێزانەکان و دانیشتوان، هەولێر، ٢٠٠٩ز).
- حەمید گەردی، پوختەی مێژوونامە، چاپی یەکەم، (هەولێر - دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - ٢٠٠٤ز).
- شەعبان عەلی شەعبان، هەندێک زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - ٢٠١٣ز).
- شەوکەت شێخ یەزدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمهرگه، (پیرمام - چاپخانە خەبات - ١٩٩٦ز).
- عومەر فاروقی، سەردار دانا ژیان و خەباتەکانی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی، چاپی دووەم، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - ٢٠٠٢ز).
- کاروان محەمەد مەجید، بارزانییەکان لە مەهابادەوە بۆ سۆڤیەت، چاپی یەکەم، (سلێمانی - چاپخانەی پەیوەند - ٢٠١١ز).
- لە یادداشتی فەرماندەی شەهید حەسۆ میرخان ژاژۆکی، ٦٢ ڕۆژ لەگەڵ بارزانی دا چوونی بارزانییەکان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، چاپی یەکەم (هەولێر - چاپخانەی ڕۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
- لەیس عەبدولموحسین جەواد ئەلزوبێدی، شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ لە عێراق، (بەغدا - دارالرشید للنشر - ١٩٧٩م).
- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - ١٩٩٨ز).
- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


