سەلاح محەمەد شەریف ناسراو بە سەلاح حاجی شەریف ساڵی ١٩٥٥ لە گوندی وەلە سمەت سەر بە قەزای سەید سادق لەدایک بوو، گوندنشین بوو و کاری کشتوکاڵی دەکرد، ساڵی ١٩٧٧ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بۆ کۆمەڵگەی زۆرەملێی شانیر دوورخرایەوە، هاوسەرگیری لەگەڵ مەریم فەتاح کردبوو و باوکی دوو کوڕ و دوو کچ بوو (ئاکۆ، شاهۆ، حەلیمە، چنور).

ساڵی ١٩٨٠ چووە ڕیزی پێشمەرگە لە بنکەی هێزی سورەن سەر بە لیژنەی ناوخۆی لقەی چوارەمی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەلا عومەر بانی بنووک لەو کاتەدا فەرماندەی هێزەکە بوو.

لە شەڕی ڕەزلە و پارزان بەشدار بوو، لە شەڕی سەربەلەخە ساڵی ١٩٨٢، لە شەڕی ئەحمەد ئاوا ساڵی ١٩٨٧ و چالاکییەکانی شەڕی پارتیزانی لە دەشتی شارەزوور و بناری چیای سورەن.

سەلاح محەمەد و گروپێک لە هاوڕێ پێشمەرگەکانی ساڵی ١٩٨٨ کەوتنە ناو کمینی جاشەکانی ڕژێمی بەعس لەسەر پردی ئاوی ڕەشین لە دەشتی شارەزوور، دوای ڕووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لەنێوان هەردوو لایەن، سەلاح محەمەد و دوو هاوڕێی پێشمەرگەکەی (توفیق ڕەحیم و جەلال پینجوێنی) شەهید بوون.

سەرچاوە:

ئەرشیفی دەزگای ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان