دوای ئەوەی دانوستانەکانی نێوان سەرکردەکانی شۆڕش و حکوومەت گەیشتە بنبەست، نیشانەکانی دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ڕەفتار و کردەوەکانی حکوومەتی بەعسییەکان بە سەرۆکایەتی عەبدولسەلام عارف دەرکەوت، بارەگای لێژنەی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناو شاری هەولێرەوە دەرچوو، و بنکەیەکیان لە چیای قەرەچووغ لە ناوچەی مەخموور-کەندێناوە دامەزراند، سەدان کەس پەیوەندییان پێوە کردن، حکوومەتی عێراق لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ١٩٦٣ەوە خۆی بۆ هێرشکردنە سەر کوردستان ئامادە دەکرد، کاتێک هێزە سەربازییەکان بە پشتیوانی چەکدارە بەکرێگیراوەکانی عەرەبی بەدەوی لە مانگی حوزەیراندا دەستیان بە هێرش و هەڵمەت و دەستگیرکردن و ڕاوەدوونانی کورد کرد.
هێزی پێشمهرگه کە لە چیای قەرەچووغ جێگیر بوون لەلایەکەوە لەلایەن سوپاى عێراقەوە هەڕەشەیان لەسەر بوو، لەلایەکی تریشەوە خەڵکی مەخموور بەردەوام هەواڵیان بۆ دەهێنان کە هەمیشە ڕووبەڕووی هەڕەشەی دەستگیرکردن و کوشتن لەلایەن پاسەوانی نەتەوەیی سەر بە حکوومەت دەبنەوە، و دەستیان کردووە بە تاڵانکردن و دەستبەسەرداگرتنی موڵکی خەڵک لە زۆربەی گوندەکاندا. لەگەڵ ئەوەشدا، دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و زیندانیکردن لەلایەن پاسەوانی نەتەوەییەوە زیادی کرد، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی ژنان ڕووبەڕووی بێڕێزی و دەستدرێژی سێکسی ببنەوە لەلایەن ئەو هێزانەوە، بۆ ڕزگارکردنیان و قبوڵنەکردنی ئەم زوڵم و دەستدرێژییە و کۆتاییهێنان پێی، هێزی پێشمهرگه مفرازەیەکی فیداییان پێکهێنا، و کەمینێکیان بۆ پاسەوانی نەتەوەیی سەر بە مەخموور لە نێوان گوێڕ و مەخموور دانا، و چوار چەکداریان لێ کوشتن و دەستیان بەسەر چەکەکانیاندا گرت.
دوای ئەو شەڕە، پاسەوانی نەتەوەیی بە سەرکردایەتی شێخ عەنەش و محەمەد شەحادە، لەگەڵ هێزێکی گەورەی پۆلیس و سەرباز کە ژمارەیان بە نزیکەی ٨٠٠ کەس دەخەمڵێنرا، و بە پشتیوانی تانک و تۆپخانە و چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی، بەیانی ٦ی حوزەیرانی ١٩٦٣ هێرشیان کردە سەر قەرەچووغ و گوندی تەلخیم لە چەند قۆڵێکەوە: هێزێک لە باکوورەوە لە ڕێگەی هەولێر-دیبەگە بەرەو مەخموور بۆ بازاڕگە، و هێزێکی تر لە باشووری سنوورەوە لە کەرکووک و لە ڕێگەی دبس-دیبەگە بەرەو گوندی سولەیمان بەخش، و هێزێکی تر لە ڕۆژئاواوە و لەگەڵیدا سریەی تانک بەرەو گوندی سەرگەڕان لە نزیک چیای قەرەچووغ چوون بۆ ڕێگریکردن لە هەر هێزێک کە بگاتە چیاکە و بەرگری لێ بکات.
لە کاتژمێر ٧:٣٠ی بەیانی ٦ی حوزەیران، لە گوندی تەلخیم کە دەکەوێتە بناری چیای قەرەچووغ، هێزی پێشمهرگه و دانیشتووانی گوندەکە بەرپەرچی هێزەکانی حکوومەتیان دایەوە لەسەر هەردوو گردی تەلخیم و گردی کێلەسپێ، شەڕێکی توند لە نێوان هێزە هێرشبەر و بەرگریکارەکاندا دروست بوو کە تا کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆ بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا، هێزەکانی حکوومەت تووشی شکست بوون و زیانی زۆریان بەرکەوت، ١٢ سەرباز و پاسەوانی نەتەوەیی کوژران و ژمارەیەکی تریش بریندار بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێک و ئامێرێکی بێتەلدا گیرا، لە لای پێشمەرگەش چوار کەس شەهید بوون، هەروەها حەوت کەس لە دانیشتووانی گوندەکەش کە کاری کشتوکاڵیان دەکرد شەهید بوون.
دوای ئەوەی پێشمەرگە و دانیشتووانی گوندەکە هێرشەکەیان پووچەڵ کردەوە، هێزەکانی حکوومەت لە کاتی کشانەوەیان لە ناوچەکانی دیبەگە و مەخموور چەندین هاووڵاتی بێتاوانیان لە هەموو ڕێگاکان دەستگیر کرد و لەگەڵ خۆیان بردیان.
سەرچاوەکان:١- خورشید شێرە، خەبات و خوێن، بیرەوەریەکانی ساڵانی خەباتی پێشمەرگایەتی، چاپی سێیەم، هەولێر، ٢٠١٥.
٢- خۆشەوی عەلی کانیەلنجی، بیروەریەکانی عەزیز قازی حەمەد سورچی، چاپخانەی دانیشفەر، هەولێر، ٢٠٢٣.
٣- سەید کاکە، بیرەوەری پێشمەرگەیەک، چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، چاپی یەکەم، ١٩٩٧.
٤- مەسعوود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چ: یەکەم ٢٠٠٤.
٥- ئاری کەریم، چەند لاپەڕەیەکی زیندوو لە شۆڕشی ئەیلوولدا، چاپخانەی خەبات، دهۆک ١٩٩٩.


