دۆڵی ڕەشاڤا دەکەوێتە ناوچەی ئامێدی و دێرەلووک لە دەڤەری بادینان، بەهۆی پێگەی جوگرافی و سۆزی خەڵکی ناوچەکە بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌، ئەنجامدانی چالاکییە فیداییەکان ئاسانتر بوو. بۆیە لە ڕووی شۆڕش و بەرگرییەوە ڕۆڵێکی کاریگەریان لە پشتیوانی شۆڕشدا گێڕا وەک هەموو ناوچەکانی تری کوردستان، زۆرجار حکوومەتی عێراق هەڵمەتی بەرفراوانی دژی کوردستان لە ناوچەی دیاریکراودا ئەنجام دەدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە کەوتبوونە دەست پێشمه‌رگه‌ و هەروەها بۆ سەرکوتکردنی دەنگی شۆڕش بە گشتی، هێزە چەکدارەکانیش بە تەواوی ڕووبەڕووی هێزەکانی شۆڕش دەبوونەوە، چونکە جووڵە و چالاکییەکانی پێشمه‌رگه‌ لە زۆربەی ناوچەکاندا زیادی کردبوو. سوپاى عێراق و هێزە چەکدارەکانی تر لە سەرەتای کانوونی دووەمی ١٩٨٧، هێرشێکیان دەستپێکرد کە ٢٠ ڕۆژی خایاند بۆ سەر ئاترووش و قەڵای کانیێ لە بادینان، بەو بیانووەی کە ئەو ناوچانە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌دان.

هێزی پێشمه‌رگه‌ى کوردستان بەو هێزە سەربازییەی کە لە ڕووی ژمارە و چەک و تەقەمەنییەوە هەیانبوو ڕووبەڕووی هێزەکانی حکوومەت دەبوونەوە و گورزی بەهێزیان لێ دەوەشاندن، وەک ئاماژەی بۆ کرا حکوومەت لە سەرەتای کانوونی دووەمی ١٩٨٧ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی گەورەی لە ناوچەی ئاترووش ئەنجامدا، لە کاتێکدا هێزی پێشمه‌رگه‌ لە ناوچەکانی تر، بۆ کەمکردنەوەی گوشاری سوپا و هێزە چەکدارەکانی حکوومەت لە گۆڕەپانی شەڕدا، ڕێگەیان لە کاروانە سەربازییەکان گرت و چالاکیی جۆراوجۆریان ئەنجامدا.  

نزیکەی کاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ١١ی کانوونی دووەمی ١٩٨٧، دەنگی تەقەیەکی زۆر لە دۆڵی ڕەشاڤا بیسترا، هێزی پێشمه‌رگه‌ ڕێگا سەرەکییەکانی ئامێدی بۆ دێرەلووکیان داخستبوو، هێرشیان کردە سەر کاروانە سەربازییەکانی کە بەو ڕێگایەدا تێدەپەڕین بۆ گۆڕەپانی شەڕ، لەگەڵ ئەوەشدا هێزی پێشمه‌رگه‌ هەڵیانکوتایە سەر بارەگای فەوجی دێرەلووک و بارەگای حیزبی بەعس و بنکەی ئەمنیی شارۆچکەکە، دیارە ئەم هەڵمەتەی هێزی پێشمه‌رگه‌ دژی هێزەکانی عێراق زیانی زۆری لێکەوتەوە، لەوانە سووتاندنی بارەگاکانی فەوج و حیزبی بەعس و بنکەی ئەمنی، هەروەها لەناوبردنی تۆپێکی ٨٢ ملم و دوو تانکی سەربازی و ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆش و ئۆتۆمبێلێکی سەربازی.

 شایەنی باسە چالاکییەکانی پێشمه‌رگه‌ لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بە شێوەیەک بڵاوبووەوە و فراوان بوو کە حکوومەتی بێزار کرد و هەمیشە بیری لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکردەوە بۆ دوورخستنەوەی ئەو مەترسییەی کە هەڕەشە لە دامەزراوەکانی دەکات.

 

  

سەرچاوەکان:

١- https://www.facebook.com.

٢- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، (چاپخانه‌ی ڕوكسانا- ٢٠٢١).  

٣- شیمال زێباری، هنده‌ك ڕاستیێن ڤه‌شارتی د شۆڕشا گولانێدا، چاپی یه‌كه‌م، (چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات- هه‌ولێر- ٢٠١٥).