دوای ئەوەی گفتوگۆکانی نێوان سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول و حکوومەتی عێراق کۆتایی هات، حکوومەتی عێراق لە بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە کشایەوە، جارێکی دیکە شەڕی بەسەر کوردستاندا سەپاند، ئاڵۆزییەکان زیاد بوون و دەستی بە قۆناغی داگیرکاری کرد، لە نیسانی ١٩٧٤ هێرشەکانی سوپاى عێراق دژی کوردستان دەستی پێ کرد. سوپا بەو شێوەیە دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی شۆڕش کرد کە هەموو تواناکانی سەربازیی خۆی، لە نێویاندا بێژمار سەرباز، بە سەدان تانکی مۆدێرن، هەموو جۆرە چەکێکی ئاسمانی و هێزی ئاسمانی بەکار هێنا، تاوەکو شۆڕشی کوردی بە تەواوی تێک بدات.

هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک کاردانەوە و ئامادەکاری لە بەرامبەر هێرشەکانی سوپاى عێراق لە سەرەتای شەڕەوە چەند هەنگاوێکی سەربازییان نا لەوانە تاپۆری ٣ی سۆردەشی هێزی ڕزگاری، ناوەندی سەربازیی سووسێ کە ناوەندی یەکەیەکی سوپاى عێراق بوو، گەمارۆ دا. لە ئایاری ١٩٧٤ حکوومەتی عێراق هەوڵی دا گەمارۆی پێشمه‌رگه‌ لەسەر بارەگاکە لاببات، سەربازەکان لە سلێمانی و دوکانەوە بەرەو ناوچەکە دەستیان بە جووڵە کرد، هێزی پێشمه‌رگه‌ کە تاپۆری ٣ی هێزی ڕزگاری بە سەرپەرشتیی ئەنوەر ئەزوەری بوو، پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی سوپاى عێراقی لەو ناوچانەی کە پێشبینیی هێرشی سوپاى عێراق لەسەر ڕێگای سلێمانی و دوکان دەکرا، هەبوو.

لقی کێوخا ئیسماعیلی تەڵان لە گوندی کانیخان سەنگەریان گرت، لقی عەبدوڵڵا حاجی ڕەشید لە تاسڵوجە جێگیر کرا، لقی عومەر حەمە عەلی لە گوندی کەلەوانان لە ئامادەباشیدا بوون، فەرماندە و بارەگای تاپۆرەکە لە گوندی خرێ زێوە بوون، لقی حەمەعەلی حاجی قادر بەگیش لە گوندی خرێ زێوە جێگیر بوو.

سوپاى عێراق لە سلێمانییەوە دەستی بە جووڵە کرد و هێرشی کرد، لقی عەبدوڵڵا حاجی ڕەشید کە لە تاسڵوجە جێگیر بوو، لەگەڵ سوپاى عێراق شەڕ دروست بوو و زیانێکی زۆریان بە سوپا گەیاند، بەڵام بەهۆی ژمارەی زۆری سەربازانی سوپا بە پشتیوانیی تاپۆری تانکەکان و کەمیی ژمارەی هێزی پێشمه‌رگه‌، ماوەیەکی درێژ نەیانتوانی بەرگری بکەن، بە تایبەت دوای شەهیدبوونی سەرلق عەبدوڵڵا حاجی ڕەشید و سەرپەل شێخ جەعفەر کۆلیجەیی، پێشمەرگەکانی ئەو هێڵەی بەرگری پاشەکشەیان کرد و لەو شوێنە دەرچوون، سوپاى عێراق پێشڕەویی خۆی بۆ گەیشتن بە بارەگا سەربازییەکەی سووسێ بەردەوام کرد.

دوای ئەوەی سوپاى عێراق بە پشتیوانیی تانک و چەتەکانی (جاش) هێڵی بەرگریی پێشمه‌رگه‌ لە تاسڵوجە تێپەڕی بەرەو ڕێگای بارەگا سەربازییەکەی سووسێ چوون، ئەوان بیریان دەکردەوە کە هیچ بەربەستێکی بەرگریی پێشمه‌رگه‌ لە پێشیان نەماوە، بەڵام هێزی پێشمه‌رگه‌ بە دووریی ٦ کم لە بارەگای سووسێ بە تایبەت لەسەر پردی گوندی خرێ زێوە هێرشیان کردە سەر سوپاى عێراق، توانییان بە ئاڕ پی جی ٢ تانک تێک بدەن و ژمارەیەکی زۆر سەرباز و چەتەش بکوژن، ئەو ڕۆژە هەتا پاشنیوەڕۆ پێشمه‌رگه‌ نەیهێشت سەربازەکان بگەنە بارەگا گەمارۆدراوەکان، بەڵام کاتێک ٢ پێشمه‌رگه‌ بە ناوەکانی ئیبراهیم کانی شەیتان و ڕەحیم قامیش شەهید بوون و فەرماندەی تاپۆرەکە لە کاتی ڕزگارکردنی تەرمی شەهیدەکان بریندار بوو بۆ ئەوەی نەکەونە دەستی سوپا، هێزی پێشمه‌رگه‌ تەنیا توانییان تەرمی شەهیدەکان و فەرماندەکەیان کە بریندار بوو ڕزگار بکەن، بە هێزی خۆیان پاشەکشەیان کرد و ڕێگا بۆ سوپاى عێراق چۆڵ بوو کە گەمارۆی بارەگا سەربازییەکەی سووسێ بشکێنێت.

سەرچاوە:
  1. سەنگەر ئیبراهیم خۆشناو، ڕووداوە سەربازییەکانی شۆڕشی ئەیلوول ١٩٧٠-١٩٧٥، چاپی ١، چاپخانەی دانشوەر، هەولێر، ٢٠٢٢.
  2. شەوکەت مەلا ئیسماعیل حەسەن، ڕۆژێک لە مێژووی شۆڕشی ئەیلوول, ١٩٦١-١٩٧٥، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر – ٢٠٠٧.
  3. کاروان جەوهەر محەمەد، ئیدریس بارزانی ١٩٤٤-١٩٨٧ ژیان و ڕۆڵی سیاسی و سەربازی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دا، چاپخانەی هێڤی، هەولێر، ٢٠١٩.