دیارە شۆڕشی کورد بەپێی قۆناغ و بارودۆخی سەردەم بە بارودۆخی تایبەتدا تێپەڕیوە، لە کاتێکدا ئیرادەی شۆڕش پێویستی بە شەڕی بەرەیی هەبوو، شار و شارۆچکەکان ڕزگار کران و هێزی پێشمەرگە لەوێ مانەوە و خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە ئامادە کرد، بەڵام پاش دەستپێکردنی شۆڕشی گوڵان، بارودۆخەکە پێویستی بەوە دەکرد هێزی پێشمەرگە زۆرجار بە شێوازی پارتیزانی دژی دەزگا سەربازی و ئەمنییەکانی ڕژێمی بەعس شەڕ بکەن، بەم شێوەیە پەیامی شۆڕش و گرنگییەکەی بە بەرپرسانی حکوومەت ڕاگەیاند، لێرەدا گرنگە مرۆڤ ڕۆڵی ڕێکخستنەکانی ناو شارەکان کە بۆ شۆڕش پاڵپشت و ڕێنیشاندەری چالاک بوون پشتگوێ نەخات، بۆ ئەوەی کادیرانی ڕێکخستن و هێزی پێشمەرگە بتوانن ئەرکی شۆڕشگێڕیی خۆیان جێبەجێ بکەن و تەنانەت کار و خەباتە پێشمەرگەییەکانیشیان ئەنجام بدەن، بێگومان ئەنجامدانی زۆرێک لە چالاکییەکان لە ناو شارەکان و لە ناو قووڵایی دەسەڵاتی حکوومەتدا بێبەش نەبوو لەم هەڵوێستەی ڕێکخستنی نهێنیی شارە شۆڕشگێڕەکان. ([1])

هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتی مەلازم بێبەکر و هۆشیار زێباری ئۆپەراسیۆنێکی پێشمەرگەیان لە ناوەندی شاری عەقرە ئەنجام دا، پاش ئەوەی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی عێراق لە ساڵی 1983دا پلانیان دانا هێرش بکەنە سەر ناوەند و بارەگاکانی حزبی بەعس لە ناو عەقرە، بەپێی پلان و نەخشەڕێگای هێرشەکە شوێنەکان لە نێوانیان دابەش کران و لە کات و شوێنی دیاریکراودا هێرشیان کردە سەر بارەگا و دامەزراوەکانی بەعس لە شارەکە و توانییان لە ماوەیەکی کەمدا زیانێکی گەورە بە دامەزراوەکانی بەعس بگەیەنن.

لەو داستانەدا هەر یەک لە پێشمەرگەکان عەبدوڵڵا قادۆ، سلێمان هەرنی، بیلال سورچی، عەبدولعەزیز ئامێدی، سادق گێزی، ئەحمەد شاهین، ڕەزا، شیمال زێباری و شێخ ئەحمەد سورچی بەشدار بوون و لە شەڕەکەدا ڕۆڵێکی کاریگەریان بینی.

لە ئەنجامی شەڕەکەدا زیانێکی گەورە بە دامەزراوەکانی ڕژێمی بەعس گەیشت و لە ناوچەکەدا دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو، لەلایەن هێزی شۆڕشگێڕەوە پێشمەرگەیەک بە ناوی شێخ ئەحمەد سورچی شەهید بوو و 2 پێشمەرگەی دیکەش بە ناوەکانی قاسم زێباری و ئەحمەد بەهارکی بریندار بوون. ([2])

سەرچاوە:
  1. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی 4، 1975-1990 شۆڕشی گوڵان، بەشی 2، چاپی 1، چاپخانەی ڕوکسانا، 2021.

  2. غازی عادل گەردی، پێشمەرگەیەک لە خزمەتی بارزانیدا... حاجی بێڕۆخی، بەرگی 2، چاپی دووەم، تورکیا-2021.

[1]- غازی عادل گەردی، پێشمەرگەیەک لە خزمەتی بارزانیدا... حاجی بێڕۆخی، بەرگی 2، چاپی دووەم، تورکیا-2021، ل 46.

[2] - مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی 4، 1975-1990 شۆڕشی گوڵان، بەشی 2، چاپی 1، چاپخانەی ڕوکسانا، 2021، ل 61.