لە نیسانی ١٩٧٤ حکومەتی بەعس بڕیاری دەستپێکردنەوەی شەڕی دا و هێرشەکانی بۆ سەر ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی شۆڕشدا بوون چڕکردەوە، هێزی دەشتی هەولێر بە سەرکردایەتی فارس باوە لە هەولێرەوە بەرەو دەرەوەی شار کشایەوە، و فەوجەکانی خۆی بەسەر گۆڕەپانەکانی شەڕدا دابەش کرد بۆ دروستکردنی هێڵی بەرگری بۆ ئەوەی ڕێگری لە سوپاى عێراق بکات لە پێشڕەوی و هێرشکردن.
بارەگای هێزەکە لە چیای پشت پیرەڕ و تەکوەر جێگیرکرا، فەوجی یەکەم بە سەرکردایەتی سەید کاکە لە زنجیرە چیاکانی پشت باوکوت و کۆمتاڵ جێگیرکرا، فەوجی دووەم بە سەرکردایەتی عەریف یاسین لە گەرووی کۆمسپان بڵاوکرایەوە، فەوجی سێیەم بە سەرکردایەتی ئەحمەد حاج عەلی لە چیای باواجی جێگیرکرا، دوو سریەی سەر بە بارەگای هێزەکە لە ناوچەی بیستانە مانەوە، هێزەکانی سەفین و ئازادی کە تازە دروستکرابوون لە ئامادەباشیدا بوون لە چیای سەفینەوە تا چیاکانی باواجی و هەیبەت سوڵتان، بەرپرسان و کارگێڕانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە گۆڕەپانی شەڕدا لە تەنیشت هێزەکانی پێشمەرگە دەجەنگان.
لە سەرەتای مانگی ئایاری ١٩٧٤ سوپاى عێراق بە پاڵپشتی تانک و زرێپۆشەکان لە دوو تەوەرەوە هێرشی کردە سەر پێگەکانی پێشمەرگە، تەوەرەی یەکەم لە سەری ڕەشەوە دەستی بە پێشڕەوی کرد، تەوەرەی دووەم ئەو هێزانەی لە دەوروبەری گەرووی کۆمسپان بڵاوکرابوونەوە دەستیان بە پێشڕەوی کرد و هەڵمەتە سەربازییەکەیان دەستپێکرد، هێزەکانی پێشمەرگە دەستیان بە بەهێزکردنی هێڵی بەرگری خۆیان کرد و بەرپەرچی سوپایان دایەوە و هەردوولا زیانیان بەرکەوت، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی سەربازانی سوپا و لە هەمان کاتدا بوونیان لە پێگەیەکی هێرشبەردا، زیانی زیاتریان لە هێزەکانی پێشمەرگە بەرکەوت.
سوپاى عێراق لە سەرەتادا لە تێکشکاندنی هێزەکانی پێشمەرگە و تێپەڕاندنی هێڵی بەرگری شکستی هێنا، بەڵام دوای چوار کاتژمێر لە شەڕی بەردەوام تێکشکا، بەڵام تۆپخانەکانی بنکەی سەری ڕەش و گەرووی کۆمسپان لە بۆردومان نەوەستان و هێزەکانی پێشمەرگەیان بێزار کرد، هێڵی بەرگری پێشمەرگە ئەوەندە بەهێز نەبوو کە بەرگەی هەموو ئەو بۆردومانە بگرێت. ڕۆژی دواتر سوپا جارێکی تر هێرشی کردە سەر پێگەکانی پێشمەرگە، هێزەکانی پێشمەرگە لەم شەڕەدا زیانی زۆریان بەرکەوت، بەجۆرێک پێنج لە پێشمەرگەکان شەهید بوون و ١١ کەسی تریش بریندار بوون.
لە ئەنجامی ئەو بارودۆخە سەختەی کە هێرشی حکومەت و سوپای بێشومار کە بە تانک و تۆپ و فڕۆکە پاڵپشتی دەکرا دروستی کردبوو، هێزەکانی پێشمەرگە نەیانتوانی بەرگەی هێرشە بەرفراوانەکەی حکومەت بگرن، بەڵکو بە فەرمانی سەرکردایەتی باڵا بەرەو گوندەکانی زیارت و سۆسێ کشانەوە، پاشان پێشڕەوییان کرد بۆ چیاکانی دەربەند تا گەیشتنە گوندی دێری و ڕێگای سەرەکی نێوان هەولێر و کۆیە کۆنترۆڵکرا.
سەرچاوەکان:١- کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، (چاپخانەى هێڤی- هەولێر- ٢٠١٩).
٢- سهنگهر ئيبراهيم خۆشناو، ڕووداوه سهربازيهكانى شۆڕشى ئهيلوول ١٩٧٠-١٩٧٥، چاپى يهكهم، (ههولێر- ٢٠٢٢).
٣- سەید کاکە، بیرەوەرى پێشمەرگەیەک، چاپخانەى وەزارەتى ڕۆشنبیرى، چاپى یەکەم، (هەولێر- ١٩٩٧).
٤- خوڕشید شێرە، خەبات و خوێن، بیرەوەریەکانى ساڵانى پێشمەرگایەتى، چاپى سێیەم، (چاپخانەى حاجى هاشم- هەولێر-٢٠١٥).


