شەهید فەرماندە عەلی هالو عەلی محەمەد ناسراو بە عەلی هالو لە گوندی بۆسەلی سەر بە ناحیەی دەرکار لە ناوچەی سندی لە ئیدارەی زاخۆ ساڵی ١٩٢٠ لەدایکبووە، لە تەمەنی حەوت ساڵیدا لە مزگەوتی گوندەکەی فێری خوێندن و فێربوونی قورئانی پیرۆز بووە.
لاپەڕەکانی خەبات
لەگەڵ پێکهێنانی ڕێکخستنە سەرەتاییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەی زاخۆ، عەلی هالو پەیوەندی بە ڕێکخستنی حزبییەوە کردووە و بووەتە ئەندامێکی چالاک لە ناوچەکەدا، دوای گەڕانەوەی بارزانی نەمر لە یەکێتی سۆڤیەت ریزەکانی سوپاى عێراق-ی بەجێهێشتووە کە لەو کاتەدا پلەی ملازمی یەکەمی هەبووە، عەلی هالو ساڵی ١٩٥٨ سەرۆکایەتی شاندێکی کردووە بۆ شاری بەغدا بۆ ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی پێشوازیکردن لە سەرکردە مستەفا بارزانی کە لە یەکێتی سۆڤیەت گەڕاوەتەوە، عەلی هالو لەگەڵ ژمارەیەک لە پێشمهرگه قارەمانەکان و کەسوکار و خەڵکی ناوچەکە پەیوەندییان بە ریزەکانی شۆڕشی ئەیلوول کردووە لە سەرەتای دەستپێکردنیدا ساڵی ١٩٦١، ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە و لە زۆرێک لە داستان و شەڕەکاندا بەشدار بووە، یەکێک بووە لەو فەرماندانەی بەشداری ئازادکردنی شاری زاخۆیان کردووە ساڵی ١٩٦١، لەو کاتەدا بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی ناوچەیی شۆڕش، لە پایزی ١٩٦١ لەگەڵ ژمارەیەک پێشمهرگه و هاوڕێکانی بەرەو ناوچەی بادینان چوون بۆ پێشوازیکردن لە سەرکردە مستەفا بارزانی، کاتێک سەرکردە مستەفا بارزانی پێی گەیشتووە و زانیویەتی کە فەرماندەیەکی ئازا و بەجەرگە، پلەی فەرماندەی سەریەی پێبەخشیوە لە شۆڕشی ئەیلوول.
عەلی هالو بووەتە فەرماندەی فەوجی یەک لە هێزەکانی زاخۆ ساڵی ١٩٦٢، ڕۆڵێکی دیاری لەگەڵ هاوڕێ پێشمهرگه-کانی گێڕاوە و داستانە مەزنەکانیان تۆمار کردووە لەوانە داستانی دۆڵی زاخۆ، داستانی عەین زالە، داستانی باتیفا، داستانی چیای سپی، داستانی کەمکا و مانگێش، داستانی بنکەی پێشابیر و زۆرێک لە داستانەکانی تر، عەلی هالو یەکێک بووە لەو فەرماندانەی بەشداری داستانی چیای مەتین-یان کردووە ساڵی ١٩٦٣ و سەرکەوتنێکی مەزنیان تێدا بۆ شۆڕش تۆمار کردووە، عەلی هالو لە ماوەی خەباتیدا لە ریزەکانی پێشمهرگه ڕۆڵێکی دیاری گێڕاوە و لە ناوچەی بادینانەوە تا دەشتی هەولێر و سلێمانی کە دووجار بە سەختی بریندار بووە، حکومەت ساڵی ١٩٦٤ هەوڵی لەناوبردنی عەلی هالو-ی داوە کاتێک بەکرێگیراوان بۆمبێکیان لە رێگەی بۆری سۆپای دار لە ماڵەکەیدا فڕێداوە و لە ئەنجامدا هاوسەرەکەی و کوڕەکەی کە تەمەنی دە ساڵ بووە شەهید بوون و عەلی هالو بە سەختی بریندار بووە، هەروەها لەو ڕووداوەدا چاوێکی لەدەستداوە، هەروەها منداڵەکانیشی بریندار بوون. بەهۆی ئەزموون و تواناکانی لە بوارە سەربازی و کارگێڕی و کۆمەڵایەتییەکاندا عەلی هالو ساڵی ١٩٦٦ بووەتە ئەندامی سەرکردایەتی شۆڕش، عەلی هالو لە ٢٣ی ئەیلوولی ١٩٦٨ بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆی گوماناوی لەسەر ڕێگای نێوان باتیفا و زاخۆ شەهید بووە.
سەرچاوە:
ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


