عەبدولمەجید جەرجیس محەمەد مستەفا، بە ناوەکانی (مەجید ئەفەندی و مەجید ئەتروشی)، ناسراوە. لە ساڵی 1964 ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستانی عێراق بووە و لە کۆتایی ساڵی 1964 لەلایەن مەکتەبی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستانی عێراق وەک قایمقامی شێخان لە سنووری پارێزگای مووسڵ دەستنیشان کراوە. لە ساڵی 1966 لە کۆنگرەی حەوتەم بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان. لە ساڵی 1967 نوێنەری کۆنفرانسی ڕامیاری - سەربازی کانی سماق (هەولێر) بووە. لە ساڵی 1974 بۆ جاری دووەم وەک قایمقامی شێخان لەلایەن سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوولەوە دامەزراوە.
ژیاننامەعەبدولمەجید جەرجیس محەمەد مستەفا لە شاری دهۆک لەدایک بووە. دەرچووی ساڵی 1942ی پەیمانگەی مامۆستایان لە گوندی ڕۆستەمییەی بەغدایە. لە ساڵی 1960 پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە. لە ساڵی 1960 بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانەوە ماوەیەک لە بەندیخانەی مووسڵ و بەغدا زیندانی کراوە و دواتر بۆ شاری دیوانییە لە ناوەڕاستی عێراق نەفی کراوە و دوور خراوەتەوە. لە ساڵی 1975 دوای شکستی شۆڕشی ئەیلوول لە سەرەتادا وەک پەنابەر دەچێتە وڵاتی ئێران و دواتر دەگەڕێتەوە باشووری کوردستان. لە ساڵی 1975 بۆ شاری دیوانییە دوور خراوەتەوە. لە ساڵی 1977 لەلایەن حکوومەتەوە لەسەر کارەکەی دوور خراوەتەوە. لە ساڵی 1977 دوای بەدواداچوونەکان خانەنشین کراوە. لە ساڵانی (1988 - 1991) دوای ئەنفالی بادینان کۆچبەری ئێران بووە. شارەزای زمانی کوردی، عەرەبی و فارسییە.
خەباتنامە
عەبدولمەجید جەرجیس محەمەد مستەفا، لە ساڵی 1963 بەرپرسی لێژنەی ناوچەی مووسڵ سەر بە لێژنەی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی 1964 بووە ئەندامی لێژنەی لقی یەک. لە ساڵی 1964 پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگە کردووە. لە ساڵی 1964 نوێنەری کۆنگرەی شەشەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی 1964 ئەندامی شاندی دوازدە کەسیی دانوستانکاری کۆنگرەی شەشەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە کە بە ڕەزامەندی سەرۆک مستەفا بارزانی (1903 - 1979) چوونە لای مەکتەبی سیاسی بە مەبەستی بەشداریکردنیان لە کۆنگرەی شەشەمدا، بەڵام بەهۆی جەختکردنەوە لەسەر بەشدارینەکردنی لایەنی مەکتەبی سیاسی، شاندەکە لە ئەرکەکەیاندا سەرکەوتوو نەبوون. لە ساڵی 1964 کارگێڕی لێژنەی لقی یەک بووە. لە ساڵی 1964 ئەندامی یەدەگی لێژنەی بەدواداچوون و پشکنینی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەی شەشەم بووە. لە ساڵی 1964 نوێنەری کۆنگرەی گەلیی دووەم (کۆنگرەی قەڵادزێ) بووە. لە ساڵی 1964 نوێنەری کۆنگرەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستانی عێراق بووە و لە هەمان ئەنجومەندا بە ئەندام دەستنیشان کراوە. لە کۆتایی ساڵی 1964 لەلایەن مەکتەبی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستانی عێراق وەک قایمقامی شێخان لە سنووری پارێزگای مووسڵی جاران و دهۆکی ئێستا دەستنیشان کراوە. لە ناوەڕاستی ساڵی 1966 لەلایەن کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بە ئەندامی لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی حەوتەم دەستنیشان کراوە.
لە ساڵی 1966 لە کۆنگرەی حەوتەم بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان. لە ساڵی 1966 بە گوللەی تۆپ لە شێخان بریندار بووە. لە ساڵی 1967 نوێنەری کۆنفرانسی ڕامیاری - سەربازی کانی سماق - هەولێر بووە. لە مانگی تشرینی دووەمی 1967 خاوەنی ئیمتیازی گۆڤاری سەفین بووە کە ئۆرگانی لێژنەی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە کۆتایی ساڵی 1967 لە کادیرانی لێژنەی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەرپرسی لێژنەی لق دەستنیشان کراوە. لە ساڵی 1968 سەرنووسەری گۆڤاری سەفین بووە. لە ساڵی 1969 وازی لە کاری حیزبایەتی هێناوە، لە 23ی ئەیلوولی 1969 بە فەرمانێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش وەک مامۆستا گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی. لە ساڵی 1970 نوێنەری کۆنگرەی هەشتەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی 1971 نوێنەری کۆنگرەی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بووە. لە 1ی ئاداری 1972 بە ئەندامی لێژنەی دیسپلینی تایبەت (ئینزیباتی خاس) بۆ فەرمانبەرانی پەروەردەی دهۆک دەستنیشان کراوە. لە ساڵی 1974 بۆ جاری دووەم وەک قایمقامی شێخان لەلایەن سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوولەوە دامەزراوە. لە ساڵی 1975 دوای شکستی شۆڕشی ئەیلوول لە سەرەتادا وەک پەنابەر دەچێتە وڵاتی ئێران و دواتر گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان. لە ساڵی 1975 بۆ شاری دیوانییە دوور خراوەتەوە. لە ساڵی 1977 لەلایەن حکوومەتەوە لە کارەکەی دوور خراوەتەوە. لە ساڵی 1977 دوای بەدواداچوونەکان خانەنشین کراوە. لە ساڵانی (1988 - 1991) دوای ئەنفالی بادینان کۆچبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە. شارەزای زمانی کوردی، عەرەبی و فارسییە.
سەرچاوە:1- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


