حکومەتی بەعس هەمیشە ڕێگری لە کورد دەکرد لە بەشداریکردنی ڕاستەقینە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، تەنانەت بە تەواوی لە هاوڵاتیبوون بە بنەمای یەکسانی و یاسا بێبەشیان کردبوون، بۆیە پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتە دژی کورد زەمینەی ناڕەزایەتی لە دڵی خەڵکی کوردستاندا دروست کرد بە شێوازێک کە هەستی نەتەوەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دامەزراوە سەربازی و ئەمنی و چەکدارەکان بزواند، چونکە سەرکوتکردنی ئەو دامەزراوانە تا ڕادەیەک خەڵکی هاندا بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتییان و ئەنجامدانی خۆپیشاندانی بەرفراوان و ڕووبەڕووبوونەوەی دەزگا ئەمنییەکانی حکومەت بە توندترین شێواز. لە لایەکی ترەوە بزووتنەوەی نیشتمانی بۆ سەرکردایەتی شۆڕش، لە هەڵسەنگاندنی دۆخەکەدا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە حکومەتی بەعس هەرگیز زمانی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیانەی تێنەگەیشتووە، تەنانەت ئامادەش نەبووە گوێ بگرێت، بۆیە سەرکردایەتی شۆڕش گەیشتە ئەو بڕوایەی کە دەبێت خۆی بۆ ئەو جۆرە خەباتە ئامادە بکات کە سەرکردەکانی بەعس تێیدەگەن، ئەویش خەباتی شەڕی چەکداریی پارتیزانییە.
لە بواری خەبات و تێکۆشانیاندا و لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی دامەزراوە بەعسییەکاندا، سەرکردایەتی شۆڕش هەمیشە هەوڵی دەدا مەودای ناوچە ئازادکراوەکان زیاتر فراوان بکات و چالاکی پێشمەرگە لە قوڵایی دەسەڵاتی حکومەتدا بەهێز بکات، بۆیە بڕیاریاندا هێزێکی پێشمەرگە بنێرن بۆ چەند شوێنێکی ستراتیژی تا بتوانن گورزێکی بەهێز لە بنکە و کەمپەکانی سوپا و چەکدارە بەکرێگیراوەکان بوەشێنن.
ئەمەش ئەوەی دەرخست کە هێزی پێشمەرگە دەتوانێت لە هەر کات و شوێنێک گورزی کوشندە لە دوژمن بوەشێنێت، لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٢، پێشمەرگە بە قوڵایی ٧٠ کم لە سیانی گارە هێرشی کردە سەر پێگە و بارەگاکانی هێزی کۆماندۆ و چەکدارە بەکرێگیراوەکان (جاشەکان). دوای شەڕێکی سەخت کە سێ ڕۆژ و سێ شەو بەردەوام بوو، زیانی گەورەیان بە هێزەکانی حکومەت گەیاند، ئەم شەڕەش دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەسەر ئاستی ناوچەکە هەبوو.
-
مەسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی چوارەم، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بەشی دووەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕوکسانا، ٢٠٢١.
-
جەمال فەتحوڵڵە تەیب، بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە باشووری کوردستان ١٩٧٦-١٩٨٠، چاپی یەکەم، چاپخانەی شەهاب، هەولێر-٢٠١٢.
-
نوری حەمە عەلی، مێژووی تێکۆشانی پێشمەرگەیەک لە نێوان ژیان و مەرگدا، چاپخانەی شەهاب، چاپی دووەم، هەولێر – ٢٠١٦.


