یاساناس و سیاسەتمەدار کاکەمین مستەفا ئەمین، بە ناوی کاکەمین نەجار ناسراوە. لە ساڵی 1979 پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان و لە ساڵی 1983 پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردووە. لە ساڵی 2010 لە کۆنگرەی 13دا بە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیدا بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردراوە. هەڵگری مەدالیای بارزانییە.

 

ژیاننامە

کاکەمین نەجار لە ساڵی 1966 لە شاری هەولێر لەدایک بووە. لە ساڵی 2004 بەکالۆریۆسی لە بەشی یاسا لە زانکۆی سەلاحەدین - هەولێر وەرگرتووە. شارەزای زمانی کوردی، عەرەبی و فارسییە.

 

خەباتنامە

کاکەمین نەجار لە ساڵی 1979 پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان و لە ساڵی 1983 پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردووە. لە ساڵی 1987 بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ڕەواندزی سەر بە لێژنەی لقی دوو بووە. لە ساڵی 1988 دوای پرۆسەی ئەنفال وەک پەنابەر کۆچبەری وڵاتی ئێران بووە.

 

لە ساڵی 1991 وەک فەرماندەیەک لە ڕاپەڕینی باشووری کوردستاندا بەشداری لە ئازادکردنی شاری هەولێر و کەرکووکدا کردووە. لە ساڵی 1992 بەرپرسی بەرەی کوردستانی لە شارۆچکەی سۆران و جێگری سەرۆک ئەرکانی سوپای هاوبەشی کوردستان بووە. لە ساڵی 1994 بووە فەرماندەی سوپای دووی سەر بە هێزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان. لە ساڵی 2010 لە کۆنگرەی 13دا بە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و لە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیدا بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردراوە.

 

لە ساڵی 2010 بەهۆی چالاکییەکانی لە شۆڕشی گوڵان و قۆناغی ڕاپەڕینی باشووری کوردستاندا، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانیی نەمر وەرگرتووە.

سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.