دوای ئەوەی حیزبی بەعس لە کودەتایەکی سەربازیدا لە تەموزی ١٩٦٨ گەیشتە دەسەڵات لە عێراق، هێرشەکانی بۆ سەر کوردستان چڕتر کردەوە، ناوچەی بادینان یەکێک بوو لەو ناوچانەی کەوتە بەر هێرشی سوپاى عێراق بە مەبەستی زاڵبوون و لابردنی هەموو ئەو بەربەستانەی لەبەردەم حوکمی سەربازیی کە ساڵانێک بوو بۆی تێدەکۆشان، ئەوان ژمارەیەک هێرشیان بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی کوردستان ئەنجامدا کە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی سڤیلی بێتاوان، کارەساتی گوندی کریستیاننشینی سووریا، یەکێک بوو لە زنجیرە تاوان و کۆمەڵکوژییەکانی سوپاى عێراقی دڕندە بەرامبەر بە سەرکردایەتیی شۆڕشی گەلی کورد و دانیشتووانی کوردستان، ئەوەش بە مەبەستی مانەوە و بەهێزکردنی پێگەی خۆیان. 

سووریا گوندێکی بچووکە لە دەشتی سلیڤانای ناوچەی زاخۆ، چەند کیلۆمەترێک لە فیشخابوورەوە دوورە و دەکەوێتە سەر کەناری چەپی ڕووباری دیجلە لە سێگۆشەی سنووری سووریا، تورکیا و عێراق. ژمارەی دانیشتووانی گوندەکە نزیکەی بیست خێزان بوون، زۆربەیان کریستیان بوون و کاریان بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەکرد.

لە ١٦ی ئەیلولی ١٩٦٩ مینێک لەژێر ئۆتۆمبێلێکی سوپاى عێراق لەسەر ڕێگای گشتیی نزیک گوندەکە تەقییەوە، کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی سەرجەم سەرنشینەکانی، لەنێو کوژراوەکاندا ئەفسەری سەربازی عەبدولوەهاب عەبدولکەریم هەبوو. لەبەر ئەوەی گوندەکە نزیک شوێنی ڕووداوەکە بوو، هەمان ڕۆژ هێزێکی گەورەی سەربازی بە بیانووی تۆڵەسەندنەوە بەرەو گوندەکە بەڕێکەوتن. کاتێک خەڵکەکە کاروانی سەربازییەکەیان بینی بەرەو گوندەکەیان دێت، موختاری گوندەکە و قەشەیەکی ئایینی لەگەڵ شۆفێرەکەی کە وەک میوان سەردانی گوندەکەیان کردبوو، چوون بۆ پێشوازیکردن لە هێزەکانی سوپاى عێراق بە سەرکردایەتیی نەقیب عەبدولکەریم لە فەوجی چوارەمی لیوای بیست و سێیەم، بەڵام هەر کە گەیشتنە لایان، بێ هیچ پرسیار و لێکۆڵینەوەیەک، سوپا دەستگیری کردن و بە گوللە کوشتیانن.

دواتر گوندەکەیان گەمارۆ دا و گوندنشینانیان بە زۆر لە ماڵەکانیان دەرهێنا، لەنێویاندا ژن و منداڵ و گەنجان، خستنیانە ناو حەوشەیەک و دەستگیریان کردن، لەوەش نەوەستان بەڵکو تاوانێکی دڕندانە و وەحشیانەیان بەرامبەر ئەنجامدان، بەوەی هەموویان کوشتن، کەس لەو تاوانە ڕزگاری نەبوو، تا ئەوەی هەموو دانیشتووانی گوندەکە کوژران، تەنها ئەوەش نا، بەڵکو سوپا ماڵەکانیانی سووتاند و گوندەکەیان بەتەواوی وێران کرد، ئەمە یەکێک بوو لە پلانە سیاسەتمەدارەکانی بەعس لە گوندەکانی کوردستان بۆ وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری بە ناوی سیاسەتی زەوی سووتاو، ستەم و دەستدرێژی گەیشتە لووتکە کاتێک پێنج منداڵیان لەناو ئەمبارێکی دانەوێڵە دۆزییەوە و هەموویان کوشتن، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو کەلوپەلی خەڵکی گوندەکەیان دزی، تەنانەت دەست و پەنجەی ژنانیان بڕییەوە بۆ ئەوەی ئەنگوستیلە و بازنە زێڕینەکانیان دەست بکەوێت، کۆی قوربانییانی ئەم ڕووداوە گەیشتە (٣٩) کەس لەنێویاندا نۆ ژن و (١١) منداڵ کە هەموویان لە دوو گۆڕدا، یەکێکیان بۆ ژنان و ئەوی دیکەیان بۆ پیاوان لە نزیک گوندەکە بە خاک سپێردران.

بێگومان ئەوەی لەم هەڵمەتە سەربازییەی سوپاى عێراق دژی هاووڵاتییانی سڤیلی بێتاوان وەک ژنان و منداڵان و ئەوانی دیکە دەبینرێت، تاوانێکە لە هەموو سنوورێکی ویژدانی مرۆیی بەزاندووە و بووەتە قێزەونترین کۆمەڵکوژی دژی مرۆڤایەتی لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا.

سەرچاوەکان:

١- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چ: یەکەم ٢٠٠٤.

٢- هۆژین مەسعود سەرنی، شۆڕەشا ئیلونێ ل دەڤەرا بەهدینان ١٠٦١- ١٩٧٥، چاپی یەکەم، ٢٠١٨.

٣- ئاری کەریم، چەند لاپەڕەیەکی زیندوو لە شۆڕشی ئەیلوولدا، چاپخانەی خەبات، دهۆک ١٩٩٩.

٤- ئیبراهیم جەلال، باشووری کوردستان و شۆڕشی ئەیلوول، بنیاتنان و هەڵتەکاندن، 1961-1975. چاپی چوارەم، 2021.

٥- هاوکار کەریم حەمە شەریف، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٠، چاپی یەکەم- چاپخانەی زانکۆی سەلاحەدین، هەولێر، ٢٠١٢.