عەبدولکەریم موراد فەتحوڵڵا، بە ناوەکانی (یەدولا عەبدولکەریم، یەدولا فەیلی، کاکە یەدی، زاڵ)، ناسراوە، سیاسەتمەدار، ساڵی ١٩٥٠ پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە. لە ساڵی ١٩٥٩ بە دەنگی ئەندامانی کۆنگرەی چوارەم بووە ئەندامی دەستەی پشکنین و چاودێری پارتی دیموکراتی کوردستان و لە ساڵی ١٩٦٠ ئەندامی دەستەی پەنجا کەسیی پشتیوانانی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ قۆناغی کاری ئاشکرا بووە و هەر لەو ساڵەدا و لە کۆنگرەی پێنجەم بە دەنگی ئەندامانی کۆنگرە بە ئەندامی لێژنەی باڵای چاودێری و پشکنینی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی ١٩٦٤ لە کۆنگرەی شەشەم و ساڵی ١٩٦٦ لە کۆنگرەی حەوتەم بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە.
ژیاننامە
عەبدولکەریم موراد فەتحوڵڵا لە ساڵی ١٩٣٤ لە شاری بەغدا لە بنەماڵەیەکی بازرگانی کوردی فەیلی لەدایک بووە. هەروەها لە شاری بەغدا پەروەردە بووە و خۆیشی بە کاری بازرگانییەوە خەریک بووە. دەرچووی قۆناغی ئامادەییە، لە ساڵی ١٩٤٢ لە شاری بەغدا چوو بۆ خوێندنی ئایینی، لە ساڵی ١٩٤٣ چوو بۆ قوتابخانەی سەرەتایی و بەهۆی زیرەکییەوە لە پۆلی سێیەمی سەرەتایی دانرا. لە ساڵی ١٩٤٩ قوتابخانەی ناوەندیی جەعفەری تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٥٤ لە فەرمانگەی کەرەستەکانی دروستکردنی خانووبەرە بە فەرمانبەر دامەزراوە، لە ڕۆژی ١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کردووە. شارەزای زمانی کوردی، عەرەبی و فارسی بووە.
خەباتنامە
عەبدولکەریم موراد فەتحوڵڵا لە ساڵی ١٩٥٠ پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە و بە ناوی نهێنیی زاڵ لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا چالاکییەکانی ئەنجام داوە. لە ساڵی ١٩٥١ بووە ئەندامی لێژنەی ناوچەی بەغدای پارتی دیموکراتی کورد. لە ساڵی ١٩٥٣ پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە. لە ساڵی ١٩٥٧ بووە بەرپرسی لێژنەی ناوچەی بەغدای پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستان، لە ساڵی ١٩٥٨ ئەندامی شاندی پێشوازیکەرانی سەرۆک مستەفا بارزانی (١٩٠٣ - ١٩٧٩) بووە لە فڕۆکەخانەی موسەننای شاری بەغدا. لە ساڵی ١٩٥٨ ئەندامی لێژنەی پێنج کەسیی سەرپەرشتیی یانەی سەرکەوتن بووە لە شاری بەغدا. لە ساڵی ١٩٥٩ بەشداریی کۆنفرانسی دووەمی بەغدای پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستانی کردووە. لە ساڵی ١٩٥٩ لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی چوارەم بە ئەندامی دەستەی پشکنین و چاودێری پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ڕۆژی شەممەی ٨ی کانوونی دووەمی ١٩٦٠ ئەندامی دەستەی پەنجا کەسیی پشتیوانی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ قۆناغی کاری ئاشکرا بووە.
لە ساڵی ١٩٦٠ لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی پێنجەم بە ئەندامی لێژنەی چاودێری و پشکنینی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ٣٠ی تەممووزی ١٩٦١ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی گشتیی عێراقەوە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی پارتی دیموکراتی کوردستان دژی عەبدولکەریم قاسم (١٩١٤ - ١٩٦٣) کە باسی پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکان و ڕامیارییەکانی کوردی دەکرد لە شاری بەغدا بۆ ماوەیەکی کورت دەستبەسەر کراوە. لە ساڵی ١٩٦١ بەشداریی لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و لێژنەی باڵای پشکنیندا کردووە کە بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ عەبدولکەریم قاسم و پێشێلکارییەکان بەرامبەر کورد لە ماڵی دکتۆر موراد عەزیز (١٩١٨ - ١٩٨٠) لە گەڕەکێکی کەرادەی ڕۆژهەڵاتی شاری بەغدا ساز کراوە. لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ١٩٦١ سەردانی دەڤەری پشدەری سەر بە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە مەبەستی پەیوەندیکردن بە هۆزەکانی شۆڕشگێڕان و ئامادەکارییەکان بۆ شۆڕشێکی سەرتاسەری کردووە. لە ساڵی ١٩٦٣ نوێنەری کۆنگرەی یەکەمی گەل لە شاری کۆیە بووە، لە ٣٠ی ئاداری ١٩٦٣ وەک ئەندامی شاندی کوردی گەیشتە شاری بەغدا بۆ دانوستاندن لەگەڵ کاربەدەستانی عێراق بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی کورد لە عێراق. لە ساڵی ١٩٦٣ لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی نەتەوەیی (ئەلحەرەس ئەلقەومی) بەند کراوە و بە توندی ئەشکەنجە دراوە. لە ساڵی ١٩٦٣ لە بەندیخانەی حیللە بەند کراوە و ئەشکەنجە دراوە و پاشان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بەغدا گواستراوەتەوە. لە ساڵی ١٩٦٤ پاش ئازادکردنی لە بەندیخانە پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەوە کردووە. لە ساڵی ١٩٦٤ بە قارەمانی کوردستان بۆ بەرگری و خۆڕاگری لە بەرامبەر ئەشکەنجەکان ناسراوە. لە ساڵی ١٩٦٤ بەشداریی کۆبوونەوەی بەرفراوانی ماوەتی کردووە و نوێنەرایەتیی سەرۆکی لێژنەی چاودێری و پشکنینی باڵا بووە و دژی بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە وەستاوە و پشتیوانیی سەرۆک مستەفا بارزانی کردووە. لە ساڵی ١٩٦٤ لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی شەشەمەوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی ١٩٦٤ نوێنەری کۆنگرەی دووەمی گەل لە شاری قەڵادزێ بووە. لە ساڵی ١٩٦٤ ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە کوردستانی عێراق بووە. لە ساڵی ١٩٦٤ ئەندامی لێژنەی دارایی سەر بە نووسینگەی جێبەجێکار (ئەلمەکتب ئەلتەنفیزی) سەر بە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە کوردستانی عێراق بووە.
لە ساڵی ١٩٦٤ بووە بەرپرسی دووەمی لێژنەی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان. لە کۆتایی ساڵی ١٩٦٥ بە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە کۆتایی ساڵی ١٩٦٥ بووە بەرپرسی لێژنەی لقی پێنج. لە ساڵی ١٩٦٦ لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی حەوتەم بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ١٥ی نیسانی ١٩٦٧ نوێنەری کۆنفرانسی سەربازی - ڕامیاری کانی سماق - هەولێر بووە. لە کۆتایی مانگی ئابی ١٩٦٧ ئەندامی لێژنەی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەی دوو لایەنی یەکێتیی قوتابییانی کوردستان لە گوندی ناڤپردان سەر بە پارێزگای هەولێر، ڕۆژی هەینی ١٢ی حوزەیرانی ١٩٧٠ بە فەرمانی سەرۆک مستەفا بارزانی بووە ئەندامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سەردانی شاری نەجەف لە ناو عێراق بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرسەی ئایەتوڵڵای مەزن عەبدولموحسین حەکیم (1889 - 1970) گەورە لێکۆڵەری شیعەی جیهان. لە 17ی حوزەیرانی 1970 بە فەرمانی ئەحمەد حەسەن بەکر (1914 - 1982) سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش، بە بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئەنباری بەڵێندەرایەتی کەرەستەکانی خانووبەرە لە شاری بەغدا دامەزراوە. لە ساڵی 1970 بووە بەڕێوەبەری شارەوانی شاری ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق. لە ساڵی 1970 سەرۆکی دەستەی دامەزرێنەری قۆناغی ئاشکرای یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ڕۆژی شەممەی 7ی کانوونی یەکەمی 1970دا بەشداری لە کردنەوەی بارەگای سەرەکیی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لە شاری بەغدا کردووە. لە ساڵی 1971دا لە پووچەڵکردنەوەی هەوڵی تیرۆرکردنی ئیدریس بارزانی لە شاری بەغدا بە دەستی دەزگای ئاسایشی گشتیی عێراق دەستی هەبووە. لە مانگی حوزەیرانی 1971دا وەک سەرۆکی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان دەستنیشان کراوە. ڕۆژی یەکشەممەی 20ی حوزەیرانی 1971 لە بارەگای سەرەکیی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان لە شاری بەغدا پێشوازی لە شاندی یەکێتیی لاوانی یەکێتیی سۆڤیەت کردووە.
لە 2ی شوباتی 1972 وەک سەرۆکی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان بەشداری کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە شاری هەولێر کردووە. لە 30ی ئاداری 1972 وەک سەرۆکی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان وتارێکی پێشکەشی کۆنگرەی حەوتەمی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە شاری سلێمانی کردووە. لە ساڵی 1972 لە لایەن نوێنەرانی کۆنگرەی دووەم بە سکرتێری یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 1974 لە لایەن نوێنەرانی کۆنگرەی سێیەم بە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 1974 بۆ دووەمین جار لە ژیانی خۆیدا پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمهرگه کردووە. لە ڕێکەوتی 28ی نیسانی 1974 لە پاش دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکەیان لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە، بنەماڵەکەیان بەرەو ناوچە ئازادکراوەکان دەرکراون. لە ساڵی 1974دا بووە کارگێڕی لێژنەی لقی حەوت. لە ساڵی 1974دا بووە ئەندامی لێژنەی سەرپەرشتیاری کەمپی ئاوارەکانی باشووری کوردستان لە شاینشینی ئێران. لە ساڵانی (1975 - 1976) لە پاش شکستەی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی شاینشینی ئێران بووە. لە ساڵی 1976دا گەڕاوەتەوە شاری بەغدا و لەوێ نیشتەجێ بووە. لە ساڵی 1992دا شاری بەغدای بەجێهێشتووە و هاتووەتە هەرێمی کوردستان. لە ساڵی 1999 نوێنەری کۆنگرەی دوازدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەولێر بووە. لە ڕۆژی پێنجشەممەی 24ی ئابی 2000 لە ڕۆژنامەی برایەتی ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان وتاری بڵاو کردووەتەوە. لە 8ی کانوونی دووەمی 2001 بووە وەزیری هەرێم لە کابینەی چوارەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. لە ساڵی 2003 لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی دیموکراسی بۆ کوردانی فەیلی (حەرەکە ئەلدیموقراتییە لێل کورد ئەلفەیلییە) بووە. لە ساڵی 2010دا نوێنەری کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەولێر بووە.
سەرچاوە:ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.


