ڕەسووڵ حوسێن کە بە حاجی ئاغای کۆسرەتان ناسراوە، لە ساڵی ١٩٠١ لە گوندی مێرگە سەر بە ناحیەی گەڵاڵەی قەزای چۆمان لە پارێزگای هەولێر لەدایک بووە. بەشداری کۆماری دیموکراتی کوردستانی لە مەهاباد کردووە، دوای ڕووخانی کۆمار گەڕاوەتەوە گوندی زێوکەی سەر بە پیرانشار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێش ئەوەی بارزانیی نەمر لە یەکێتیی سۆڤیەتەوە بگەڕێتەوە عێراق، لای خزمەکانی ماوەتەوە، بەشداری چەند شەڕێکی دژی ڕژێمی عێراق کردووە هەروەها دژی سۆفییەکانی شێخ ڕەشیدی لۆلانیش شەڕی کردووە.
دوای ئەوەی بارزانی لە بادینانەوە پەڕییەوە سۆران، حاجی ڕەسووڵ یەکێک بوو لەو پێشمەرگانەی کە لە ١١ی تەممووزی ١٩٦٢ هێرشیان کردە سەر قەڵای ڕایەت و هەموو سەرباز و چەکدارەکانی ناو قەڵاکەیان گرت. پاشان بەشداری شەڕەکانی بەنی هەریر، پردی بنکێڵان و کۆسپە سپی لەسەر ڕێگای هامڵتۆن کردووە. هەتا ساڵی ١٩٧٥ پێشمەرگەی باڵەکایەتی و پاسەوانی مەکتەبی سیاسی بووە لە گوندی ناودەشت.
لە ساڵی ١٩٧٥ دوای ڕووخانی شۆڕشی ئەیلوول دەچێتە گوندی کۆسرەتان و لەوێ دەمێنێتەوە، لە ساڵی ١٩٧٧ لەگەڵ خێزانەکەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ کۆمەڵگەی بەستۆرەی هەولێر گواستراونەتەوە، لە ساڵی ١٩٧٩ کوڕەکەی ئیبراهیم حاجی لە چیای گرتالان لە گوندی کۆسرەتانی ناحیەی چۆمان شەهید بووە، دوای شەهیدبوونی کوڕەکەی لەگەڵ سێ کوڕ و خزمەکانی لە ڕۆژی ١٢ی نیسانی ١٩٧٩ بە ڕێگای شینێ و قاسمەڕەش خۆی گەیاندە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پەیوەندی بە سەرکردایەتی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، ئەو لەگەڵ کوڕ و خزمەکانی جارێکی دیکە تێکەڵی ڕیزەکانی پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان بوون، لە دەڤەری باڵەکایەتی وەک دەستەیەکی گەڕۆک بەشداری شۆڕشی گوڵان بوون.
لە ساڵی ١٩٩١ گەڕایەوە باشووری کوردستان و لە دەڤەری خۆشناوەتی بەشداری ڕاپەڕینی گەلی کورد بوو، هەتا تەمەنی ٨٥ ساڵی وەک پێشمەرگە بەردەوام بوو، لە ساڵی ١٩٩٢ دەگەڕێتەوە گوندی کۆسرەتانی ناحیەی چۆمان و هەتا کۆچی دوایی لەوێ دەمێنێتەوە.
لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦ بەهۆی ئەو خزمەتانەی کردبووی لە یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە بە میدالیای بارزانی خەڵات کرا.
لە ١٢ی تەممووزی ٢٠٠٢ کۆچی دوایی کرد.
سەرچاوە:ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


