شەهید سابیر عەبدولکەریم محەمەد، پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان بوو، ساڵی ١٩٧٨ لە پیلانێکی گڵاوی هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانی لە گوندی کانی ژەنان لە پارێزگای هەڵەبجە لە کاتی پشووداندا کەوتە بۆسە و سابیر و پێنج لە هاوڕێکانی شەهید بوون.
سابیر عەبدولکەریم محەمەد لە ساڵی ١٩٥٥ لە گوندی پشتە لە ناوچەی تاگۆزی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە لەدایکبووە، جوتیار بووە و کاری کشتوکاڵی کردووە.
ساڵی ١٩٧٦ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە کردووە لای قادر حەمە ساڵح تاگۆزی، کە فەرماندەی سریەی چوارەم بوو لە فەوجی شەشەمی مو، هێزی خەباتی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان.
یەکێک لە هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانی پیلانێکی گڵاوی بۆ دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو ناوچەیە ئەنجامدا، بەتایبەت دژی قادر حەمە ساڵح تاگۆزی کە فەرماندەیەکی ئازای بەناوبانگ بوو لەو ناوچەیە، بەڵام قادر حەمە ساڵح تاگۆزی مفرازەیەکی پێشمەرگەی بە فەرماندەیی براکەی عەزیز حەمە ساڵح و بە یاوەری پێشمەرگە سابیر عەبدولکەریم نارد، دوای گەڕێک لە گفتوگۆ و نانخواردنی ئێوارە لە یەکێک لە ماڵەکانی گوندەکە، مفرازەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاریاندا لە گوندەکە بمێننەوە، بەڵام هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانی کە ژمارەیان لە ژمارەی پێشمەرگەی پارتی زیاتر بوو لە کاتێکی درەنگی شەو هێرشیان کردنە سەر و لە ئەنجامدا سابیر عەبدولکەریم محەمەد و پێنج لە هاوڕێکانی شەهید بوون کە ئەمانە بوون: (جەعفەر مەهدی، حەمید محەمەد قادر، محەمەد کەریم، عەزیز گوڵانی، ئیبراهیم شەمیرانی) و (ئەحمەد عەبدولڕەحمان) بە سەختی بریندار بوو، هەروەها عەزیز حەمە ساڵح تاگۆزی لەلایەن
هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانی دەستبەسەر کرا.
سەرچاوە:ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


