ژیاننامە

حەیدەر محەمەد ئەمین، لە ساڵی ١٩٢٧دا لە شاری هەولێر لەدایک بووە. لە ساڵی ١٩٤٦دا ئەزموونی قۆناغی کۆتایی ئامادەیی لە زینداندا ئەنجام داوە. لە ساڵی ١٩٤٨دا لە بەشی ئینگلیزی کۆلێژی پەروەردەی شاری به‌غدا وەرگیراوە و لە ساڵی ١٩٥٣دا بەکالۆریۆسی لە بەشی زمانی ئینگلیزی لە کۆلێژی پەروەردەی شاری به‌غدا وەرگرتووە. لە ساڵی ١٩٥٣دا بەهۆی تێکۆشانی کوردایەتییەوە مافی دامەزراندنیان پێنەداوە و بۆ بژێوی ژیانی لە کۆمپانیایەکی تایبەت لە شاری به‌غدا کاری کردووە. لە ساڵی ١٩٥٧دا وەک مامۆستا لە قوتابخانەی ناوەندیی حیللە دامەزراوە. لە ساڵی ١٩٥٨دا پاش ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتیی عێراق، گەڕاوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی هەولێر و وەک مامۆستا کاری کردووە. لە ساڵی ١٩٥٨دا مامۆستای زمانی ئینگلیزیی پەیمانگەی مامۆستایانی سەرەتایی هەولێر بووە.

لە ١٦ی کانوونی دووەمی ١٩٦٠دا بە وەستانی دڵ لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کردووە. لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٦٠دا ڕۆژنامەی خەبات، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەواڵی کۆچی دواییەکەی بڵاو کردووەتەوە. سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان و لقی هەولێری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان سەرەخۆشییان لە بنەماڵەکەی کردووە. زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی زانیوە.

خەباتنامە

لە ساڵی ١٩٤٢دا بەشداریی خۆپیشاندانی بەردەم پارێزگای هەولێری کردووە بۆ ئازادکردنی پارێزەر عەونی یوسف ئەحمەد (١٩٠٨ - ١٩٨٨)، و دکتۆر جەعفەر محەمەد کەریم (١٩١٠ - ٢٠٠٠) کە بە دکتۆر جەعفەر فەیلی ناسرابوو، و حەسەن تەها عەبدولعەزیز (١٩١٥ - ١٩٩٩) کە بە حەسەن کەتانی ناسرابوو، ئەوانەی بەهۆی تێکۆشانی کوردایەتییەوە لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە گیرابوون. لە ساڵی ١٩٤٦دا تێکەڵی ڕیزەکانی پارت بووە. لە ساڵی ١٩٤٨دا گیراوە و ئەزموونی قۆناغی کۆتایی ئامادەیی لە زینداندا ئەنجام داوە و سەرکەوتوو بووە. لە ساڵی ١٩٤٨دا نوێنەری کۆنگرەی یەکێتی گشتیی قوتابیانی عێراق (کۆنگرەی شێران) بووە.

لە ساڵی ١٩٤٨دا ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی گشتیی قوتابیانی عێراق (کۆنگرەی شێران) بووە. لە ساڵی ١٩٤٩دا بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانەوە گیراوە. لە ساڵی ١٩٥٣دا لەنێو دامەزرێنەرانی یەکێتی قوتابیانی کوردستاندا بووە. لە ساڵی ١٩٥٣دا ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی یەکەمینی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٥٣دا لە کۆنگرەی یەکەمینی یەکێتی قوتابیانی کوردستان وەک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی هەڵبژێردراوە و پاش ماوەیەکی کەمیش وەک سکرتێری یەکێتی قوتابیانی کوردستان دەستنیشان کراوە. لە ساڵی ١٩٥٣دا لەنێو دامەزرێنەر و ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستاندا بووە. لە ساڵی ١٩٥٩دا کراوە بە بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی هەولێری سەر بە کۆمیتەی لقی دووی پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستان.

لە ساڵی ١٩٥٩دا ئەندامی دەستەی ئامادەکاری کۆنگرەی چوارەمی پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق بووە. لە ساڵی ١٩٥٩دا نوێنەری کۆنگرەی چوارەمی پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق لە شاری به‌غدا بووە. لە ١٠ی کانوونی دووەمی ١٩٥٩دا وەک نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق لە بارەگای ڕۆژنامەی خەبات لە شاری هەولێر، بە بۆنەی چاکبوونەوە و دەرچوونی لە نەخۆشخانەی زەعیم روکن عەبدولکەریم قاسم (١٩١٤ - ١٩٦٣) کە لە هەوڵێکی تیرۆریستیی پارتی بەعسی عەرەبی سۆسیالیستدا بریندار ببوو، وتاری بۆ جەماوەر خوێندووەتەوە. لە ڕۆژانی ١٥ - ١٧ی ئابی ١٩٦٠دا نوێنەری پارێزگای هەولێر بووە لە کۆنگرەی دووەمی یەکێتی مامۆستایانی کورد (کۆنگرەی دووەمی شەقڵاوە). لە ساڵی ١٩٦٠دا لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە وەک ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان (کۆنگرەی پێنجەم) هەڵبژێردراوە. لە ساڵی ١٩٦٠دا سکرتێری لقی هەولێری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بووە.

سەرچاوە :

١ - ساڵح ڕەشید (ئامادەکار)، مام جەلال: دیداری تەمەن، لە لاوێتییەوە تا کۆشکی کۆماری، بەرگی یەکەم، (سلێمانی – چاپخانەی کارۆ – ٢٠١٧)، ل. ٤٠، ٦٥.

٢ - سەعدی یوسف، بیرەوەریی تێکۆشەر حەیدەر محەمەد ئەمین، کاندیدی کۆمیتەی ناوەندی پارت، ڕۆژنامەی خەبات، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارە ٩٣٧، هەولێر، هەینی، ١٣ی ئاب ١٩٩٩، ل. ٧.

٣ - شوان محەمەد ئەمین تەها خۆشناو، هەولێر لەنێوان ساڵانی (١٩٥٨ – ١٩٦٣)دا: لێکۆڵینەوەیەک لە ڕەوشی سیاسیدا، (هەولێر – چاپخانەی ڕۆژهەڵات – ٢٠١٢)، ل. ١٨٦.

٤ - جەمال نەبەز، بیرەوەرینامەی ئەو ڕۆژانەی کە جارێکی تر نایەن، (سلێمانی – چاپخانەی شڤان – ٢٠١٧)، ل. ٤١، ٤١٧ - ٤١٨، ٥١٣.

٥ - مام جەلال، خەبات لە چی هات و چۆن بوو ئۆرگانی پارت؟ و چۆن بەڕێوە دەبرا؟، گۆڤاری خاک، ژمارە ٥٥، ساڵی ٥، سلێمانی، چاپخانەی ئۆفسێتی دیلەر، ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٢، ل. ٥.

٦ - مام جەلال، ساڵانی کۆنگرەی قوتابیان، بەشی پێنجەم، گۆڤاری خاک، ژمارە ١٤، ساڵی ٢، سلێمانی، چاپخانەی ئۆفسێتی دیلەر، ١٠ی ئاب ١٩٩٨، ل. ٦، ٨.

٧ - مامۆستا حەیدەر محەمەد ئەمین لە ڕەحمەتی خودادایە، ڕۆژنامەی خەبات (تێکۆشان)، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارە ٤١٣، ساڵی ٢، شاری به‌غدا، دووشەممە، ٢٣ی کانوونی دووەمی ١٩٦١، ل. ٢.

٨ - بیرەوەریی تێکۆشەر حەیدەر محەمەد ئەمین، کاندیدی کۆمیتەی ناوەندی پارت، ڕۆژنامەی خەبات، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان – یەکگرتوو، ژمارە ٩٣٧، هەولێر، هەینی، ١٣ی ئاب ١٩٩٩، ل. ٧.

٩ - سامان کەریم مەحموود، یەکێتی قوتابیانی کوردستان ١٩٥٣ – ١٩٧٥، (کەرکووک – کۆمەڵەی ڕۆشنبیری و اجتماعيةی کەرکووک – ٢٠١٠)، ل. ٣٤، ٥٨.

١٠ - سیروان عوسمان، مێژوویەکی بریقەدار و کاروانێکی بێ کۆتایی، (هەولێر – چاپخانەی ڕۆشنبیری – ٢٠١٤)، ل. ٤١.

١١ - سدیق جەلیزادە، چەند پەیڤێکی ئەمانەت و وەفاداری بۆ گیانی پاکی خودا لێخۆشبوو حەیدەر محەمەد ئەمین، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان – یەکگرتوو، ژمارە ١٩٢٢، هەولێر، شەممە، ١٦ی نیسانی ١٩٩٤، ل. ٤.

١٢ - عەبدولستار تاهیر شەریف، مێژووی پارتی شۆڕشگێڕی کوردستان، چاپی دووەم، (شاری به‌غدا – وەشانی شۆڕشگێڕ – ١٩٧٩)، ل. ١٤٢.

١٣ - عیرفان عەزیز عەزیز، کۆنگرە و کۆنفڕانسەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، (هەولێر – پڕۆژەی نووسینی مێژووی یەکێتی قوتابیانی کوردستان – چاپخانەی ڕۆژهەڵات – ٢٠١٢)، ل. ١٨.

١٤ - کۆچی دوایی مامۆستا حەیدەر محەمەد ئەمین، ڕۆژی نوێ، ژمارە ١١، ساڵ ١، سلێمانی، چاپخانەی کامەران، شوبات ١٩٦٠، ل. ١٠٠.

١٥ - کۆنگرەی پێنجەمی پارتی دیموکراتی کوردستان، گۆڤاری ڕۆژی نوێ، ژمارە ٣، ساڵ ١، سلێمانی، چاپخانەی کامەران، حوزەیران ١٩٦٠، ل. ٥٦.

١٦ - کۆنگرەی دووەمی ناوخۆیی مامۆستایانی کورد لە شەقڵاوە، (سلێمانی – سەندیکای مامۆستایانی لقی سلێمانی – چاپخانەی ژین – ١٩٦٠)، ل. ١٠٩.

١٧ - لە دیدارێکی تایبەتدا سەرۆک تاڵەبانی وردەکارییەکانی دامەزراندنی (ی.ق.ک) ئاشکرا دەکات، گۆڤاری خەباتی قوتابیان، ئۆرگانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، ژمارە ١٠٩، هەولێر، چاپخانەی ڕۆکسانا، حوزەیران ٢٠١٢، ل. ٩.

١٨ - مام جەلال، تێکۆشەری خاوەن تایبەتمەندییەکانی باش و خەسڵەتە مرۆیی و سیفەتە کەم و ئەخلاقی بەرز، ڕۆژنامەی یەکێتی، ڕۆژنامەی ناوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ژمارە ٣٨٤، ساڵ ٨، سلێمانی، هەینی، ٥ ئاب ٢٠٠٠، ل. ٣.

١٩ - مام جەلال، بە بۆنەی تێپەڕبوونی ٤٦ ساڵان بەسەر دامەزراندنی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، ڕۆژنامەی یەکێتی، ڕۆژنامەی ناوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ژمارە ٣٠٦، ساڵ ٧، سلێمانی، هەینی، ١٩ شوبات ١٩٩٩، ل. ٥.

٢٠ - ناوەکانی ئەندامانی کۆنگرەی دووەمی ناوخۆیی مامۆستایانی کورد لە شەقڵاوە، گۆڤاری هەتاو، ژمارە ١٨٤، ساڵ ٧، هەولێر، چاپخانەی کوردستان، چوارشەممە، ٣١ ئاب ١٩٦٠، ل. ١٩.

٢١ - ناوەکانی ئەو مامۆستایانەی کە لە کۆنگرەی دووەمی مامۆستایانی کورد لە شەقڵاوە لە ١٥ - ١٧ ئاب ١٩٦٠ بەشدار بوون، ڕۆژنامەی دەنگی کورد، ژمارە ١٩، ساڵ ١، شاری به‌غدا، چاپخانەی مەهاباد، دووشەممە، ٢٢ ئاب ١٩٦٠، ل. ٣.

٢٢ - نەوزاد فوئاد ڕەشید، دەستە گوڵ لە مێژووی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستاندا، بەرگی دووەم، (هەولێر – مەکتەبی سکرتاریەت – یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان – چاپخانەی وڵات – ٢٠١٨)، ل. ١٤.