ژیاننامە

خەیروڵا عەبدولکەریم عەبدول، لە ساڵی 1912 لە قەڵای هەولێر لەدایک بووە. لە ساڵی 1930 دا چووەتە پەیمانگای مامۆستایانی شاری بەغدا و پاش تەواوکردنی خوێندن وەک مامۆستا لە قوتابخانەی سەرەتایی کۆیە دامەزراوە. لە ساڵی 1937 دا کۆلێژی سەربازی لە شاری بەغدا تەواو کردووە.

 

لە ساڵی 1946 لەگەڵ ساڵحە عەبدولمەناف سەعید شەکاک (1932 - 2001) هاوسەرگیری کردووە و لە ساڵی 1947 تاکە کچەکەی کە ناوی هەرێمی بوو، بەهۆی سەرمایەوە لەسەر پردی گادەر کۆچی دوایی کردووە و هەر لەوێ بە خاک سپێردراوە. پاش شکست هێنانی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1947 دەگەڕێتەوە عێراق و لە زیندانی ناوەندی شاری بەغدا دەستبەسەر دەکرێت و هەر لەوێش لە سێدارە دەدرێت. شارەزای زمانەکانی کوردی، عەرەبی، تورکمانی، ئینگلیزی و فارسی بووە.

خەباتنامە

خەیروڵا عەبدولکەریم عەبدولسەلیم، لە ساڵی 1939 دا ئەندامی کۆمەڵەی دارکەر بووە و لە هەمان ساڵدا پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی هیوای کورد کردووە. لە ساڵی 1945 بۆ بەردەوامیدان بە خەبات پەیوەندی بە شۆڕشی دووەمی بارزانی کردووە و ئەندامی لێژنەی ئازادی بووە و پاش شکست هێنانی شۆڕشی دووەمی بارزانی ڕووی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە. لە 19ی ئابی 1945 دادگای عورفی سەربازی بەهۆی بەشداریکردن لە شۆڕشی دووەمی بارزانی (1943 - 1945) فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی هەموو داراییە گوازراوە و نەگوازراوەکانی بۆ دەرکردووە.

 

لە ساڵی 1946 دا دەستەی دامەزرێنەری پارتی دیموکراتی کورد بووە لە شاری مەهاباد و هەمان ساڵ لە کۆماری دیموکراتی کوردستان بە فەرمانی سەرکردایەتی پلەی سەربازی بۆ نەقیب (پێشەنگ) بەرز کراوەتەوە و وەک فەرماندە لە سوپای کۆماردا لە بەرەی گەلی قاسمڵۆ خزمەتی کردووە.

 

لە ساڵی 1946 دا پاش شکست هێنانی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە ژێر فەرماندەیی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی (1903 - 1979) دا ڕووبەڕووی سوپای ئێران بووەتەوە. لە 10ی نیسانی ساڵی 1947 یەکێک لەو ئەفسەرانە بووە کە بەهۆی دژواری و نەخۆشی گرانەتا لەسەر پردی گادەر خۆی ڕادەستی پۆلیسی عێراق کردووە و لە سەرەتادا ئەویان بردووە بۆ شاری هەولێر و پاشان بۆ زیندانی ناوەندی لە شاری بەغدا گواستراوەتەوە و لەگەڵ هاوڕێکانی دەستبەسەر کراون. پێشتر و لە ساڵی 1945 دا لە دادگای سەربازیدا بڕیاری لەسێدارەدانی دەرچووبوو. بۆ ئەو مەبەستە پاش خۆڕادەستکردن، چەندین کەسایەتی و خەڵکی ناودار دەچنە شاری بەغدا و داوای جێبەجێنەکردنی سزای لەسێدارەدانی دەکەن. لە سەرەتادا بڕیار وابوو لە سێدارە نەدرێت، بەڵام لە ساڵی 1947 دا جاری دووەم لە دادگاییکردنێکی ساختەدا سزای پێشوو بەسەریدا سەپێنراوە و لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە 19ی حوزەیرانی 1947 لە حەوشەی زیندانی ناوەندی بەغدا لە بەرچاوی دەستبەسەرکراوانی کورد لە سێدارە دراوە و تەرمەکەیان ناردووەتە شاری هەولێر. بە هەزاران کورد لە بەردەم دەرگای زیندانەکەدا بەشدار بوون لە بەڕێکردنی تەرمەکەی لە زیندانی ناوەندی بەغداوە بۆ شاری هەولێر و لە گۆڕستانی بەش بەرمارک لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر بە ئامادەبوونی پارێزەر عەونی یوسف ئەحمەد (1908 - 1988) ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کورد بە خاک سپێردراوە. بەر لە هەڵواسین، ئەو بە خۆی و سێ لە هاوڕێکانی وەسیەتنامەیەکیان بۆ گەل نووسی کە تێیدا هەڵوێستی خۆیان بۆ ئازادی نیشتمان دووپات کردووەتەوە.

 

لەسێدارەدانی شەهید خەیروڵا و هاوڕێکانی کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و پارتی کۆمۆنیستی عێراقی بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕای خۆی بۆ لەسێدارەدانیان دەربڕی. پارتی گەل (پارتی ئەلشەعب) لە ئۆرگانەکەی خۆیدا دژی لەسێدارەدانیان ناڕەزایی خۆی دەربڕی. شاعیری مەزنی کورد پیرەمێرد شیعری کۆستی نوێی بۆ نووسین و فایەق بێکەسیش بەم بۆنەیەوە شیعرێکی بە ناونیشانی قەومی کورد نووسی کە پاشان بووە سروود و لە شاری سلێمانی خوێندراوەتەوە. هەروەها زۆربەی ئەفسەرە کوردەکانی ناو ڕیزەکانی سوپای عێراق بە شەهیدکردنیان دڵتەنگ بوون.

 

لە ساڵی 1959 دا و لە یەکەمین سەردانی خۆی بۆ شاری هەولێر، سەرۆک مستەفا بارزانی تاجەگوڵینەیەکی لەسەر گۆڕی شەهید خەیروڵا دانا و لە 20ی حوزەیرانی 1998 دا بە ئامادەبوونی پارێزەر موحسین دزەیی نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی، لە شاری هەولێر پەردە لەسەر پەیکەری ناوبراو لادرا.

سەرچاوە:

1- عوسمان عەلی، دراسات فی الحرکة الکردیة المعاصرة 1833 - 1946 دراسة تاریخیة وثائقیة (هەولێر ـ مەکتەب ئەلتەفسیر ـ مەتبەعە ئەلسەقافە 2003).

2- مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆنگرە و کۆنفرانس (بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ)، دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرگی یەکەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆکسانا - 2021).

3- وەلید حەمدی، الکرد و کوردستان فی الوثائق البریطانیة دراسة تاریخیة وثائقیة، (لەندەن ـ مەتبەعە سجیلی ئەلعەرەب 1992).

4- عەزیز شەمزینی، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی کوردستان، وەرگێڕانی فەرید ئەسەسەرد، (بێ شوێن ـ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ـ دەزگای ڕاگەیاندن ـ چاپخانەی شەهید ئیبراهیم عەزۆ - 1984).

5- عەقیلە ڕەواندزی، ساڵحە خان خێزانی شەهید خەیروڵا عەبدولکەریم، گۆڤاری شاووشکا، ناوەندی شاووشکای چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان، ژمارەی 2 هەولێر، سەرماوەزی ساڵی 2002.

6- مەهدی محەمەد قادر، پێشهاتە سیاسییەکانی کوردستانی عێراق 1945 - 1958، (سلێمانی ـ ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی کوردستان 2005).

7- بەکر بەرزنجی، کەسایەتییە ناودارەکانی کورد، بەرگی نۆیەم، (بەیرووت ـ بنکەی ڕۆشنبیری لوبنانی بۆ چاپ و پەخش و وەرگێڕان و دابەشکردن 2012).

8- شێرزاد عەبدولڕەحمان، ئێستاش بە یادگاری ئەو پیاوە دەژیم کە بە ڕووی سێدارەدا پێدەکەنی!، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ یەکگرتوو، ژمارەی 2805، هەولێر، یەکشەممە 4 نیسانی 1999.

9- عەبدولهادی ڕەحمان قەساب، شەهید خەیروڵا عەبدولکەریم هەندێک تێبینی و ڕاستی، ڕۆژنامەی بارزانی نیوز، ژمارەی 74 هەولێر، یەکشەممە 6 تەمموزی 2008.

10- حەبیب محەمەد کەریم، تاریخ الحزب الدیمقراطي الکردستاني ـ العراق (فی محطات رئیسیة) 1946 - 1993، (دهۆک ـ مەتبەعە خەبات 1998).

11- حوسێن مستەفا، الـبارزانیون وحرکات بارزان 1932 - 1947، الطبعة الثانیة، (بەغدا ـ دار ئافاق عەرەبییە لۆل سەحافە وەل نەشر 1983).

١٢- عەدنان نەقشبەندی، وەفا بۆ شەهیدان لە ڕێچکەی بارزانیی نەمر، ڕۆژنامەی خەبات، ئۆرگانی حزب دیموکراتی کوردستان - یەکگرتوو، ژمارە ٩٨١، هەولێر، هەینی ٢٣ حوزەیرانی ٢٠٠٠.

١٣- عەلی عەبدوڵڵا، مێژووی حزب دیموکراتی کوردستان - عێراق هەتا سازکردنی کۆنگرەی سێیەم، (بێ شوێن - ئەیلوولی ١٩٦٨).

١٤- فەیسەڵ ڕەسووڵ خۆشناو، ژیاننامەی ئەفسەرانی کورد، بەشی یەکەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - ٢٠١٨).

١٥- کەریم شارەزا، هەڵوێستە نیشتمانییەکانی شەهید خەیروڵڵا عەبدولکەریم، ڕۆژنامەی خەبات، ئۆرگانی حزب دیموکراتی کوردستان - یەکگرتوو، ژمارە ٩٨٠، هەولێر، هەینی ١٦ حوزەیرانی ٢٠٠٠.

١٦- کەریم شارەزا، پەروەردەکار و ئەفسەری کوردپەروەر شەهید خەیروڵڵا عەبدولکەریم ١٩١٢ - ١٩٤٧، گۆڤاری شارەوانی، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، ژمارەی ٢١ هەولێر، کانوونی یەکەمی ٢٠١٣.

١٧- مەسعوود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی یەکەم، چاپی دووەم، (بەیرووت - کاوا بۆ کەلتووری کوردی ١٩٩٧).