لەدایکبووی سەلیم ئەسعەد خۆشەوی ساڵی ١٩٤٣ لە گوندی بێرا کەپرا سەر بە ناحیەی شێروان مەزن لە پارێزگای هەولێر، تا پۆلی سێیەمی ناوەندی خوێندوویەتی، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ساڵی ١٩٧٥ پەنای بردووەتە بەر ئێران و لە شاری کەرەج نیشتەجێ بووە، جگە لە زمانی دایک شارەزای زمانی فارسییە.
ساڵی ١٩٦١ پەیوەندی بە هێزی پێشمهرگهی سەر بە شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە، لە سەرەتای پەیوەندیکردنی تا ساڵی ١٩٦٤ پاسەوانی تایبەتی بارزانی نەمر بووە، لە ساڵی ١٩٦٤ بووەتە فەرماندەی هێزی ئامێدی، لە ماوەی شۆڕشی ئەیلوول بەشداری لە چەندین شەڕدا کردووە لەوانە شەڕی زاوێتە- جۆم جیهان لە نێوان زاخۆ و دهۆک، شەڕەکانی سیدەکان و باڵەکایەتی و دەشتی دیانا و دۆڵەڕەقە و چیای سەفین و ناوچە جیاجیاکانی سلێمانی و ساڵی ١٩٧٤ بەشداری لە شەڕی گەلی دهۆک کردووە.
ساڵی ١٩٦١ لە شەڕی زاوێتە بە پارچە گوللەیەک بریندار بووە، ساڵی ١٩٦٩ بووەتە ئەندامی لێژنەی ناوچەی ئامێدی سەر بە لقی یەک، ساڵی ١٩٦٤ نوێنەر بووە لە کۆنگرەی شەشەمی پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵی ١٩٧٠ دوای ڕێککەوتنی ١١ی ئازار بە پلەی نەقیب کراوەتە فەرماندەی فەوجی سێیەم بۆ پاسەوانی سنوور لە فڕۆکەخانەی بامەڕنێ.
ساڵی ١٩٧٦ پەیوەندی بە هێزی پێشمهرگهی سەر بە شۆڕشی گوڵان کردووە و فەرماندەی هێزی خەبات بووە لە زێوەی ڕوژههلاتی کوردستان، ساڵی ١٩٧٩ نوێنەر بووە لە کۆنگرهی نۆیهمی پارتی دیموكراتی كوردستان.
ساڵی ١٩٩١ بەشداری لە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان کردووە، ساڵی ٢٠١٠ نوێنەر بووە لە کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرۆک مەسعود بارزانی لە هەمان کۆنگرەدا میدالیای بارزانی نەمرى پێ بەخشیوە، ئێستاش ئەندامی لێژنەی باڵای ناوچەی بارزانە.
سەرچاوە:ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان


