ئامێدی شارێکی مێژووییە لە باشووری کوردستان، بە دووریی ٩٠ کم بەرەو ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆکە، لەسەر کێوێکی بەردین هەڵکەوتووە کە دیمەنێکی زۆر سەرنجڕاکێشی بە سروشتەکەی بەخشیوە[1]، لە درێژایی مێژووی شۆڕشی ڕزگاریخوازی، ناوچەکە شایەتیی چەندین داستان و قارەمانێتیی هێزی پێشمهرگه بووە لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا [2]ئەمەش ئەوە دەردەخات کە خەڵکی ئامێدی و ناوچەکانی دەوروبەری، وەک سەرجەم ناوچەکانی تری کوردستان، تینووی ئازادین و دژی حوکمی دیکتاتۆری بوون.
لە درێژەی شەڕ و چالاکییەکانی شەڕی پارتیزانیی هێزی پێشمهرگهى سەر بە لێژنەی ناوچەی ئامێدیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان، هەروەها بۆ ئەوەی بە بەرپرسی بەعسییەکان بگەیەنن کە شۆڕش لە چالاکییەکانی بەردەوامە و لە بەدەستهێنانی ئەو مافانە سڵ ناکاتەوە.
بۆ ئەم مەبەستە هێزی پێشمهرگه پلانی بۆ ئەوە دانا کە ژمارەیەک لە بارەگا و بنکەی چەکدارانی سەر بە ڕژێمی بەعس لە ناوچەکەدا بکاتە ئامانج، لە ٨ی ئۆکتۆبەری ١٩٨٥ هێرشی کردە سەر ژمارەیەک لە بنکەی بەکرێگیراوان، هێزی پێشمهرگه لەم هێرشەدا کۆنتڕۆڵی سێ بنکەی ئەو هێزانەی کرد و زیانی زۆری پێ گەیاندن لەگەڵ بەدیلگرتنی ژمارەیەک لێیان و دەستکەوتنی چەک و کەرەستە، ئەمەش لە نامەی لێژنەی ناوچەی ئامێدی بۆ سەرکردایەتیی شۆڕش ڕەنگیدایەوە، کە تێیدا سەرجەم زانیارییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی بنکەی چەکدارانی پێ ڕاگەیاندبوون[3].
لە چوارچێوەی هەمان ئۆپەراسیۆندا، هێزی پێشمهرگه کۆنتڕۆڵی سێ بنکەی تری چەکدارانی بەکرێگیراوی سەر بە حکوومەتی بەعسی لە ناوچەکەدا کرد، لە نێویاندا چەکدارانی سەر بە (چیا دیوالی دۆسکی)، تەرمی سێ بەکرێگیراو لە گۆڕەپانی شەڕەکە بەجێ مان و سێ شەڕکەری تریش بەدیل گیران، هێزی پێشمهرگه لەو زنجیرە شەڕەدا دەستی بەسەر (٥) چەکی کڵاشینکۆف و دوو ئامێری بێتەل، لەگەڵ تفەنگێکی ڕەشاشی دێگتیارۆڤدا گرت.
یەکێک لە پێشمهرگهکان بە ناوی (موسڵح نیعمەت غازی) کە سەر بە ڕێکخستنی شەهید شەعبان غەفار بوو، لە هێرشی پێشمهرگه بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی هێزە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی بەعس شەهید بووە، پێشمهرگەیەکی تریش بریندار بوو، جێگەی باسە ڕۆژنامەنووسێک بە ناوی (گین ڕۆبێرت) شانبەشانی پێشمهرگه بەشداری کردووە و دیمەنەکانی شەڕەکەی بە کامێرای ڤیدیۆی سینەمایی تۆمار کردووە.
سەرکەوتنی هێزی پێشمهرگه لەم هێرشەدا دەنگدانەوە و کاریگەریی لەسەر بێزارکردنی هێزەکانی حکوومەت هەبوو، بە جۆرێک سەرکردایەتیی شۆڕشی ناچار کرد بێتە سەر هێڵ و نامەیەکی پیرۆزبایی بۆ هێزی پێشمهرگه بنێرێت.
سەرچاوەکان:- https://ckb.wikipedia.org/wiki/%D٨%A٦%D٨%A٧%D٩%٨٥%DB%٨E%D٨%AF%DB%٨C
- مەسعوود بارزانی: بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی چوارەم، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بەشی دووەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕوکسانا، ٢٠٢١.
- هۆژین مەسعوود سەرنی، شۆڕەشا ئیلوونێ ل دەڤەرا بەهدینان ١٠٦١- ١٩٧٥، چاپى یەکەم، ٢٠١٨.
[1] https://ckb.wikipedia.org/wiki/%D8%A6%D8%A7%D9%85%DB%8E%D8%AF%DB%8C
[2] هۆژین مەسعوود سەرنی، شۆڕەشا ئیلوونێ ل دەڤەرا بەهدینان ١٠٦١- ١٩٧٥، چاپى یەکەم، ٢٠١٨، ل١١٨، ١٧٢.
[3] مەسعوود بارزانی: بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی چوارەم، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بەشی دووەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕوکسانا، ٢٠٢١، ل٦٢.


