لە ساڵی ١٩٨٧دا، لە زۆربەی ناوچەکانی باشووری کوردستان، سنووری چالاکی و هەڵمەتەکانی پێشمهرگه بۆ سەر بنکە و بارەگا و سەرجەم ئەو شوێنانەی کە بە سەنگەری سەربازی و چەکداریی هێزەکانی عێراق دەوردرابوون، ئەوەندە فراوان بوو کە تەنانەت دەزگا سەربازییەکانی حکومەتی عێراقیشی خستبووە ئامادەباشییەوە، هەرچەندە لە زۆر کات و شوێنی جیاوازدا سوپا، جاش و سەرجەم هێزەکانی عێراق هێرشیان بۆ سەر ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی پێشمهرگهدا بوون ئەنجام دەدا، بەڵام هێرش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی حکومەت کەمترین کاریگەرییان لەسەر ڕاگرتنی چالاکییەکانی پێشمهرگه هەبوو، بەپێچەوانەوە چالاکییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبوون.
بەو ئامانجە لە ساڵی ١٩٨٧دا لە بارەگای لقی یەکی حزب دیموکراتی کوردستان (پارتی) لە کۆماتێی دەڤەری بادینان کۆبوونەوەیەک لەلایەن بەرپرسانی پێشمهرگهوە ئەنجامدرا، لە کۆبوونەوەکەدا هێزێکی پێشمهرگه بە سەرپەرشتی مەلا محەمەد و جێگرەکەی زێوێی پێکهێنرا، لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی یەکینەکانی پێشمهرگه، بۆ ئەوەی گورزێک لە هێزە سەربازییەکان بوەشێنن و هێرش بکەنە سەر بارەگا و بنکە سەربازی و چەکدارەکانیان، دوای ئەوەی هێزی پێشمهرگه گەڕانەوە سنووری چالاکییەکانی خۆیان، لەسەر چالاکی و شوێنەکان گفتوگۆ و دانوستان کران، بۆ ئەمجارە یەکێک لە ڕەباکانی سەربازیی سوپای عێراق لە بەرامبەر شارۆچکەی شێلادزێ لەسەر ئاوی زێ دیاریکرا[٣]، دیارە ئامانجی ئەو خاڵە سەربازییانەی کە حکومەت لەو شوێنانە دایمەزراندبوون، سەروەریی دەڤەرەکە و ڕێگریکردن بوو لە جووڵەی پێشمهرگه.
هێزی پێشمهرگه پلانێکیان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەی پێیان سپێردرابوو ئامادە کرد، بۆ هێرشەکە کاتژمێری سفر دیاریکرا، ئەو شەوەی کە بۆ هێرشکردنە سەر خاڵە سەربازییەکە دیاریکرابوو لە کات و شوێنی دیاریکراودا ئەنجامدرا، کاتێک هێرشی پێشمهرگه دەستیپێکرد، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا توانییان ڕەباکە کۆنتڕۆڵ بکەن، لە پەلامارەکەدا سەرجەم سەربازانی ناو ڕەباکە کوژران و سەرجەم چەکەکانیان کە کڵاشینکۆف بوون دەستیان بەسەردا گیرا، دوای جێبەجێکردنی ئەرکە گرنگەکەیان، پێشمهرگه لە دەڤەرەکە کشانەوە و بەبێ زیان گەڕانەوە بارەگای لق لە کۆماتێ.
جێگەی ئاماژەیە کە سەرجەم چالاکییەکانی لەم شێوەیەی هێزی پێشمهرگه پەیامێک بوو بۆ دەسەڵاتدارانی بەعس کە شۆڕشی کورد بۆ بەدەستهێنانی مافە دیموکراتییەکانی خۆی دەستبەرداری ئەو ڕێگەیە نابێت کە ساڵانێکە بۆی تێدەکۆشێت و قوربانی بۆ دەدات.
سەرچاوە:-
مەسعود بارزانی: بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی ٤، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بەشی ٢، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕوکسانا، ٢٠٢١.
-
محەمەد موراد: خەباتی چیا، بیرەوەری و سەرکێشییەکانی شۆڕشی گوڵان لە نێوان ساڵانی (١٩٧٦-١٩٨٩)، چاپخانەی کوردستان – زاخۆ، ٢٠٠٧.
-
شیمال زێباری: چەند ڕاستییەکی شاراوە لە شۆڕشی گوڵان دا، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر.


