لە زنجیرەی شەڕەکانی شۆڕشی ئەیلوولی شکۆمەنددا، لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق، لە 25ی حوزەیرانی 1965 شەڕێکی گەورە لە ناوچەی چوارتا و چیای ئەزمەر، سەر بە پارێزگای سلێمانی، ڕوویدا. چوارتا ناوەندی قەزایەکی گرنگ و ستراتیژی بوو بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.
ئامادەکارییەکان
لە 25ی حوزەیرانی ساڵی 1965، سوپا بە بەشداریی دوو لوا، (پێنجەم) و (بیستەم)، بە مەبەستی دەستگرتن بەسەر ناوچەکە و بەدواداچوونی هێزەکانی پێشمەرگە، هێرشی بردە سەر چیای ئەزمەر لە کاتێکدا هێزەکانی پێشمەرگە چاوەڕوانییان نەدەکرد. شەڕەکە زۆر توند و خوێناوی بوو و تەنها یەک ڕۆژ بەردەوام بوو؛ سوپای عێراق هێزەکانی پێشمەرگەی شکاند و تەواوی چیای ئەزمەر و ناوچەی چوارتای داگیر کرد.
ئەم سەرکەوتنەی سوپای عێراق بەهۆی نەتوانینی هێزەکانی پێشمەرگە بوو لە بەرگریکردن لە ناوچەکە. بە بەراورد لەگەڵ شەڕەکانی تر، پێشمەرگە زۆر بەرگریی نەکرد. سەرکەوتنی سوپای عێراق کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر مەعنەویاتی گەل بە گشتی و پێشمەرگە بە تایبەتی هەبوو؛ لە بەرامبەردا سوپای عێراق بە سەرکەوتنەکەی لەو شەڕە شانازی دەکرد.
سەرچاوە:١- ئەرشیفی دەستەی موسووعەی پارتی دیموکراتی کوردستان.


