ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شۆڕشی کورد لە سەرەتاوە پەنایان بۆ هونەری کوشتنی کورد بە دەستی کورد برد، ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر لە بەرژەوەندیی ڕژێمی عێراقدا بوو لە ڕووی دەسەڵات و بەهێزکردنی پێگەکەیەوە، لە ڕووی چەکدارکردنی عەشیرەتەکان و بەکارهێنانیان وەک هێزێکی شەڕکەر لە تەنیشت سوپاى عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی شۆڕشی کورد[1]. جگە لە چاندنی تۆوی ناکۆکی و دوژمنایەتی و دروستکردنی کێشەی کۆمەڵایەتی لە نێوان عەشیرەت و چینەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، بێگومان ئەم هەڵوێستە لە بەرژەوەندیی حکوومەت و زیان بە کورد بوو، بێگومان ئەمە لە چوارچێوەی سیاسەتی دابەش بکە و زاڵ بە، بوو، چەکدارەکان لەسەر شێوەی گرووپ و فەوج ڕێکدەخران کە حکوومەت ناوی نابوون سوارچاکانی سەلاحەدین[2]، بەڵام لەلایەن شۆڕش و پێشمه‌رگه‌وە بە (جاش) ناسرابوون[3] چونکە بە دڵسۆزییەوە لە تەنیشت هێزە سەربازییەکانی حکوومەت خزمەتی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقیان دەکرد، بۆیە هێزی پێشمه‌رگه‌ بەرەنگاریان دەبوونەوە و وەڵامی هێرشەکانیانی دەدایەوە[4].

لەو هێرشانەی کە هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵوێستی بەکرێگیراوان (جاشەکان) ئەنجامیان دا، شەڕی باکرمان بوو کە یەکێک بوو لە چالاکییەکانی شەڕی پارتیزانیی هێزی پێشمه‌رگه‌ کە ئێوارەی ٢٩ی ئاداری ١٩٨٣ لە ناوچەکانی شەرمن و باکرمان ڕوویدا، کاتێک هێزێکی پێشمه‌رگه‌ى سەر بە لێژنە ناوچەییەکانی ئامێدی و ئاکرێ و شێخان و هێزێکی سەر بە سەرکردایەتی هێرشیان کردە سەر چەند بنکەیەکی چەکدارانی بەکرێگیراو (جاشەکان)، هێرشەکە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بەردەوام بوو، لەو دوو کاتژمێرەدا هێزی پێشمه‌رگه‌ توانییان ئامانجەکە وەک پلانی بۆ دانرابوو بپێکن، لە ئەنجامدا چەکدارانی بەکرێگیراو تووشی زیانی گیانیی قورس بوون، شەعبان غەفار بێدوهی لە هێزی پێشمه‌رگه‌ لەگەڵ چوار پێشمه‌رگەی تر شەهید بوون.

سەرچاوەکان:
  1. مەسعوود بارزانی: بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی چوارەم، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بەشی دووەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕوکسانا، ٢٠٢١.
  2. هۆژین مەسعوود سەرنی: شۆڕەشا ئیلوونێ ل دەڤەرا بەهدینان ١٩٦١- ١٩٧٥، چاپی یەکەم، ٢٠١٨.
  3. موهەنەد عەلی فەرحان ئەلجبووری: عشائر بارزان و دورها فی العراق(١٩٠٣-١١٩٥٨)، الطبعة الاولی المطبعة دانشفه‌ڕ- ٢٠٢٣.
  4. حاجی میرخان دۆڵەمەری: گەڕان بەدوای دادپەروەریدا، چاپی دووەم، چاپخانەی ئەسرا، - تاران، ٢٠٢١.

[1] موهەنەد عەلی فەرحان ئەلجبووری: عشائر بارزان و دورها فی العراق(١٩٠٣-١١٩٥٨)، الطبعة الاولی المطبعة دانشفه‌ڕ- ٢٠٢٣، ص٣٠٠.

[2] هۆژین مەسعوود سەرنی: شۆڕەشا ئیلوونێ ل دەڤەرا بەهدینان ١٩٦١- ١٩٧٥ ، چاپی یەکەم، ٢٠١٨. ل١٨٩.

[3] حاجی میرخان دۆڵەمەری: گەڕان بەدوای دادپەروەریدا، چاپی دووەم، چاپخانەی ئەسرا، - تاران، ٢٠٢١، ل٣٢٧. ‌         

[4] مەسعوود بارزانی: بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی چوارەم، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بەشی دووەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕوکسانا، ٢٠٢١، ل٦٠.