حکومەتی عێراق بەردەوام سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بوو بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستاندا، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە دەنگۆی بوونی هێزی پێشمەرگەی لێبوو، چونکە ڕژێمی بەعس بۆ ماوەی چەند ساڵێک یەکێک لە شۆڕشە مەزنەکانی کوردی بە پلانێکی نێودەوڵەتی لە ٦ی ئازاری ١٩٧٥ کۆتایی پێهێنابوو(١). حکومەت خەونی ئەوەی دەبینی کە هەرگیز هێڵی شۆڕشگێڕی لە کوردستان زیندوو نەبێتەوە. ئەو هێزی پێشمەرگەیەی کە لە هەر گۆشەیەکی ناوچەکە سەریانهەڵدەدا، حکومەتی بەعس هێزی دروستکرد و ئۆپەراسیۆنی ڕێکخست و هەڵمەتی سەربازیی بۆ سەر ئەوان دەستپێکرد بە مەبەستی لەناوبردنیان.

یەکێک لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی کە سوپای عێراق بە پشتیوانی بەکرێگیراوان (جاش) بۆ کپکردنی دەنگی شۆڕش ئەنجامیدا، هێرشکردنە سەر ناوچەی مانگێش لە باکووری دهۆک(١) بوو، کە هێرشێکی بەرفراوان بوو بۆ سەر دەوروبەری کمیسیۆنی ناوچەی دهۆکی پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی) لە ئابی ١٩٨٤ بۆ کۆتاییهێنان بە هێزی پێشمەرگە و دەرکردنیان لە ناوچەکە، بەڵام پێشمەرگە بەرپەرچی هێرشەکەی دایەوە و ڕێگری لە پێشڕەوی هێزە گەورەکانی حکومەت کرد، دوای شەڕێکی گەرم پێشمەرگە توانی زیانی گیانی زۆر بە سوپا و بەکرێگیراوان بگەیەنێت کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە بەکرێگیراوان کوژران و بریندار بوون و زۆریان بە دیل گیران، لە شەڕی نێوان گوندەکانی گەڵنەسکێ و ئەڵندکێ، ژمارەیەک بەکرێگیراو کوژران، عەبدوڵڵا زێباری، برای لەتیف زێباری لەنێو کوژراوەکاندا بوو(١). 

بە ڕوونی، لەلایەکەوە ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی حکومەتی عێراق دژی ئەو ناوچانەی کە چالاکییە شۆڕشگێڕییەکانیان لێبوو، ئەنجامی دەنگدانەوە و بەردەوامی خەبات و شۆڕشی بەدەستهێنابوو، لەلایەکی دیکەشەوە حکومەت نەیتوانیوە ئەو ئامانجە بەدەستبهێنێت کە حکومەت بۆ ماوەی دەیان ساڵ لە سەرجەم ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکاندا تا هاتنی بەعس بۆ دەسەڵات شەڕی بۆ کردووە، و هەموو ئەو شەڕ و داگیرکارییانە زیانی گەورەی گیانی بۆ حکومەتی بەعس لێکەوتەوە.

سەرچاوەکان:
  1. مه‌سعود بارزانی: بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆرشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١. 

  2. وه‌لی زوبیر هۆستانی: چه‌ند داستان و ڕووداو و به‌سه‌رهاتێك له‌ شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌كانی بارزاندا، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر- ٢٠١٧.