عەشقێ عەرەب بە ڕاگەیاندنی شۆڕشی ئەیلوول لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ لەلای حارس بێدارونی بووە پێشمهرگه و لەگەڵ بارزانیی نەمر لە چیای پیرس بووە. لە ساڵی ١٩٦٢ لەگەڵ بارزانیی نەمر پەڕیوەتەوە ناحیەی سۆران و باڵەک. عەشقێ عەرەب لەگەڵ هێزەکەی خۆی و بە فەرماندەیی حارس بێدارونی چوونەتە ناحیەی باڵەک و پشدەر. لەو کاتەی هێزی پێشمهرگه هێرشیان کردە سەر قشڵەی ڕایات، ناوبراو بۆ ڕێگریکردن لە هاتنی سوپای عێراق و جاشەکان بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر هێزی پێشمهرگه لەسەر قشڵەی ڕایات، لە چیای هەڵگورد هێزی پشتیوان بووە. لە هەمان ساڵدا گەڕاوەتەوە سرێشمە و لەوێوە چوونەتە چیای برادۆست و بارزان. لە ساڵی ١٩٦٣ بەشداریی لە شەڕەکانی بەرگریکردن لەو هێرشانە کردووە کە لەسەر ئەو ناوچانە دەکرا. لە ئەنجامی ئەو بەرگرییانەدا دوژمن ناچار بووە پاشەکشە بکات. لە هەمان ساڵدا لەگەڵ هێزەکەی حارس بێدارونی و بارزانی گەڕاوەتەوە ناحیەی سۆران و هەتا ساڵی ١٩٦٥ لە سەنگەسەر بووە. لە هەمان ساڵدا بۆ مەکتەبی سیاسی گواستراوەتەوە و ئەرکی پاسەوانیی بەشی پاراستنی شۆڕشی وەرگرتووە کە مەسعود بارزانی بەرپرسی بووە. هەتا ساڵی ١٩٧٤ لەو ئەرکەدا بەردەوام بووە و دواتر بووە فەرماندەی بەتالیۆنی یەک.
دوای شکستی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥ لە سەرەتادا لە کۆمەڵگەی ڕەبەت لە ناحیەی سەردەشت بووە و دواتر چووە نەغەدە و لەوێ بووە پاسەوانی ماڵی بارزانیی نەمر. لە ساڵی ١٩٧٩ پەیوەندی بە شۆڕشی گوڵان ەوە دەکات و لەگەڵ هێزی بارزان گەڕاوەتەوە زێوە و لەگەڵ دکتۆر سەعید ئەحمەد نادر چوونەتە بێدار و کەتینە و لەوێ بارەگای هێزیان دامەزراندووە و بە مەفرەزەی گەڕۆک زیانێکی گەورەیان بە پێگە و بنکەکانی ڕژێم گەیاندووە. دواتر لە ساڵی ١٩٨٨ بارەگاکەیان گواستووەتەوە هەیات و گەلی ڕەش. دوای ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی ناوچەی بادینان گەڕاوەتەوە ڕوژههلاتی کوردستان. لە ژیانی پێشمهرگایەتیدا بەشداریی دەیان شەڕی جیاجیای کردووە و لە شەڕەکانی چیای بەرژێوە لە دەڤەری باڵەک لە ساڵی ١٩٦٤ و چیای پیران لە ساڵی ١٩٨٤ و چیای وێرتێ و درەبی و شەڕی ڕەواندز لە ساڵی ١٩٩٥ بریندار بووە. باوک و برایەکی لە شەڕی چیای بێداروون لە ساڵی ١٩٣٧ شەهید بوون. برایەکی تری لە ساڵی ١٩٨٨ لە پشتی گوندی کەکلە لە دەڤەری مێرگەسۆر شەهید بووە. لە کۆنگرەی ١٣ی ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی ەوە مەدالیای بارزانیی نەمر-ی وەرگرتووە. ئێستا بە پلەی عەقید لەناو ڕیزە سەربازییەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە بارزان بەردەوامی بە خەباتەکەی دەدات.
سەرچاوە:١. ئەرشیفی دەستەی ئەنسیکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.


