مەحموود ئەحمەد ڕوستەم ساڵی ١٩٦٥ لە گوندی کانیسکان لە بناری چیای سوورێن سەر بە ناحیەی خورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە لەدایکبووە، سەرەتا گوندنشین بووە و کاری کشتوکاڵی کردووە، بەڵام دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ڕژێمی عێراق گوندەکەیانی وێران کردووە و بە زۆرەملێ بۆ کۆمەڵگەی باریکەی نزیک قەزای سەید سادق ڕاگوێزراون، مەحموود ئەحمەد هاوسەرگیری لەگەڵ حەپسە عەبدوڵڵا کردووە و باوکی کچێک بووە بە ناوی باخان.
ساڵی ١٩٨١ بووەتە کادری لێژنەی ناوچەی پێنجوێنی سەر بە لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، ساڵی ١٩٨٤ بۆ ماوەی یەک ساڵ لە بەشی سەربازی لێژنەی ناوچەی دەربەندیخانی سەر بە لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندی بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە کردووە، ساڵی دواتر واتە لە ساڵی ١٩٨٥ بە فەرمانی بەرپرسی لقی چواری پارتی بۆ لێژنەی ناوچەی پێنجوێن گواستراوەتەوە و بووەتە بەرپرسی خانەی پێنجەمی ناوچەکە، لە هەمان کاتدا بووەتە بەرپرسی چالاکییەکانی شەڕی نەهێنی لە ناو شاردا.
بەشداری لە کۆمەڵێک چالاکی و ئۆپەراسیۆنی شەڕی نەهێنی کردووە، دیارترینیان هێرشکردنە سەر بنکەی پۆلیسی سەید سادق، هێرشکردنە سەر ڕێکخستنی قەرەگوڵ، کەمینی قەرەگوڵ.
لە ساڵی ١٩٨٨ مەحموود ئەحمەد ڕوستەم و ژمارەیەک لە هاوسەنگەرانی پێشمەرگەی کەمینێکیان بۆ کاروانێکی سەربازی سەربازانی ڕژێمی بەعس لەسەر ڕێگای نێوان هەڵەبجە و سلێمانی نزیک گوندی قەرەگوڵ لە دەشتی شارەزوور دانا، لەم ئۆپەراسیۆنەدا توانییان کاروانەکە تێکبشکێنن و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازی بسووتێنن، مەحموود ئەحمەد ڕوستەم هەڵگری ئار پی جی بووە و ڕۆڵێکی دیاری لە سووتاندنی ئەو ئۆتۆمبێلانەدا هەبووە، دوای ئەم چالاکییە گەورەیە، بە فەرمانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەمنی بەغدا، دەستەیەک لە ئەمنی سلێمانی و هێزێکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە ئۆپەراسیۆنەکە و دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی ڕاسپێردران، بۆیە مەحموود ئەحمەد ڕوستەم و ژمارەیەک لە هاوسەنگەرانی پێشمەرگەی لە سەید سادق و دەوروبەری دەستگیرکران، ئەوانیش: فەهمی حەمە ڕەحیم، جەبار ئەحمەد ساڵح، محەمەد حەمە کەریم، خالید عەلی، وەلی مەحموود عوسمان، دوای ساڵێک لە دەستگیرکردنیان لە زیندانی ناسراو بە (ئەمنە سوورەکە) لە شاری سلێمانی، بۆ دادگاییکردن گواسترانەوە بۆ ئەمنی گشتی کەرکووک، پاشان بۆ زیندانی ئەبوغرێب بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا.
مەحموود ئەحمەد ڕوستەم و هاوسەنگەری پێشمەرگەی محەمەد حەمە کەریم دوای لەسێدارەدانیان لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٨٩ لە زیندانی ئەبوغرێب شەهید بوون.
سەرچاوە:ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


