ژیاننامە

مەشیر ڕەسووڵ حاجی، لە ساڵی ١٩٥١ لە گوندی گوانی سەر بە ناحیەی دیانا لەدایک بووە، بەهۆی نەبوونی قوتابخانە نەچووەتە بەر خوێندن، بەڵام دواتر فێری خوێندن و نووسین بووە، لە ساڵی ١٩٧٥دا پاش تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول کۆچبەری ئێران بووە و لە شاری کرماشان نیشتەجێ بووە، دواتر بۆ شاری ئەهواز گواستراوەتەوە. لەوێشەوە گواستراونەتەوە خانەقین و بردوویانن بۆ شاری کەربەلا، دوو مانگ لە شاری نەجەف لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە گیراوە. زمانەکانی کوردی، عەرەبی و فارسی دەزانێت.

خەباتنامە

مەشیر ڕەسووڵ حاجی لە ساڵی ١٩٦٦دا بە ڕێگەی حەمید ئەفەندی تێکەڵی پێشمه‌رگه‌کانی شۆڕشی ئەیلوول دەبێت، لە یەکەی یەکەمی هێزی باڵەک بووە پێشمه‌رگه، هەتا پەیمانی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ لەسەر ئەرکی خۆی مایەوە و چالاکییەکانی پێشمه‌رگه‌ی بەردەوام کرد. لە ساڵی ١٩٧٤دا کاتێک شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان شۆڕش و سوپای عێراق لە نوێوە دەستی پێ کردەوە، لە سەری بەردێ لەسەر ئەرکی خۆی بوو، لە شەڕی چیای گۆڕەزدا بەشدار بووە، لەم شەڕەدا دوو ئامۆزای بە ناوەکانی عەبدولواحید حەمەد لاو و وەسو حەمەد لاو شەهید بوون، ئەویش بە گرانی بریندار بوو. بۆ چارەسەرکردن ڕەوانەی شاری ورمێ کراوە.

لە ساڵی ١٩٧٨دا، پاش ئەوەی مۆڵەتی پێ درا، گەڕایەوە گوندی خۆی گوانی، بەڵام دیسان بە ڕێگەی حەمید ئەفەندی پەیوەندی بە هێزەکانی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی گوڵان کرد، لەگەڵ چەند خزمێکی خۆی چوونە گەلی گۆستێ کە دەکەوێتە نێوان باکوور و باشووری کوردستان. پاش ئەوەی تێکەڵی هێزەکانی پێشمه‌رگه بوو، پلەی فەرماندەی یەکەی وەرگرت، لە دەڤەرەکانی برادۆست و باڵەکایەتی پێشمه‌رگه بوو.

لە ٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٩دا بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی نۆیەمی حزب دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) چوو بۆ ڕوژهه‌لاتی کوردستان و لە گوندی زێوە بەشداری کۆنگرەی نۆیەمی کرد، هەتا ساڵی ١٩٨٠ لە ڕوژهه‌لاتی کوردستان مایەوە، پاشان گەڕایەوە باشووری کوردستان بۆ ئەوەی ئەرکەکەی جێبەجێ بکات، پاش ئەوەی بۆ کڕینی خۆراک و پێداویستییەکانی ڕۆژانە بۆ پێشمه‌رگه چوو بۆ گوندی شەپەتا لە باکووری کوردستان، دەکەوێتە چەمی ڕووبارۆک، بەڵام لە لایەن خەڵکی دەڤەرەکەوە ڕزگار دەکرێت. بەهۆی شەپۆلەکانی چەمەکەوە بریندار دەبێت و بەهۆی نەبوونی ناوەندی تەندروستی و چارەسەری پزیشکی، بە پێستی ئاژەڵ برینەکانی دەپێچرێت.

لە ساڵی ١٩٨١دا لە ناو هێزی پێشمه‌رگه‌دا پلەی فەرماندەی یەکەی وەردەگرێت، لە هەمان ساڵدا کاتێک لە نزیک گوندی کۆنەگوندی سەر بە ناحیەی مێرگەسۆر بە ئەرکی خۆی هەڵدەستا، کەوتە کەمینی سەرباز و جاشەکانی عێراقی و پاش بەرگرییەکی زۆر سەخت، بە زەحمەت ڕزگاری بوو.

لە ساڵی ١٩٨٥دا بۆ دەڤەری باڵەک گواستراوەتەوە و بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوچەی ڕواندزی سەر بە لقی سەربازی، هەتا ساڵی ١٩٨٨ لە ئەرکی خۆی بەردەوام بوو، لە هەمان ساڵدا بەشداری لە چەند شەڕێکدا کرد، لەوانە لە شەڕی وارتێ، کۆنەکۆتر، هیران و نازەنین. بەهۆی هێرشی کیمیایی بۆ سەر دەڤەری مەلەکان تووشی چەکی کیمیایی ببوو و بۆ ماوەیەک تووشی نەخۆشی تەنگەنەفەسی بوو.

لە ساڵی ١٩٩١دا بەشداری لە ڕاپەڕینەکانی سۆران، هەولێر و ئاکرێ بوو، لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی گەڕایەوە ڕانیە و لەگەڵ عومەر عوسمان مێرگەسۆری و جەمال مورتکە بە شێوەیەکی چالاک بەشداری ڕاپەڕینی هەولێری کرد.

لە ساڵی ١٩٩٢دا پاش دامەزراندنی هێزە یەکگرتووەکان لە ڕواندز، وەک فەرماندەی ئالایەک دەستنیشان کرا و هەتا ساڵی ١٩٩٤ ئەرکەکەی بەردەوام کرد، لە دامەزراندنی سوپای شەشەمدا بە فەرماندەیی مستەفا نەروی بۆ فەرماندەی فەوجی شەشەم دەستنیشان کرا. لە ساڵی ١٩٩٥دا بۆ لەشکری پێنجی سپیلکی ئەرکدار کرا و بەرپرسیاری جووڵەی سوپا بوو، لە ساڵی ١٩٩٩دا بوو بە ئەندامی فەرماندەیی هەڵگورد، ئێستاش بە پلەی لیوا ئەرکی خۆی بەردەوام دەکات.

لە ساڵی ٢٠١٤دا لە بەرەکانی مەحموودیە، زومار و باشیک لە دژی تیرۆریستانی داعش بەشداری شەڕی پاراستنی سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان بوو.

سەرچاوە:

١. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای حزب دیموکراتی کوردستان.