شەهید ڕەسووڵ ڕوستەم محەمەد لە ساڵی ١٩٣٢ لە ناحیەی قەڵادزێی سەر بە قەزای پشدەری پارێزگای سلێمانی لەدایک بووە، نیشتەجێی قەڵادزێ بووە و سەرقاڵی بازرگانی لە ناو بازاڕ دا بووە. ئاستی خوێندەوارییەکەی سەرەتایی بووە. ڕەسووڵ ڕوستەم خێزاندار بوو و خاوەنی دوو خێزان بووە بە ناوەکانی مروەت محەمەد و حەمین ڕەحمان و خاوەنی شەش کوڕ و هەشت کچ بووە. ڕەسووڵ ڕوستەم کوڕێکی بە ناوی فەقێ ڕەسووڵ لە ساڵی ١٩٨٨ لە سێدارە دراوە و شەهید کراوە. هەروەها بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعس لەسەر کەمپ و نیشتەجێگەی زێوەی وڵاتی ئێران لە ساڵی ١٩٨٥ دوو کوڕی بە ناوەکانی مەریوان ڕەسووڵ و شۆڕش ڕەسووڵ شەهید بوون و کچێکی بە ناوی پیرۆز ڕەسووڵ بە توندی بریندار بووە.
لە ساڵی ١٩٧٤ پەیوەندیی بە شۆڕشی ئەیلوول وە دەکات و دەبێتە پێشمهرگه لە بەتالیۆنی بێری مێرگەی سەر بە هێزی کاوەی پارتی دیموكراتی كوردستان کە لەو کاتە دا ئوسوو زێدەی فەرماندەی بەتالیۆنەکە بوو. لە ساڵی ١٩٧٤ بەشداری داستانی کێوە ڕەشی کردووە. لە دوای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سەربازانی ڕژێمی ئەو کاتەی عێراق فیشەک بەر ڕەسووڵ ڕوستەم کەوتووە و زۆر بە توندی بریندار بووە، هاوسەنگەرانی بۆ وەرگرتنی چارەسەری دەیگوازنەوە نەخۆشخانەی شاری تارانی وڵاتی ئێران، دوای دوو مانگ مانەوە لە نەخۆشخانە و وەرگرتنی چارەسەری بەهۆی سەختی برینەکەی ڕەسووڵ ڕوستەم شەهید دەبێت و لە گۆڕستانی گەنی بێورانێی سەر بە شاری سەردەشتی وڵاتی ئێران بە خاکیان سپاردووە. هەمان کات دا لەگەڵ برینداربوونی شەهید ڕەسووڵ ڕوستەم لە داستانی کێوە ڕەش هاوسەنگەرێکی بە ناوی حاجی بارزانی شەهید بووە و هاوسەنگەرێکی دیکەی بە ناوی سەردار پشدەری بە توندی بریندار بووە.
سەرچاوە:١. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان


