تەها حەدۆ جیجۆ ناسراو بە (تەها ڕەش)، لە گوندی بێڕۆخ سەر بە قەزای شەمزینان (باکووری کوردستان) لەدایک بووە ساڵی ١٨٩٠، پێش ئەوەی بچێتە یەکێتی سۆڤیەت هاوسەرگیری لەگەڵ سورم حاجی کردووە و کوڕێکیان بە ناوی (عیسا تەها) بووە، ساڵی ١٩٨١ کۆچی دوایی کردووە.
لاپەڕەکانی تێکۆشانیاوەری تەها حەدۆ جیجۆ لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ فەرماندە مستەفا بارزانی کرد بۆ یەکێتی سۆڤیەت، و بەشداری لە شەڕەکانی قەتوور و پردی ماکۆ کردووە، دوای ماندووبوونێکی زۆر و هیلاکبوونێکی توند، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ ڕووباری ئاراسی بەزاند، کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت.
دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ئەو و سەرجەم هاوسەنگەرانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگەیەکی کراوەدا کە بە تێلی دڕکدار دەورە درابوو و سەربازان پاسەوانییان دەکردن، دەستبەسەر کران، لە ڕووی خۆراک و جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، و بە بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت دابەش کران بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئەیولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ گواسترانەوە بۆ کەمپێک لەسەر دەریای خەزەر لە باکۆی پایتەختی کۆماری ئازەربایجان، لە ٢٣ی هەمان مانگ جلوبەرگی سەربازییان وەرگرت و ڕۆژانە هەشت کاتژمێر بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان مەشقی سەربازییان دەکرد، لە هەمان کاتدا ڕۆژانە چوار کاتژمێر لەلایەن هەندێک لە هاوسەنگەرە خوێندەوارەکانیانەوە وانەی زمانی کوردی‌یان دەخوێند.
دوای خراپ مامەڵەکردنی جەعفەر باقیرۆڤ لەگەڵ هاوسەنگەرانی، بارزانی بڕیاری دا لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ تجمەعە سەربازییەکەی لە ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی جەرجوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی ئۆزبەکستان، لەوێ بەردەوامییان بە مەشقە سەربازییەکانیان دا.
لە ئازاری ١٩٤٩، ئەو و هاوسەنگەرانی بە شێوەی گرووپ بە شەمەندەفەر دابەش کران بەسەر گوندە هاوبەشەکانی یەکێتی سۆڤیەت و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (ئەو زەوییەی خەڵک لە حکومەتی بەکرێ دەگرت و پاشان بەشێکیان وەک باج دەدایە حکومەت) کاریان کرد.
دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن فەرماندە بارزانییەوە بۆ ستالین، ستالین لە کۆتاییدا نامەیەکی پێگەیشت کە بارزانی تێیدا باسی ئازار و مەینەتی هاوسەنگەرانی کردبوو، دەستبەجێ بڕیاری دا کمیسیۆنێک بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوسەنگەرانی بارزانی پێکبهێنێت، بڕیاری کۆتایی کمیسیۆنەکە ئەوە بوو کە لە شاری فریفیسکی کۆبکرێنەوە، بۆیە لە تشرینی دووەمی ١٩٥١ ڕووی لە شاری فریفیسکی سۆڤیەت کرد.
دوای شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ و گەڕانەوەی فەرماندە مستەفا بارزانی لە ٢٥ی شوباتی ١٩٥٩، لێبوردنی گشتی ئەو و هاوسەنگەرانی گرتەوە بەپێی ماددەکانی (٣) و (٧) و بڕگەی (أ) لە ماددەی (١٠) و کارکردن بە ماددەی (١١) بەپێی یاسای ژمارە (١٩)ی هەموارکراو بۆ ساڵی ١٩٥٩.
کۆماری عێراق لە ساڵی ١٩٥٨ بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هاوسەنگەرانی بە کەشتیی کروزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرەی باشووری کۆماری عێراق گەڕانەوە کوردستان، بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول کردووە، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥ وەک پەنابەر ڕووی لە شانشینی ئێران کردووە و لە کۆمەڵگەی زێوە (ڕوژههلاتی کوردستان) نیشتەجێ بووە.
سەرچاوەکان:-
حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤ز).
-
شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣ز).
-
عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان ١٩٣١-١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - ٢٠٠١ز).
-
كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).
-
گۆڤاری هه‌تاو، ژماره ١٥٤، ساڵی شه‌شه‌م، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی كوردستان، هه‌ینی، ١٥ی نیسانی ١٩٥٩.
-
له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ به‌رزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
-
لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة ١٤ تموز ١٩٥٨ فی العراق، (بغداد - دارالرشید للنشر - ١٩٧٩م).
-
مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - ١٩٩٨ز).
-
نه‌جه‌ف قولی پسیان، له مهابادی خوێناوییه‌وه هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - ١٩٩٦ز).
-
ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


