حاجی شێخومەر بیروخی لە زستانی ساڵی ١٩١٦ لە گوندی بیروخی سەر بە ناحیەی شێروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، لە حوجرەی ئایینی خوێندوویەتی، دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان لە ساڵی ١٩٤٥ لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ زیندانی کراوە، دوای ئازادبوونی لە زیندان گەڕاوەتەوە زێدی خۆی و تێیدا نیشتەجێ بووە.
لە ساڵی ١٩٥٩ و دوای گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی، حاجی شێخومەر بیروخی جارێکی دیکە گەڕایەوە باشووری کوردستان، لە ساڵی ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول پەنای بۆ ئێران برد، لە گوندی جەلدیانی سەر بە قەزای شنۆ نیشتەجێ بوو، دواتر لەلایەن حکوومەتی ئەو کاتەی ئێرانەوە بۆ شاری یەزد دوورخرایەوە، خێزانەکەشی لە مانگی تەممووزی ١٩٧٦ لەو شارە پەیوەندییان پێوە کرد و یەکیان گرتەوە، لە ساڵی ١٩٨٩ کۆچی دوایی کرد.
لە ساڵی ١٩٤٣ پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمهرگهى سەر بە شۆڕشی دووەمی بارزان کرد و بوو بە فەرماندەی باڵ، لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٣ کاتێک مەلا مستەفا بارزانی لە سلێمانییەوە گەڕایەوە بارزان، هێزەکانی شۆڕشگێڕ بە سەرکردایەتی بارزانی چەند چالاکییەکی سەربازییان ئەنجامدا، یەکێک لەو چالاکییانە هێرشکردنە سەر بنکەی پۆلیسی گوندی (زێت) لە ناوچەی گەردییان بوو، حاجی شێخومەر بیروخی لەو ئەرکەدا سەرکەوتوو بوو.
لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٤٣ سوپاى عێراق بە مەبەستی تێکشکاندنی هێزی شۆڕشگێڕی بارزانییەکان لە ڕواندزەوە هێرشی کردە سەر ناوچەی گۆرتۆ، حاجی بیروخی وەک یەکێک لە فەرماندەکان بەشداری لە بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشەدا کرد. لە ١٠ی تشرینی دووەمی ١٩٤٣ بەشداری لە داستانی مەزنێ کرد، لە ٢٨ی ئابی ١٩٤٥ بەشداری لە شەڕی بادلیان-کۆنەگوند کرد، لە ٥ی ئەیلوولی ١٩٤٥ بەشداری لە داستانی مەیدانی مۆریک کرد و لەو داستانەدا بە سەختی بریندار بوو.
لە ساڵی ١٩٤٥ و دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان، حەجی بیروخی بەهۆی برینە سەختەکەیەوە نەیتوانی لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی بچێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆیە حکوومەتی عێراق دەستگیری کرد و دوای چوار ساڵ زیندانی هەوڵی ڕادەستکردنی بە جەندرمەی تورکیا درا، لە ساڵی ١٩٥٩ و دوای گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی لە یەکێتی سۆڤیەت، حاجی بیروخی چوو بۆ دیداری مەلا مستەفا بارزانی، ئەوەش سەرەتای پەیوەندیکردنی حاجی بیروخی.
بوو. لە ساڵی ١٩٦١، حاجی بیروخی لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی هۆزەکەی پەیوەندییان بە هێزی پێشمهرگهى سەر بە شۆڕشی ئەیلوول کرد، لە ١٦ی ئەیلوولی ١٩٦١ لە شەڕی چیای پیرس لە ئاکرێ دژی هێرشی سوپاى عێراق بۆ سەر ناوچەکانی هێزی شۆڕش بەشداری کرد. لە هەمان ساڵدا بەشداری لە داستانی لۆمانای ناوچەی بادینان کرد، لە ساڵی ١٩٦٢ بەشداری لە شەڕەکانی بێدوهێ و ئەتروش کرد.
لە ٢٨ی ئایاری ١٩٦٢، لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی گەڕایەوە ڕواندز و باڵەکایەتی، لە ٤ی نیسانی ١٩٦٢ ئەو و ژمارەیەک فەرماندەی دیکەی پێشمهرگه قەڵای ڕایات-یان لە ناحیەی حاجی ئۆمەران گەمارۆ دا، لە ئابی ١٩٦٢ دوای گەیشتنی بە ناوچەی خۆشناوەتی لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی بەشداری لە ئازادکردنی قەڵاکانی هێران و نازەنین کرد، بارەگاکەی لە هێران و نازەنین بوو، لە ٢٥ی ئەیلوولی ١٩٦٢، فەرماندەیی هێزی پێشمهرگهى بۆ ئازادکردنەوەی ناوچەی خواکورک لە قەزای سیدەکان کرد.
لە ٤ی شوباتی ١٩٦٣، یاوەری مەلا مستەفا بارزانی کرد بۆ ناوچەکانی ڕانیە و قەڵادزێ بۆ تێکشکاندنی خیانەتکاران، لە ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٦٣ وەک فەرماندە بەشداری لە شەڕی دەربەندی کۆرێ کرد، لە ١٣ی تەممووزی ١٩٦٣ بەشداری لە شەڕی سپیلک لە نزیک گوندی کەڵەکین کرد، لە ٢٤ی ئابی ١٩٦٣ بەشداری لە شەڕی گۆران کرد و وەک فەرماندە ڕۆڵێکی گەورەی لەو شەڕەدا هەبوو، لە ٣٠ی ئابی ١٩٦٣ لە کۆلاندەر لە چیای پیران بەرپەرچی هێرشێکی گەورەی سوپاى عێراقی دایەوە، لە ١٧ی ئەیلوولی ١٩٦٣ لەگەڵ هاوڕێ پێشمهرگهکانی بە سەرکردایەتی لوقمان مستەفا بارزانی هێڵی بەرگرییان لە گوندی شێوە دروست کرد و چەند شەڕێک لە نێوان هێزی پێشمهرگه و سوپا ڕوویدا.
لە کانوونی یەکەمی ١٩٦٤، یاوەری مەلا مستەفا بارزانی کرد بۆ ناوچەکانی پشدەر و ڕانیە، لە ساڵی ١٩٦٥ تا ساڵی ١٩٧٠ حاجی بیروخی ڕۆڵی فەرماندەیەکی ئازا و ژیر بۆ ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمهرگه و بەرگری دژی هێرشەکانی سوپاى عێراق بۆ سەر چیای زۆزک و گەلی عومەر ئاغا و سەرتێز و گەلی بێشە گێڕا.
لە ٦ی نیسانی ١٩٦٦ فەرماندەیی هێزی پێشمهرگهى بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی سوپاى عێراق بۆ سەر گەلی عومەر ئاغا وەرگرت، لە ساڵی ١٩٦٧ دوای دامەزراندنی هێزی باڵەک، حاجی بیروخی بوو بە فەرماندەی فەوجی یەکی ئەو هێزە، لە ساڵی ١٩٦٨ ناوچەکانی نێوان ڕووباری موساکا تا گەلی عومەر ئاغا و چیای زۆزک و گەلی بێشە و چیای سەرتێز و ڕێگای هامڵتۆن خرانە ژێر سەرپەرشتی حاجی بیروخی.
لە ساڵی ١٩٧٤ دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ لە نێوان هێزی پێشمهرگه و سوپاى عێراق، بەرپرسی میحوەرەکانی چیای زۆزک و دەشتی دیانا و گەلی عومەر ئاغا و چیای سەرتێز بوو، زۆربەی هێرشەکانی سوپاى عێراقی تێکشکاند، تا ساڵی ١٩٧٥ هێزی پێشمهرگه لەو شوێنانە بڵاوەیان پێکرابوو بۆ ڕێگریکردن لە پێشڕەویی سوپاى عێراق بۆیان.
لە ساڵی ١٩٨٠ جارێکی دیکە پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمهرگهى سەر بە شۆڕشی گوڵان کرد، هێزێکی ٩٠ پێشمهرگهیی پێکهێنا، بۆ ئەنجامدانی چالاکیی سەربازی لە ناوچەی خانییەوە بەرەو ناوچەی کۆپەر و لەوێشەوە بەرەو دۆڵی توویی بەڕێکەوتن، چەندین گورزی بەهێزیان لە سوپاى عێراق لە حاجی ئۆمەران وەشاند، خەبات و قوربانیدانی بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی تووشی نەخۆشی بوو.
سەرچاوە:ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان


