سالی ١٩٧٥ ساڵێكی شووم بوو له‌ مێژووی كوردستان، چونكه‌ نه‌ك شۆڕش به‌ڵكو ئومێدی رزگاریش به‌جارێ هه‌ره‌سی پێ هێنرا، شكست ڕوچووه‌ ناو سه‌نگه‌ر و هه‌ناوی كۆمه‌ڵ و گیانی هه‌موو كوردێك، تروسكه‌ هیوایه‌ك نه‌ما كه‌ بتوانێ به‌ ئه‌سته‌م به‌رچاوی خه‌ڵك ڕوون بكاته‌وه‌، ده‌یان هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی دڵسۆزی شۆڕش دووچاری سه‌رگه‌ردانی و ماڵوێرانی بوونه‌وه‌ و له‌ناخی خۆیاندا حه‌سره‌ت و ئازاریان ده‌كیشا. 

       دیاره‌ ئه‌و دۆخه‌ هه‌ر ته‌نها ساڵێكی خایاند كاتێ كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی ١٩٧٦ سه‌ركردایه‌تی شۆڕش خۆی ڕیكخسته‌وه‌و جارێكی دیكه‌ زه‌نگی ده‌سپێكی شۆڕشێكی دیكه‌ی چه‌كداری لێدایه‌وه به‌ڕووی نه‌یاران و ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ پلانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ره‌سیان به‌ شۆڕشی ئه‌یلوول هێنا، ئیتر جارێكی تر هیوا و ئومێد بۆ شۆڕشگێران گه‌ڕایه‌وه‌ و چاڵاكیه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ شوێنه‌ جیاوازه‌كانی باشوری كوردستان ڕووی له‌ هه‌ڵكشان كرد. له‌ ڕاستیدا زۆرن ئه‌و شەڕ و داستانانه‌ی كه‌وا پێشمه‌رگه‌ له‌ مێژووی شۆڕشی گوڵاندا له‌ زۆر ناوچه‌ی كوردستان تۆماریان كرد، توانیان گورزی گه‌وره‌ به‌و پێگه ‌و سه‌ربازگه ‌و دام و ده‌زگایانه‌ بسره‌وێنن كه‌ ده‌كه‌وته‌ به‌ر سێره‌ی چه‌كه‌كانیان،

      یه‌كێك له‌ داستانه‌ گه‌وره‌ و مێژووییه‌كان كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌ تۆمار كرا داستانی كانی سیف و چۆمه‌ره‌سی چیای قۆچه‌ بوو له‌سه‌ر رێگای سه‌ید سادق – پێنجوێن‌‌، له‌ ٢٠ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٨٠، كاتێ كه‌ هێزێكی پێشمه‌رگه‌ به‌ چه‌كی سوكی شانیان له‌گه‌ڵ هێزێكی سوپای عێراقی پڕ چه‌كی قوڕس و سوك كه‌وته‌ شەڕه‌وه، وێڕای ئه‌و هێزه‌ی كه‌ له‌شەڕه‌كه‌ ڕووبه‌ڕووی پێشمه‌رگه‌ بوونه‌وه‌، حكومه‌تی عێراق به‌ هۆی هه‌لیكۆپته‌ره‌وه‌ هێزێكی زۆری دیكه‌شی له‌ ناوچه‌كه‌ دابه‌زاند بۆ پاڵپشتی هێزه‌كانی، به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ جێگای ترسی پێشمه‌رگه‌ و سارد بوونه‌وه‌ له‌ شەڕ به‌ڵكو به‌رده‌وامیان دایه‌ جه‌نگ تاكو توانیان گورزێكی گه‌وره ‌و كاریگه‌ریان لێ بوه‌شێنن، له‌ ده‌ره‌نجامی كۆتایی ئه‌و داستانه‌دا ژماره‌یه‌كی زۆری سه‌ربازی سوپای عیراق كوژرا‌ن و زۆریشیان بریندار بوو، هه‌روه‌ها ئه‌فسه‌رێك به‌ پله‌ی نه‌قیبی فرۆكه‌وانی به‌ناوی ئه‌حمه‌د ئیسماعیل عه‌قیلی به‌ دیلی كه‌وته‌ ده‌ستی پێشمه‌رگه‌وه‌.

       به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای داخه‌ و په‌رده‌ی‌ شه‌رمه‌زاریه‌ به‌ڕووی خه‌بات و قوربانیدان له‌ پێناو ئامانجێكی پیرۆز، هه‌ڵوێستی نه‌شیاو و په‌رته‌وازه‌ییه‌ له‌ شۆڕشدا، هه‌ر دوای كوتایی هاتنی شەڕه‌كه‌ و سه‌ركه‌وتنی پێشمه‌رگه‌ له‌و داستانه‌دا به‌ سه‌ر سوپای عێراق، هێزێكی سه‌ربه‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ ناوچه‌ی كانی مانگاوه‌ له‌ پڕێكدا په‌یدا بوون، له‌ دواوه‌ په‌لاماری هێزی پێشمه‌رگه‌یاندا، ‌دوای شه‌رێكی گه‌رم و خویناوی دوو پێشمه‌رگه‌ به‌ ناوه‌كانی محه‌مه‌د وه‌رده‌واڵه‌ و ئازاد شێخ قادر شه‌هید بوون. 

     سه‌رچاوه‌كان:
  1. جه‌مال فه‌تحوڵله‌ ته‌یب: بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد له‌ باشوری كوردستان ١٩٧٦-١٩٨٠، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی شه‌هاب، هه‌ولێر-٢٠١٢. 

  2. غازی عادل گه‌ردی: پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ خزمه‌ت بارزانیدا، به‌رگی دووه‌م، چاپی دووه‌م، توركیا- ٢٠٢١.

  3. مه‌سعود بارزانی: بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١.