لە محەمەد عەبدولکەریم محەمەد ناسراو بە حەمە گریزەیی ساڵی ١٩٥١ لە گوندی گریزەی سەر بە قەزای سەید سادق لەدایک بووە، جووتیار بووە و کاری کشتوکاڵی کردووە، ساڵی ١٩٨١ لەگەڵ براکەی حەمە ساڵح شەهید بوون، حەمە گریزەیی دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول پەنای بۆ ئێران بردووە و لە کۆمەڵگەی دەربەند دەزلی نیشتەجێ بووە، دوای گەڕانەوەیان بۆ کوردستان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بۆ باشووری عێراق ڕاگوێزراون و لە شاری دیوانییە نیشتەجێ بوون، هاوسەرگیری لەگەڵ گوڵچین فاروق کردووە و باوکی سێ کوڕ و کچێک بووە (سالار، سوارە، سۆران، چنور).
لە ساڵی ١٩٦٧ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی کەرتى سێیەمی فەوجی نۆیەم (شەهید دلشاد) سەر بە هێزی خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە و شێخ محەمەد باساکی لەو کاتەدا فەرماندەی کەرتەکە بووە و فەتاح ئاغا فەرماندەی فەوجەکە بووە، ساڵی ١٩٦٩ بووەتە فەرماندەی کەرت، ساڵی ١٩٧٤ لە شەڕی چیای سەرتێز بە سەختی بریندار بووە.
ساڵی ١٩٧٩ بۆ جاری دووەم پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵانەوە کردووە لای عەبدوڵڵا ئاغا لە هێزی هەورامانی پارتی دیموکراتی کوردستان.
لە ٤ی ئەیلوولی ١٩٨١ دوای تەواوبوونی یەکێک لە چالاکییەکان لە دەشتی شارەزوور، ویستی لەگەڵ هاوڕێکانی بەرەو گوندی گریزە بەڕێکەون بۆ پشوودان و گواستنەوەی هەندێک پێداویستی بۆ شاخ، بەڵام پێش گەیشتنیان بە گوندی گریزە کەوتنە کمینێکی هێزێکی یەکێتی نیشتمانی و دوای ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوولا حەمە گریزەیی و براکەی حەمە ساڵح شەهید بوون.
سەرچاوە:ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


