شەهید ئەحمەد عەلی ئەحمەد مستەفا، یەکێک بوو لە پێشمەرگەکانی شۆڕشی گوڵان، لە ماوەی خەباتیدا لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا سێ جار بریندار بووە، پلەی فەرماندەی فەوجی سەر بە هێزی هەورامانی وەرگرتووە، ساڵی ١٩٨٧ لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای ڕژێمی بەعس لە چیای زەردەی ناوچەی قەرەداغ شەهید بووە.
ئەحمەد عەلی ئەحمەد مستەفا ناسراو بە ئەحمەد شێخ عەلی لە ساڵی ١٩٥١ لە ناحیەی بیارەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە لەدایکبووە، دانیشتووی بیارە بووە، کاری کشتوکاڵ و باخەوانی کردووە، هاوسەرگیری لەگەڵ سەهام مەجید کردووە، سێ کوڕ و دوو کچیان هەبووە (سیروان، هێمن، عومەر، ئامینە، مریەم)، کچەکەی مریەم لە بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجە لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ شەهید بووە.
ساڵی ١٩٨١ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی هێزی هەورامانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە، بەهۆی کەسایەتییە کۆمەڵایەتییە بەهێزەکەی لە ناوچەی هەورامان و شاری هەڵەبجە، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان و فەرماندەی هێزی هەورامان گواستیانەوە بۆ بارەگای لقی چواری پارتی.
لە ماوەی خەباتیدا لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا سێ جار بریندار بووە، یەکەمیان لە گوندی تەپەکۆرەی دەشتی شارەزوور لە ساڵی ١٩٨٣، دووەمیان لە گوندی شێرەمەڕی دەشتی شارەزووریش لە ساڵی ١٩٨٤، دواجار لە ساڵی ١٩٨٦ لە گوندی بەشارەتی دەشتی شارەزوور بە سەختی بریندار بووە و شەش فیشەکی بەرکەوتووە.
ساڵی ١٩٨٥ پلەی فەرماندەی فەوجی سەر بە هێزی هەورامانی پارتی دیموکراتی کوردستانی وەرگرتووە، لە مانگی نیسانی ١٩٨٧ لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای ڕژێمی بەعس لە چیای زەردەی ناوچەی قەرەداغ شەهید بووە.
سەرچاوە:ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان


