لە سەرەتای گەنجیدا بووە ئەندامی پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا. لە ساڵی ١٩٦٤، لە تەمەنی نزیکەی ٢٥ ساڵیدا سەردانی کوبای کرد و لەگەڵ فیدێل کاسترۆ کۆبووەوە. لە ساڵی ١٩٦٦ بەهۆی هەوڵدان بۆ لابردنی سکرتێری پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا لە پارتەکە دەرکرا. لە ساڵی ١٩٦٨ بووە ئەندامی کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور و لەلایەن خاچی سوورەوە لە ماوەی شەڕی ناوخۆی نایجیریا بۆ بیافرا چوو.

لە ساڵی ١٩٧١، دوای بەدەستهێنانی ئەزموون لەگەڵ خاچی سووری نێودەوڵەتی، ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنووری دامەزراند کە یارمەتی بریندار و نەخۆشەکانی ناوچە گەمارۆدراوەکان لە ماوەی شەڕی ناوخۆدا دەدا. دواتر بەهۆی جیاوازیی بۆچوون لەگەڵ سەرۆکی ڕێکخراوەکە، پزیشکانی بێ سنووری بەجێهێشت.

لە ساڵی ١٩٨٠ ڕێکخراوێکی دیکەی بۆ هەمان مەبەست بە ناوی پزیشکانی جیهان( Médecins du Monde) دامەزراند. لە ساڵی ١٩٨٠، لە ماوەی شەڕی ناوخۆی لوبنان و کاتی گەمارۆدانی کەمپی پەنابەران لە ڕۆژهەڵاتی بەیرووت، لە نزیکەوە لەگەڵ شیعەکان و ئیمام موسا سەدر کاری کرد. لە ساڵی ١٩٨٣ لەگەڵ گرووپێک گەیشتە ناوچەی ئالانە لە نێوان سنووری ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و بریندار و نەخۆشەکانی نەخۆشخانەیەکی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی چارەسەر کرد. لە ساڵی ١٩٨٦، کاتێک شەڕ لە باشووری کوردستان و بیافرا و ئەسیوبیا و سودان هەڵگیرسا، دکتۆر بێرنارد کوشنێر بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی ئەو ناوچانە چوو. لە سۆماڵ کیسە برنجی بۆ برسییەکان دەگەیاند و بەدەستیان دەدا تا لە مردن ڕزگاریان بکات؛ ئەو کارانە لە سەرانسەری جیهان کەسایەتییەکی خۆشەویستی لێ دروست کرد.

لە ساڵی ١٩٨٨ و لە سەردەمی سەرۆکایەتی فرانسوا میتران، بووە ئەندامی پارتی سۆسیالیستی فەرەنسا. لە ١٩٩٢-١٩٩٣ وەزیری تەندروستی لە حکومەتی سۆسیالیستی فەرەنسا بوو. لە ساڵی ١٩٩٤ بە ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا هەڵبژێردرا. لە ساڵی ١٩٩٧ وەک نوێنەری فەرەنسا بە ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا هەڵبژێردرا و لە هەمان ساڵدا، دوای ماوەی بەرپرسیارێتییەکەی لە پەرلەمانی ئەورووپا، دووبارە بە وەزیری تەندروستی دانرا و تا ساڵی ١٩٩٩ لەو پۆستەدا مایەوە.

لە ساڵی ١٩٩٩ تا ٢٠٠١ نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆسۆڤۆ بوو. لە ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٢ جارێکی دیکە پۆستی وەزیری تەندروستی فەرەنسای گرتە ئەستۆ.

لە هەڵبژاردنەکانی فەرەنسا لە ساڵی ٢٠٠٧، بێرنارد کوشنێر پشتیوانی لە ماریا سێگۆلین ڕۆیاڵ لە بەرامبەر نیکۆلا سارکۆزی کرد. ماریا هەڵبژاردنەکەی بەرامبەر سارکۆزی دۆڕاند و دوای پێکهێنانی حکومەت، بێرنارد بە وەزیری کاروباری دەرەوەی فەرەنسا دانرا و تا ساڵی ٢٠١٠ لە پۆستەکەیدا مایەوە.

دکتۆر بێرنارد کوشنێر بە دۆستێکی نزیکی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان و نەتەوەی کورد دادەنرێت و لە قۆناغە مێژووییە جیاوازەکاندا هەڵوێستی لەبارەی کورد و کوردستان هەبووە. بۆ نموونە، پێش تیرۆرکردنی عەبدولڕەحمان قاسملوو، بێرنارد کوشنێر زانیبووی کۆماری ئیسلامی پلانی تیرۆرکردنی هەیە؛ بۆیە پێی گوتبوو وریابێت و لە کاتی هاتوچۆدا پاسەوانێکی لەگەڵ بێت. دوای دەستپێکردنی قۆناغەکانی ئەنفال، ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور توانی بگاتە ناوچە ئازادکراوەکان و یارمەتی پزیشکی بە هێزەکانی پێشمەرگە بدات. سەرۆکی ڕێکخراوەکە بێرنارد کوشنێر، دۆستی نزیکی کورد، و فریدریک تیسۆ لەگەڵی بوون و بوونە پاڵپشت و پشتیوانی کوردستان.

لە ساڵی ١٩٩١، دوای کۆچی ملیۆنیی گەورەی گەلی باشووری کوردستان، بێرنارد کوشنێر و دکتۆر فریدریک تیسۆ ڕۆڵێکی کاریگەریان لە داڕشتنی بڕیاری ژمارە ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دیاریکردنی ناوچەی قەدەغەی فڕین لە باشووری کوردستان هەبوو.

دوای ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی عێراق، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فەرەنسا چووە قۆناغێکی بەهێزتر. بێرنارد کوشنێر کاتێک وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بوو ڕۆڵی هەبوو و لە یەکی حوزەیرانی ٢٠٠٨ نووسینگەی نوێنەرایەتی فەرەنسای لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە فەرمی کردەوە. سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بەخێرهاتنیان کرد.

لە ئایاری ٢٠١٠ و بە بانگهێشتی بێرنارد کوشنێر، فیلمی «پشیلە ئێرانییەکان» لە سینەمای وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە پاریس و بە ئامادەبوونی ٥٠٠ بەرپرسی کەلتووری و سیاسی فەرەنسی و میدیا و ڕاوێژکاران نمایش کرا. دکتۆر بێرنارد کوشنێر دیپلۆمات و سیاسەتمەدارێکی ناسراوی فەرەنسی و نێودەوڵەتی و هاوسۆز بە دۆزی کوردە. لە ١٥ی ئاداری ٢٠١٣ لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانییەوە، بۆ خزمەت و هەوڵەکانی لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان، میدالیای بارزانی پێبەخشرا.

سەرچاوە:

- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.