حەمە ڕەشید محەمەد عەبدولڕەحمان، ناسراو بە (حەمەی خورشە) لە گوندی سەرشاتە لە ناوچەی تاگۆزی لە پارێزگای هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٥٠ لەدایکبووە، جووتیار بووە و کاری کشتوکاڵی کردووە، قۆناغی سەرەتایی تەواو کردووە، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول پەنای بۆ ئێران بردووە و لە شاری جوانڕۆ نیشتەجێ بووە، هاوسەرگیری لەگەڵ خاوەر ئەحمەد کردووە و کوڕ و کچێکیان بووە (ناسر و شونم).
لە ڕیزەکانی پێشمەرگە لە کەرتی پێنجی فەوجی حەوتی بیارە لە هێزەکانی خەبات سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەست بووە، کە حوسێن بەگی وکیلی جوانڕۆ لەو کاتەدا فەرماندەی کەرتەکە بووە، بەشداری لە چەندین شەڕدا کردووە لەوانە: شەڕی زۆزک، شەڕی سەرتێز، شەڕی سەرتەکی بەموو، شەڕی هەڵەبجە، شەڕی دەربەندیخان، شەڕی خانەقین و شەڕی بانی بۆڵان.
دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول و پەنابردنی بۆ ئێران، ساڵی ١٩٧٦ جارێکی دیکە لە ڕیزەکانی پێشمەرگە لە فەوجی تاگۆزییەکان پەیوەست بووە، کە قادر حەمە ساڵح تاگۆزی سەرکردایەتی دەکرد، ساڵی ١٩٧٧ لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای عێراق لە شەڕی بانی بۆڵانی سەر بە ناحیەی بەموو لە پارێزگای هەڵەبجە بە سەختی بریندار بووە.
ساڵی ١٩٧٩ بەرپەرچی هێزێکی گەورەی سەرباز و چەکدارە بەکرێگیراوەکانی جاشەکانی ڕژێمی عێراقی لە گوندی کانی ژنان لە ناوچەی تاگۆزی داوەتەوە، لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەکەدا حەمە ڕەشید محەمەد (حەمەی خورشە) و یەکێک لە هاوڕێ پێشمەرگەکانی (عەبدولڵا ئەحمەد) دەستگیرکران، گواسترانەوە بۆ زیندانی موسڵ، دوای سێ مانگ لە دەستگیرکردنیان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا و لە زیندانی شارەکەدا شەهید بوون، ئەو یەکێکە لە شەهیدە بێ گۆڕەکان.
سەرچاوە:ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


