مەحمود عەلی عوسمان، بە ناوەکانی (د. مەحمود، د. مەحمودی سۆرانی و د. مەحمود عوسمان) ناسراوە. لە کۆنگرەکانی 6،7 و 8 ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بووە. لە کۆنگرەی هەشتەمدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 1964دا بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستان و دواتر بووەتە ئەندامی نووسینگەی جێبەجێکار (المکتب التنفیذی)ی ئەو ئەنجومەنە. لە 15ی نیسانی 1967 وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەری کۆنفرانسی سەربازی ـ سیاسی کانی سماق (هەولێر) بووە. لە 10ی کانوونی دووەمی 1970 ئەندامی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە بۆ دانوساندن لەسەر ئۆتۆنۆمی باشووری کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی پارتی بەعسی عەرەبی سۆسیالیست لە بەغدا. لە 11ی ئاداری 1970 ئەندامی شاندی کوردی بووە بۆ ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ئۆتۆنۆمی کوردستان و لەو ڕێوڕەسمەدا لە بەغدا وتاری سەرۆک مستەفا بارزانیی خوێندووەتەوە. لە 12ی حوزەیرانی 1988 بە نوێنەرایەتی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (PSK) لە بارەگای خواکوڕکی پارتی کۆمۆنیستی عێراق لە ناوچە ئازادکراوەکانی پارێزگای هەولێر واژۆی لەسەر پەیڕەو و بەرنامەی بەرەی کوردستانی کردووە. لە 30ی کانوونی دووەمی 2005 بە ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی گواستنەوەی عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانی کوردستانی ژمارە 130 هەڵبژێردراوە.
ژیاننامە
مەحمود عەلی عوسمان بە ناوی د. مەحمود عوسمان ناسراوە و لە ساڵی 1938 لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. قۆناغی سەرەتایی لە بیارە و سلێمانی و قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە شاری سلێمانی تەواو کردووە. لە ساڵی 1961 کۆلێژی پزیشکی گشتی لە زانکۆی بەغدا تەواو کردووە و بەکالۆریۆسی پزیشکی وەرگرتووە. لە ساڵی 1961 بۆ یەکەمجار کلینیکەکەی لە شاری سلێمانی کردووەتەوە. لە سەرەتای ساڵی 1974 ئەمینداری گشتی ئەمینداری تەندروستی و کاروباری کۆمەڵایەتی شۆڕشی ئەیلوول بووە. لە ساڵی 1975 دوای شکستی شۆڕشی ئەیلوول وەک پەنابەر چووەتە ئێران. شارەزای زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و فەرەنسی و فارسییە.
تێکۆشاننامەلە ساڵی 1953 پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەکێتی قوتابیانی (خوێندکارانی) کوردستانەوە کردووە. لە ساڵی 1954 پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە. یەکێک بووە لە ڕێبەرانی خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران لە بەغدا. لە ساڵی 1955 لە کۆنگرەی دووەم ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بووە. لە ساڵی 1956 بووەتە سکرتێری یەکێتی قوتابیانی کوردستان. لە ساڵی 1956 بووەتە ئەندامی لێژنەی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستان. لە 21ی ئاداری 1957 بەشداری ئاهەنگی نەورۆزی بەغدای کردووە. لە ساڵی 1959 لە کۆنگرەی چوارەمی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ عێراق بەهۆی پابەندنەبوون لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەرکراوە. مەحمود عەلی عوسمان لە ساڵی 1962 پەیوەندی بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە کردووە. لە ئاداری 1963 پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزە پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە و لە ناوچەی بارزان خزمەتی کردووە. لە ساڵی 1964 مامۆستای تەنها قوتابخانەی ناوەندی شۆڕشی ئەیلوول لە گەڵاڵە بووە. هەر لە ساڵی 1964 لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە لە کۆنگرەی شەشەم بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە و لە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیدا بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. هەمان ساڵ بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستانی عێراق و هەر لەو ساڵەدا بووەتە ئەندامی نووسینگەی جێبەجێکار (المکتب التنفیذی)ی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستانی عێراق.
لە ساڵانی (1965 - 1967) بەرپرسی تۆڕێکی نهێنیی پاراستن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق بووە. لە ساڵی 1965 بووەتە بەرپرسی دارایی نووسینگەی جێبەجێکاری سەر بە ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستانی عێراق. لە ساڵی 1966 لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی حەوتەمەوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. دواتر لە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیدا بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 1966 دووبارە بووەتە سکرتێری نووسینگەی جێبەجێکار (المکتب التنفیذی)ی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستانی عێراق. لە ساڵی 1966 بووەتە ئەندامی لێژنەی پەیوەندییەکانی نووسینگەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستانی عێراق. هەمان ساڵ، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دەرەکییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی پاریسی کردووە. لە 15ی نیسانی 1967 لەژێر سەرپەرشتی سەرۆک مستەفا بارزانی، وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەری کۆنفرانسی سەربازی ـ سیاسی کانی سماق (هەولێر) بووە. هەر لە ساڵی 1967 بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دەرەکییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بە نوێنەرایەتی سەرۆک مستەفا بارزانی سەردانی واشنتۆنی کردووە.
لە ساڵانی (1968 - 1969) مامۆستای وانەی شۆڕشی هاوچەرخی کورد و مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانی شۆڕش بووە. لە ساڵی 1968 بەرپرسی بەشی زانیاری و تەندروستی سەر بە نووسینگەی جێبەجێکار (المکتب التنفیذی)ی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستانی عێراق بووە. لە ساڵی 1968 مامۆستای وانەی شۆڕشی هاوچەرخی کورد و مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خولی یەکەمی پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانی شۆڕش بووە. هەر لە ساڵی 1968 بە سکرتێری دووەمی نووسینگەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستانی عێراق دیاری کراوە. لە ساڵانی (1968 - 1969) مامۆستای وانەی مێژووی شۆڕشی کوردی هاوچەرخ لە خولی یەکەمی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوندی چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر بووە. لە 31ی گولانی 1968 وەک مامۆستای خول بەشداری ئاهەنگی کۆتایی خولی یەکەمی تەندروستی گشتی لە گوندی ماکۆسان (هەولێر)ی کردووە. لە ساڵی 1969 بووەتە بەرپرسی بەشی تەندروستی و زانیاری (الصحیة والمعارف) لە نووسینگەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستانی عێراق. لە ساڵی 1969 مامۆستای وانەی بیرکاری و فیزیا لە قوتابخانەی ناوەندی گەڵاڵە بووە.
لە ساڵی 1969 بە ڕاسپاردەی سەرۆک مستەفا بارزانی دەستی بە ئامادەکاری بۆ ڕێکخستنەوەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و بەستنی کۆنگرەی سێیەمی ئەو یەکێتییە کردووە. لە ساڵی 1969 مامۆستای وانەی شۆڕشە هاوچەرخەکان لە خولی دووەمی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوندی چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر بووە. لە ساڵانی (1969 - 1970) سەرۆکی شاندی دانوساندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ پارتی بەعسی عەرەبی سۆسیالیستی دەسەڵاتدار لە کۆماری عێراق بووە، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئۆتۆنۆمی بۆ باشووری کوردستان. لە 10ی کانوونی دووەمی 1970 ئەندامی شاندە نۆ کەسییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە بۆ دانوساندن لەسەر ئۆتۆنۆمی باشووری کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی پارتی بەعسی عەرەبی سۆسیالیست لە شاری بەغدا. لە 11ی ئاداری 1970 ئەندامی شاندی کوردی بووە بۆ ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ئۆتۆنۆمی کوردستان و لەو ڕێوڕەسمەدا لە شاری بەغدا وتاری سەرۆک مستەفا بارزانیی خوێندووەتەوە. لە 29ی ئاداری 1970 بەشداری ئاهەنگی نەورۆزی سەدری قەناتی شاری بەغدای کردووە. لە ساڵی 1970 لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی هەشتەمەوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. هەمان ساڵ لە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیدا بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردراوە.
لە کۆتایی گولانی 1970 لەگەڵ هاوڕێ مەسعود بارزانی سەردانی شاری سلێمانی و بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کردووە و سەردانی گۆڕی شەهید عەبدولعەزیز ئەترۆشی (1934 - 1969)یان لە شارۆچکەی هەڵەبجەی سەر بە پارێزگای سلێمانی کردووە. دواتر لە 2ی حوزەیرانی 1970 سەردانی شاری کەرکووکی کردووە و لەلایەن بەرپرسی لێژنەی لقی سێ و پارێزگاری کەرکووک و سەرلشکری لەشکری دووی سوپای عێراقەوە پێشوازی لێکراوە. لە ساڵی 1970 مامۆستای وانەی مێژووی کورد و کوردستان لە خولی سێیەمی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری بەغدا بووە. لە 15ی تەممووزی 1970 بەشداری ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرەی شەشەمی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە گوندی ناوپردانی هەولێری کردووە. لە 5ی ئابی 1970 لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانی بەشداری ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرەی سێیەمی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە گوندی ناوپردانی کردووە. لە ساڵی 1970 بەشداری ئاهەنگی میوانداری مامۆستایانی خولی سێیەمی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوچە ئازادکراوەکان کردووە.
ڕۆژی چوارشەممە 2ی حوزەیرانی 1971 لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانی لە گوندی حاجی ئۆمەران، سەر بە پارێزگای هەولێر، پێشوازییان لە شاندێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی کۆمۆنیستی بولگاریا کردووە. لە 29ی ئەیلوولی 1971 لە کاتی هێرشە تیرۆریستییەکەی حاجی ئۆمەران بۆ تیرۆرکردنی سەرۆک مستەفا بارزانی لەگەڵ سەرۆک بووە و لە مردن ڕزگاری بووە؛ خۆیشی برینەکانی مستەفا بارزانیی چارەسەر کردووە. ڕۆژی دووشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 1971 لە بارەگای بارزانی لە گوندی حاجی ئۆمەران لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانی پێشوازییان لە شاندی لێژنەی پشتیوانی گەلانی ئاسیا و ئەفریقا و سۆڤیەت کردووە. ڕۆژی چوارشەممە 21ی حوزەیرانی 1972 لە کۆشکی ئاشتیی نزیک شارۆچکەی چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر، لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانی پێشوازییان لە شاندێکی پارتی سۆسیالیستی یەکگرتووی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی پاوڵ فێرنەر کردووە و دەربارەی ئاشتی لە عێراق و پەیوەندییە دوولایەنەکان گفتوگۆیان کردووە. لە 27ی حوزەیرانی 1972 لەگەڵ ئیدریس بارزانی لە کۆشکی پاشایەتی ئێران لەگەڵ محەمەد ڕەزا شای پەهلەوی دیداریان کردووە.
لە 7ی تەممووزی 1972 لە واشنتۆن بۆ وەرگرتنی هاوکاری لەگەڵ ڕیچارد هێڵمز، بەڕێوەبەری دەزگای ئەمریکی (CIA)، دیداری کردووە. لە ساڵی 1972 لەگەڵ ئیدریس بارزانی سەردانی شارۆچکەی زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆکی کردووە و لەگەڵ ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەربارەی خۆڕاگری و بەرگریکردن لە بەرامبەر پرۆسەی بەعەرەبکردن گفتوگۆی کردووە. لە ناوەڕاستی تشرینی یەکەمی 1972 لە حاجی ئۆمەران، سەر بە پارێزگای هەولێر، لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانی پێشوازییان لە شاندی سەرکردایەتی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی داوودیەی پارتی دیموکراتی کورد لە سوریا (سەرکردایەتی قۆناغ ـ المرحلە) کردووە. لە شوباتی 1973 بۆ دیدار لەگەڵ عەقید کلارک سەردانی تارانی کردووە. ڕۆژی هەینی 30ی ئاداری 1973 وتاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە فێستیڤاڵی نەورۆزی چۆمان، سەر بە پارێزگای هەولێر، خوێندووەتەوە. لە 18ی نیسانی 1973 بەشداری کردنەوەی نەخۆشخانەی سیلی چۆمان (هەولێر)ی کردووە، کە تەنها نەخۆشخانەی تایبەت لە ناوچە ئازادکراوەکانی شۆڕشی ئەیلوول بووە. لە 15ی گولانی 1973 لە مزگەوتی گەڵاڵە بەشداری کردنەوەی یەکەم بەشی کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گوندەکانی ناوچە ئازادکراوەکانی شۆڕشی ئەیلوولی کردووە. لە تەممووزی 1973 سیمینارێکی پێشکەشی بەشداربووانی ئۆردوگای هەرەوەزی هەندرێن کردووە، کە لەلایەن یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوە لە گوندی ناوپردان سازکرابوو. لە 8ی ئابی 1973 تا 8ی کانوونی یەکەمی 1973 مامۆستای وانەی بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خولی چوارەمی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوندی ناوپردانی سەر بە پارێزگای هەولێر بووە.
لە 16ی ئابی 1973 بەشداریی لە ئاهەنگی یادکردنەوەی 27 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوندی ناوپردان (هەولێر) کردووە. لە ڕۆژانی 27 تا 29ی تشرینی دووەمی 1973 بەشداریی کۆنفرانسی سیاسی ـ سەربازیی چۆمانی کردووە. لە ساڵی 1974، پێش دەستپێکردنی شەڕ لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوولی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی بەعسی عەرەبی سۆسیالیست، سەرۆکایەتیی دوا شاندی دانوستاندنی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا کردووە، کە مەبەستی ڕاگرتنی شەڕ بووە. لە ساڵی 1974 سیمینارێکی دەربارەی پەیوەندیی نێوان شۆڕش و بەغدا پێشکەشی قوتابیانی خولی شەشەمی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوندی زینوای شێخیی سەر بە پارێزگای هەولێر کردووە. لە ساڵی 1974، دوای دەرچوونی یاسای ئەنجومەنی یاسادانان و ئەنجومەنی جێبەجێکاری هەرێمی کوردستان، بە وەزیری تەندروستی دیاریکراوە. لە 11ی ئاداری 1975 لە شاری تاران لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانی دیداری محەمەد ڕەزا شای پەهلەوییان کردووە، بۆ وەرگرتنی زانیاری دەربارەی پەیماننامەی جەزائیر و ئاگادارکردنەوەی شا محەمەد ڕەزا شای پەهلەوی (1919 - 1980) دەربارەی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق سەدام حوسێن (1937 - 2006)، ناسراو بە سەدام تەکریتی، بە مەبەستی پەشیمانکردنەوەی. لە گولانی ساڵی 1975 لەلایەن ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانییەوە پەیوەندیی پێوە کراوە بۆ ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنی شۆڕشی گولان. لە ساڵانی (1975 - 1976) لە نەخۆشخانەی شێر و خورشیدی ئێران کاری کردووە. لە 28ی کانوونی دووەمی 1977 داوای مافی پەنابەریی سیاسی لە بەریتانیا کردووە. لە 11ی ئاداری 1977 بۆ دیدار لەگەڵ سەرکردە کوردەکان سەردانی شاری لەندەنی کردووە.
لە ساڵی 1977 بووە بە سەرۆکی دەستەی ئامادەکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و لە ساڵی 1978 گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان. لە ساڵی 1978 بەشداریی کۆبوونەوەی بەخەڵیسکێی لە سنووری پارێزگای سلێمانی کردووە، کە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی شەڕی هەکاری و لەناوچوونی ژمارەیەکی زیاتری هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دەستی هێزەکانی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی 1978 لەگەڵ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکانی نێوان لایەنە کوردییەکانی باشووری کوردستان بووە. لە ساڵی 1978 لە کۆبوونەوەی دەرەوی گورگان لە چیای قەندیل لەگەڵ دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی عێراق بووە. لە 1ی تشرینی یەکەمی 1979 بۆ دانوستاندن سەردانی شاری بەغدای کردووە و لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق سەدام حوسێن (1937 - 2006)، ناسراو بە سەدام تەکریتی، دانیشتووە؛ مەبەست ئۆتۆنۆمیی باشووری کوردستان بووە، بەڵام وای زانیوە کە مەبەستی بەرامبەر تەنها کوشتنی کاتە. لە ساڵی 1979 لە کۆنفرانسی یەکگرتووی گۆڕشخوازدا لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە بە ئەندامی دەستەی کارگێڕی پارتی سۆسیالیستی کوردستان هەڵبژێردراوە.
لە ڕێکەوتی 24ی تشرینی دووەمی 1987 لەلایەن دەزگای هەواڵگریی عێراقەوە بە ژەهری سالیۆم ژەهراوی کراوە و لە مردن ڕزگاری بووە. لە 12ی حوزەیرانی 1988 بە نوێنەرایەتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (PSK) لە بارەگای خواکوڕکی پارتی کۆمۆنیستی عێراق لە ناوچە ئازادکراوەکانی پارێزگای هەولێر، پەیڕەو و بەرنامەی بەرەی کوردستانی واژۆ کردووە. لە سەرەتای ئابی ساڵی 1990 سەرپەرشتیی شاندێکی بەرەی کوردستانی کردووە بۆ سەردانی یاسر عەرەفات لە کۆماری تونس. لە 15 تا 17ی ئاداری 1991 وەک نوێنەری بەرەی کوردستانی بەشداریی کۆنگرەی نێودەوڵەتیی دۆزی کورد لە ستۆکهۆڵمی (سوید) کردووە. لە 7ی نیسانی 1992 بە نوێنەرایەتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان بەشداریی کۆبوونەوە بەرفراوانەکەی پیرمامی بەرەی کوردستانی کردووە، کە بۆ ئامادەکارییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان بووە. لە ساڵی 1992 پاڵێورای پۆستی ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بووە؛ لە کۆی دەنگە دراوەکاندا 23309 دەنگی بەدەستهێناوە، کە % 2.37ی دەنگەکان بووە، و پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە، بەڵام دەنگی پێویستی بۆ بوون بە ڕێبەر بەدەستنەهێناوە. ڕۆژی پێنجشەممە 20ی ئابی 1992 لە شاری هەولێر بەشداریی کۆنگرەی یەکەمی پارتی یەکگرتنی کوردستانی کردووە. ڕۆژی پێنجشەممە 27ی ئابی 1992 بە دەنگی نوێنەرانی کۆنگرەی یەکەمی پارتی یەکگرتنی کوردستان بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە. لە 13ی تەممووزی 2003 بە ئەندامی ئەنجومەنی دەسەڵاتداریی ڕاگوزەریی عێراق (مجلس الحکم الانتقالی العراقی) دیاریکراوە. لە ساڵی 2004 نوێنەری کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق بووە. لە ساڵی 2004 پاڵێورای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ لیستی هاوپەیمانیی کوردستان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانیی عێراق بووە. ڕۆژی شەممە 15ی گولانی 2004 نوێنەری کۆنگرەی سەروەری و دیموکراسی بووە، کە بە ئامادەبوونی 600 نوێنەر لە شاری هەولێر سازکراوە. لە 30ی کانوونی دووەمی 2005 لەسەر لیستی هاوپەیمانیی کوردستان بە ژمارەی 130 بە ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی ڕاگوزەریی عێراق هەڵبژێردراوە.
بەرهەمەکانی:
شۆڕشی کوردستان 1970.
تقييم مسيرة الثورة الكردية وانهيارها والدروس والعبر المستخلصة منها (1961 - 1975) - (چاپی یەکەم 1977) - (چاپی دووەم 2016).
1 - ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


