کانی ماسێ، شارۆچکەیەکە سەر بە دەڤەری بەرواری باڵای ناحیەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆکە. دەکەوێتە سەر ڕێگای زاخۆ-سەرێزێ - دانیشتووانی شارۆچکەکە لە موسڵمان و کریستیانەکان پێکهاتوون. ([١]) کانی ماسێش لە بواری شۆڕش و بەرخۆداندا وەک هەموو ناوچەکانی تری کوردستان ڕۆڵێکی چالاکی لە ئەنجامدانی چالاکی و تۆمارکردنی داستانە مێژووییەکانی پاراستنی ئازادی و دیموکراسیدا گێڕاوە.

یەکێک لەو داستانانەی کە لەلایەن هێزی پێشمه‌رگه‌وە لە ناوچەکە تۆمار کراوە و دەمانەوێت باسی بکەین داستانی کانی ماسێیە، کە بە چاودێری ڕاستەوخۆی سەرۆک مەسعود بارزانی و بە سەرپەرشتی دکتۆر ڕۆژ نوری شاوێس ئەنجامدرا، هۆکاری ڕوودانی ئەم داستانەش ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق یان سەرکردەکانی حیزبی بەعس کە بە زۆر دەستیان بەسەر دەسەڵاتی ئەم وڵاتەدا گرتبوو، پڕوپاگەندەی لاوازی شۆڕشی کوردییان لە ناو گەلی کوردستاندا بڵاوکردبووەوە، بەتایبەتی لە دەڤەری بادینان، ئەوان بەو شێوەیە نیشانی خەڵکیان دەدا کە ئیتر هێزی شۆڕش نەماوە کە ڕووبەڕووی هێزە سەربازییەکانی بەعس ببێتەوە و چالاکییەکانی پێشمه‌رگه‌ بەردەوام بکات.

بۆ ئەوەی هەڵوێستی حکوومەتی بەعس ڕەت بکاتەوە، سەرکردایەتی شۆڕش بڕیاری ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی سەربازی دا، بۆ ئەوەی حکوومەتی بەعس دڵنیا بکاتەوە کە هێزی پێشمه‌رگه‌ لە هەر کاتێک و لە هەر شوێنێک بیەوێت دەتوانێت داستانی گەورە تۆمار بکات و زیانێکی گەورە بە دەزگا و هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی بەعس بگەیەنێت، هەروەها دەبێت ڕای گشتی دڵنیا بکاتەوە کە شۆڕش بەردەوامە و ئەوەی حکوومەتی عێراق کردوویەتی تەنها پڕوپاگەندە و لێدوانی بێ بنەمان. ([٢])

ئەم داستانەی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان لە دەڤەری بادینان لە سنووری لقی (١)ی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەلایەن کۆمیتەکانی ئامێدی، زاخۆ، شێخان و هێزی بەرگری نیشتمانییەوە ئەنجامدرا، شەوی ١٣-١٤ی ئەیلوولی ١٩٨٧ بەپێی پلانێکی سەربازیی پتەو و پێشکەوتوو، هێرشیان کردە سەر بنکە و بارەگا سەربازییەکانی حکوومەت لە چەندین بەرەی دەڤەری کانی ماسێ([٣])، دوای شەڕێکی گەرم و خوێناوی، توانییان لە ماوەیەکی کەمدا سەرجەم خاڵە سەربازییەکانی کە هێرشیان کردبووە سەریان، بەدەست بهێنن.

لەو ئۆپەراسیۆنەدا هێزی پێشمه‌رگه‌ زیاتر لە ٥ بارەگای هێزەکانی ڕژێم و ڕووبەرێکی بە درێژایی ٧٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیان گرت، لە ئەنجامدا هێزەکانی عێراق گورزی قورسیان بەرکەوت و مەزەندە دەکرێت زیاتر لە ١٠٠ سەرباز کوژران و بریندار بوون، ژمارەیەک سەربازی تریش لەلایەن پێشمه‌رگه‌وە دیل گیران، هەروەها ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازیش تێکشکێنران و چەک و تەقەمەنییەکی زۆر کەوتە دەست هێزی پێشمه‌رگه‌، لەم ئۆپەراسیۆنەی پێشمه‌رگه‌دا و لە تۆمارکردنی ئەم داستانەدا ٧ پێشمه‌رگه‌ و ٢ ئەندامی بەرگری نیشتمانی شەهید بوون ([٤]).

داستانی کانی ماسێ یەکێک لە سەروەرییەکانی شۆڕشی گوڵان دەژمێردرێت، چونکە لە ڕووی گەورەیی، هێز، چەک و تەکنەلۆژیای سەربازیی ئەو سەردەمە لە ئاستی شەڕی دوو وڵاتدا بوو، کە بە هیچ شێوەیەک هاوسەنگی لە نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپادا نەبوو، بەڵام ئەوەی هاوسەنگی هێزەکەی گۆڕی، هێزی باوەڕ و تێکۆشانی ئازادی و پاراستنی مافەکانی نەتەوەیەک بوو، دوای سەرکەوتنی پێشمه‌رگه‌ لە داستانەکەدا، مەسعود بارزانی پیرۆزبایی و سوپاسی هەموو پێشمه‌رگه‌ و بەشداربووانی شەڕەکەی کرد ([٥]).

لە کۆتایی داستانەکەدا دەرکەوت کە هێزی پێشمه‌رگه‌ توانیویانە لە هەر کات و شوێنێکدا، تەنانەت لە قوڵایی دەسەڵاتی حکوومەتیشدا، چالاکی مێژوویی و تۆمارکردنی داستانی مێژوویی ئەنجام بدەن و گورزێکی قورس لە دوژمن بدەن و زیانێکی گەورە بگەیەنن.

سەرچاوە:
  1. مەسعود بارزانی, بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی ٤، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان, بەشی ٢، چاپی ١، چاپخانەی ڕوکسانا، ٢٠٢١.

  2. کانی ماسێ https://ckb.wikipedia.org/wiki/ 

  3. https://www.facebook.com/watch/?v=٢٩٤٩١٩٩٠٣٥١٥٨٠٦٩

 

[١]- کانی ماسێ https://ckb.wikipedia.org/wiki/

[٢]- داستانی کانی ماسێ=https://www.google.com/search?q

[٣]https://www.facebook.com/watch/?v=2949199035158069.

[٤] - مەسعود بارزانی, بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی ٤، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان, بەشی ٢، چاپی ١، چاپخانەی ڕوکسانا، ٢٠٢١، ل ٧١.

[٥] - مەسعود بارزانی, هەمان سەرچاوە، ل ٧٢.