لەدایکبووە دەشتی زیا یوحەنا کوڕی قەشە زیا ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی دەرگەنی لە ناوچەی نێروەی سەر بە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، باوک و باپیرەی بەشدارییان لە شۆڕشی یەکەم و دووەمی بارزان (١٩٣١- ١٩٣٢) و (١٩٤٣- ١٩٤٥) کردووە، باوکی قەشە زیا لە شوێنکەوتووانی بارزانی و دامەزرێنەری ڕێکخستنەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە نێوان مەسیحییەکانی ناوچەی نێروە بووە، لە کاتی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول ساڵی ١٩٦١ کادرێکی پێشکەوتوو بووە و ماڵەکەی کردووەتە بارەگا بۆ پێشمه‌رگه.   

ساڵی ١٩٦٩ پەیوەندی بە یەکێتی قوتابیانی کوردستان کردووە و بووەتە ئەندام تێیدا، ساڵی ١٩٧١ بەشداری لە کۆنگرەی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە سلێمانی کردووە، ساڵی ١٩٧٤، ئەو و محەمەد حەسەن ڕێکانی خەڵکیان هان داوە بۆ ئامادەباشی بۆ بەرگری دوای گەڕانەوەی سوپا و بەکرێگیراوانی جاش بۆ ناوچەکانیان، دوای نسکۆی شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٥ لەگەڵ باوکی لە گوندەکەیان ماونەتەوە.

دەشتی زیا پەیوەندی بە شۆڕشی گوڵان کردووە لە ساڵی ١٩٧٦. لە ساڵی ١٩٨٢ وەک بەرپرسی نهێنی ڕێکخراوی شەهید محەمەد حوسێن دەستنیشان کراوە کە دواتر ناوی گۆڕدرا بۆ ڕێکخراوی گۆر لە ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، لە هەمان کاتدا بەرپرسی هێزی بەرگری شارستانی ناوچەی نێروە بووە، لە ئایاری ١٩٨٣ باوکی و هاوسەرەکەی شەهید بوون و برا و خوشکەکەی بریندار بوون کاتێک ڕژێمی بەعس بۆمبێکی دەستی فڕێدایە سەر خێزانەکەی.

لە ساڵی ١٩٨٤، ئەرکی نووسینی نامەی نهێنی لە لقی یەکی پارتی لە شاری دهۆک پێ سپێردراوە، کە ڕەمزی شەعبان بەرپرسی لقی ناوبراو بووە. لە ساڵی ١٩٨٨، دوای هەڵمەتەکانی ئەنفال و هێرشە کیمیاییە بەدناوەکان بۆ سەر ناوچەی بادینان، دەشتی زیا پەنای بردووەتە بەر ئێران و چووەتە ڕوژهه‌لاتی کوردستان، بەشداری لە ڕاپەڕینی جەماوەری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ کردووە، لە ساڵی ١٩٩٢ وەک ئەندامی لێژنەی ناوچەی ئامێدی لە لقی یەک دەستنیشان کراوە. لە ساڵی ١٩٩٤ وەک سەرۆکی شارەوانی سەرسەنگ سەر بە قەزای ئامێدی دەستنیشان کراوە. لە ساڵی ٢٠٠١ وەک ئەندامی لێژنەی ناوچەی مانگێشک لە ناو ڕێکخستنەکانی لقی یەک دەستنیشان کراوە، و بووەتە ئەندامی کارای لقی هەژدەی پارتی لە قەزای ئامێدی لە ساڵی ٢٠٠٥ کاتێک لقی ناوبراو کراوەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٣ وەک ڕاوێژکار لە لقی یەک دەستنیشان کراوە، ئەندامی کۆنگرەکانی نۆیەم و دەیەم و یازدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە. لە ساڵی ٢٠١٠ لە کاتی بەستنی کۆنگرەی سێزدەیەم-ی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی -یەوە مەدالیای بارزانی پێبەخشراوە بەهۆی ئەو خزمەتانەی پێشکەشی کورد و کوردستان و ڕێبازی بارزانی نەمر کردووە.

سەرچاوە:

 ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان