ژیاننامە
سلێمان بەگی دەڕگەڵەیی لە ساڵی ١٨٩٨ لە گوندی دەڕگەڵەی ناحیەی وەرتێی قەزای ڕەواندزی پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، پێش ئەوەی بچێتە یەکێتی سۆڤێت دوو ژنی هەبووە، ژنی یەکەمی عائیشە فەتاح حسێن بووە، خاوەنی یەک کوڕ و سێ کچ بوون بە ناوەکانی مات سلێمان (١٩٣٢)، سەعادەت سلێمان (١٩٣٦)، عیزەت سلێمان (١٩٣٧) و نازلی سلێمان (١٩٤٠)، ژنی دووەمی حەلیمە وەسۆ عەزیز بووە، خاوەنی سێ کوڕ بوون بە ناوەکانی شەوقی سلێمان (١٩٣٦)، سەڵاحەدین سلێمان (١٩٣٩) و شێرزاد سلێمان (١٩٤٥)، لە یەکێتی سۆڤێتیش هاوسەرگیری لەگەڵ نینا کردووە. شارەزایی لە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، تورکی و ڕووسی هەبووە، لە ساڵی ١٩٧٤ لە گوندی دەڕگەڵە کۆچی دوایی کردووە و لەوێ بە خاک سپێردراوە.
بیرەوەری تێکۆشان
سلێمان بەگی دەڕگەڵەیی ئەفسەر بووە لە سوپای شاهانەی عێراق و لە سوپا هەڵاتووە. لە ساڵی ١٩٤٤ پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە و بەشداری شەڕەکانی کردووە. لە ١٩ی ئابی ١٩٤٥ بە فەرمانی دادگای سهربازی عێراق، دەست بەسەر سەرجەم موڵک و ماڵە گوازراوە و نەگوازراوەکانیدا گیراوە. لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥، دوای شکستپێهێنانی شۆڕشی دووەمی بارزان، لەگەڵ خێزانەکەی چوونەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٦ بووەتە پێشمهرگه لە هێزەکانی بارزانی لە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان، لە ٢٩ی نیسانی ١٩٤٦ بە سەرپەرشتی خدر سلێمان بەگ لە ناوچەی سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری شەڕی قەرەوای کردووە. لە ١٥ی نیسانی ١٩٤٧ لەگەڵ شێخ ئەحمەد بارزانی ڕووباری گادەریان پەڕاندووەتەوە، کە دەکەوێتە نێوان سنووری نێودەوڵەتی شانشینی ئێران و شانشینی عێراق. بۆ ماوەی چەند مانگێک لە دیانا (هەولێر) دەستبەسەر بووە، لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ بڕیاری داوە درێژە بە تێکۆشان بدات لەژێر فەرماندەیی مستەفا بارزانی، لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ دوای کۆبوونەوەیەکی گەورەی گوندی دێ و بڕیاری ڕۆیشتن بۆ یەکێتی سۆڤێت، لەگەڵ هێزەکە بەرەو سۆڤێت ڕۆیشتووە. لە ٢٨ی ئایاری ١٩٤٧ بە داوای میرحاج ئەحمەد بەشداری کۆبوونەوەی گوندی جەرەمەی کردووە. لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ ڕووباری ئاراسی پەڕاندووەتەوە، کە دەکەوێتە سەر سنووری نێودەوڵەتی ئێران لەگەڵ یەکێتی سۆڤێت.
لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧ لەگەڵ سەرجەم هاوڕێکانی بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگەیەکی چۆڵکراو لە نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجانی سۆڤێت دانراون، بە تێلی دڕکاو دەورە دراون و لەلایەن سەربازەکانەوە پاسەوانی کراون، سەبارەت بە خواردن، جلوبەرگ و هاتوچۆ وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ کراوە. لە ٢٣ی تەمموز بە بڕیاری یەکێتی سۆڤێت کۆکراونەتەوە و لە قەزاکانی ئاغدام، لاچین و ئایولای کۆماری ئازەربایجان نیشتەجێ کراون. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ گواستراونەتەوە بۆ کەمپی باکۆ لە کۆماری ئازەربایجانی سۆڤێت، لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و ڕۆژانە هەشت کاتژمێر لەژێر سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجانی سۆڤێت مەشقیان پێکراوە، چوار کاتژمێریش بۆ خوێندن و نووسینی کوردی لەلایەن پەنابەرە خوێندەوارەکانەوە فێرکراون.
لە ١٩ی کانوونی دووەمی ١٩٤٨ لە کۆنفڕانسی گشتی باکۆ، کە نوێنەرایەتی سەرجەم کوردی عێراق و ئێرانی دەکرد، بووە ئەندامی سەرکردایەتی سیاسی لە کوردستانی عێراق. لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ لەگەڵ سەرجەم هاوڕێکانی لە کۆماری ئازەربایجانی سۆڤێتەوە گواستراونەتەوە بۆ کۆمەڵگەی چیرچیک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستانی سۆڤێت و لەوێ درێژەیان بە مەشقە سەربازییەکانیان داوە. لە ١٤ی ئازاری ١٩٤٩ لەگەڵ هاوڕێکانی بە شەمەندەفەر بەسەر گرووپ و یەکەکاندا دابەش کراون بۆ گوندەکان و گواستراونەتەوە بۆ سەمەرقەند. لە تشرینی دووەمی ١٩٥١ گەڕاوەتەوە ڤرێڤیسکی یەکێتی سۆڤێت. لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هاوڕێکانی بە کەشتی گرۆزا لە ڕێگەی بەندەری بەسرەی باشووری عێراقەوە گەڕاوەتەوە کوردستان و بەشداری شۆڕشی ئەیلوولی کردووە.
سەرچاوەکان:
- حهمید گهردی، پوختهی مێژوونامه، چاپی یهكهم، (ههولێر - دهزگای چاپ و بڵاوكردنهوهی ئاراس - چاپخانهی وهزارهتی پهروهرده - ٢٠٠٤)
- حیدر فاروق السامرئي، ضیاء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة – ٢٠١٦).
- له یادداشتی فهرماندهی شههید حهسۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ لهگهڵ بارزانی دا چوونی بارزانییهكان بۆ یهكێتی سۆڤێت، چاپی یهكهم (ههولێر - چاپخانهی رۆشنبیری – ١٩٩٧)
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنهوهی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانهی خهبات - ١٩٩٨ز)
- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیا، دهقی چاوپێكهوتن لهگهڵ كرمانج عیزهت سلێمان ١١ شوباتی ٢٠١٧- سۆران.








