سڵێمان بەگ دەرگەڵەیی لە ساڵی ١٨٩٨ لە گوندی دەرگەڵەی سەر بە ناحیەی وەرتی لە قەزای ڕواندز لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە. پێش چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەت دوو خێزانی هەبووە، هاوسەری یەکەمی عائیشە فەتاح حوسێن بووە، لێی بووەتە خاوەنی یەک کوڕ و سێ کچ: مەت سڵێمان (١٩٣٢)، سەعادەت سڵێمان (١٩٣٦)، عیزەت سڵێمان (١٩٣٧) و نازلی سڵێمان (١٩٤٠)، هاوسەری دووەمی حەلیم سەوعەزیز بووە و لێی بووەتە خاوەنی سێ کوڕ، شەوقی سڵێمان (١٩٣٦)، سەڵاحەدین سڵێمان (١٩٣٩) و شێرزاد سڵێمان (١٩٤٥)، لە یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ ئافرەتێک بە ناوی نینا هاوسەرگیری کردووە. شارەزای زمانی کوردی و عەرەبی و تورکی و ڕووسی بووە و ساڵی ١٩٧٤ لە گوندی دەرگەڵە کۆچی دوایی کردووە و تەرمەکەی لەوێ بەخاک سپێردراوە.
لاپەڕە خەباتگێڕییەکانسڵێمان بەگ دەرگەڵەیی ئەفسەر بووە لە سوپای شاهانەی عێراق و لە سەربازی هەڵاتووە، ساڵی ١٩٤٤ پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزانەوە کردووە و بەشداری لە شەڕەکاندا کردووە، لە ١٩ی ئابی ١٩٤٥ بە بڕیاری دادگای سهربازی عێراقی هەموو موڵک و ماڵە گوازراوە و نەگوازراوەکانی دەستی بەسەردا گیرا، لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥، دوای شکستخواردنی شۆڕشی دووەمی بارزان، لەگەڵ خێزانەکەی بەرەو ڕوژههلاتی کوردستان کۆچی کردووە.
لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٦ پەیوەندی بە هێزەکانی بارزانییەوە کردووە کە سەر بە سوپای کۆماری کوردستان بوون، لە ٢٩ی نیسانی ١٩٤٦ بەشداری لە شەڕی قەرەوا بە سەرکردایەتی خدر سڵێمان بەگ لە ناوچەی سەقزی ڕوژههلاتی کوردستان کردووە، لە ١٥ی نیسانی ١٩٤٧ لەگەڵ شێخ ئەحمەد بارزانی ڕووباری کادێری بەزاند کە دەکەوێتە سەر سنووری نێودەوڵەتی نێوان شانشینی ئێران و شانشینی عێراق، بۆ ماوەی چەند مانگێک لە گارنیزۆنی دیانا (هەولێر) دەستبەسەر کراوە، لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ بڕیاری دا بەردەوامی بە خەبات بدات بە سەرکردایەتی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی. لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ دوای کۆبوونەوە فراوانەکە لە گوندی دێری بڕیاری دا لەگەڵ هێزەکەدا بچێت بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە ٢٨ی ئایاری ١٩٤٧ بە داوای میرحاج ئەحمەد بەشداری لە کۆبوونەوەیەک لە گوندی جێرمی کردووە، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ ڕووباری ئاراسی لەسەر سنووری ئێران لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت بەزاندووە، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ئەو و هەموو هاوسەنگەرانی لە نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەت بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگەیەکی کراوەدا کە بە تێلی دڕکاوی دەورەدرابوو و سەربازان پاسەوانییان دەکردن دەستبەسەر کران، لە ڕووی خواردن و جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، لە ڕۆژی ٢٣ بە بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت کۆکرانەوە و لە ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئەیۆلاخ لە کۆماری ئازەربایجان نیشتەجێ کران. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ بۆ کەمپی باکۆ لە کۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەت گواسترانەوە، لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ جلوبەرگی سەربازییان بەسەردا دابەش کرا و ڕۆژانە هەشت کاتژمێر بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان مەشقی سەربازییان دەکرد، و ڕۆژانە چوار کاتژمێر لەلایەن هەندێک لە کۆچبەرە خوێندەوارەکانەوە وانەی زمانی کوردییان وەردەگرت. لە ١٩ی کانوونی دووەمی ١٩٤٨ لە کۆنگرەی گشتی باکۆ کە بە ئامادەبوونی نوێنەری هەموو کوردانی عێراقی و ئێرانی بەڕێوەچوو، بوو بە ئەندامی سەرکردایەتی سیاسی لە کوردستانی عێراق. لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨، لەگەڵ هەموو هاوسەنگەرانی لە کۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەتەوە گواسترایەوە بۆ کۆمەڵگەی جەرجوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستانی سۆڤیەت، لەوێ بەردەوامییان بە مەشقە سەربازییەکانیان دا، لە ١٤ی ئازاری ١٩٤٩ بە شێوەی گرووپ بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هاوبەشەکاندا دابەش کران و بۆ سەمەرقەند گواسترایەوە. لە تشرینی دووەمی ١٩٥١ گەڕایەوە بۆ فریفیسکی لە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هاوسەنگەرانی بە کەشتی کروزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرەی باشووری کۆماری عێراق گەڕایەوە کوردستان. و بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول کرد.
سەرچاوەکان١. مقابلة مع مجلة متين، رفيق النضال مع بارزاني عزيز قاضي يروي مذكراته، الجزء الثاني، مجلة متين، الفرع الأول للحزب الديمقراطي الكوردستاني- الموحد، العدد ٤٨، الجولة الثالثة، دهوك، مطبعة هاوار، ٢ كانون الأول ١٩٩٦م.
٢. حميد گردي ، ملخص الرسالة التأريخية، الطبعة الأولى،(أربيل – مؤسسة آراس للطباعة والنشر - مطبعة وزارة التربية والتعليم – ٢٠٠٤م).
٣. حيدر فاروق السامرائي، ضياء جعفر والدور السياسي والاقتصادي في العراق (لندن - دار الحكمة – ٢٠١٦م).
٤. زرار سليمان بك دركليي، ذكرياتي في سنوات ١٩٤٣-١٩٧٧،(السليمانية – مطبعة رهند- ٢٠٠٢م).
٥. شعبان علي شعبان، بعض المعلومات السياسية والتاريخية، الطبعة الثالثة، (أربيل- مطبعة روزهلات – ٢٠١٣م).
٦. عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (ههولێر - چاپخانهی وزارت آموزش و پرورش - ٢٠٠٢ز).
٧.عبد الرحمن املا حبيب أبو بكر، عشيرة بارزان بين ١٩٣١ - ١٩٩١، الطبعة الأولى،(أربيل - مطبعة وزارة الثقافة - ٢٠٠١م).
٨. عبد الله غفور، قاموس أربيل الجغرافي، (أربيل - منشورات الأكاديمية الكوردية - مطبعة الحاج هاشم - ٢٠١٥) ص ٢١٥،ص ٢٣٤
٩. كاروان محمد مجيد، البارزانيون من مهاباد إلى السوفيت، الطبعة الأولى،(السليمانية – مطبعة بيوند- ٢٠١١م).
١٠. ليث عبد المحسن جواد الزبيدي، ثورة ١٤ تموز ١٩٥٨ في العراق (بغداد - دار الرشيد للنشر – ١٩٧٩م).
١١. مسعود بارزاني، بارزاني وحركة التحرر الكوردية ١٩٣١-١٩٥٨، (دهوك ، مطبعة خبات، ١٩٩٨م).
١٢. نجف قولي بسيان، من مهاباد الدموية إلى ضفاف أراس، ت. شوكت شيخ يزدين، الطبعة الأولى (بيرمام - اليوبيل الذهبي للحزب الديمقراطي الكوردستاني ١٩٩٦م).
١٣. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


