بەردەوامبوونی چالاکییەکان و لێدانی هێزەکانی دەوڵەت لە ناوچە جیاوازەکاندا ورەی خستبووە ناو ڕیزەکانی پێشمهرگه و شەڕی پارتیزانی، لە ٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٦ هێزێکی پێشمهرگه بە فەرماندەیی شیمال زێباری بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی شێخان بڕیاری دا لە نێوان سوارەتۆکە و زاوێتە کەمینێک دابنرێت، پاش ئەوەی زانیارییان پێ گەیشت کە هێزەکانی سوپای عێراق لە ٢ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و ٢ ئۆتۆمبێلی دیکەی ئایڤا بە هێزێکی سەربازییەوە، بەیانیان لە نێوان سوارەتۆکە و زاوێتە هاتوچۆ دەکەن بۆ ئەوەی ڕێگاکە کۆنتڕۆڵ بکەن و بیپارێزن، بەڵام ئامانجی سەرەکییان ڕێگریکردن بوو لە جووڵەی پێشمهرگه لەو ناوچەیە. [١] جێگەی باسە کە بەشێک لە شەڕ و چالاکییەکانی هێزی پێشمهرگهی کوردستان لە کەمینەکاندا بوون کە توانییان زیانێکی زۆر بە هێزەکانی حکوومەت بگەیەنن. [٢]
هێزی پێشمهرگه کە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە ئەرکدار کرابوون، لە ٥٠ پێشمهرگه پێکهاتبوون و خۆیان ئامادە کردبوو و ئەم پلانەیان داڕشتبوو:
کۆمەڵێک لە ١٠ پێشمهرگه خۆیان لە بناری ڕێگاکە شاردبووەوە، تاوەکو هێزەکانی حکوومەت لێیان نزیک ببنەوە، ڕێگاکەیان لێ بگرن و تەقەیان لێ بکەن.
کۆمەڵەیەکی دیکەش بە چەکی قورس وەک میتراڵیۆز و بی کەی سی لە سەرەوەی ڕێگاکە ڕەوشەکەیان چاودێری دەکرد، ئەگەر بەشی یەکەمی پێشمهرگه ئەرکەکەی خۆی جێبەجێ کرد، ئەوا بەرگری لە هێزی پێشمهرگه لە شوێنی ڕووداوەکە دەکەن، بنکە سەربازییەکانی دەوروبەر دەکەنە ئامانج و تەقەیان لێ دەکەن، هەروەها دەبێت ڕێگری لەو هێزانە بکەن کە لە دهۆک و سەرسەنگەوە دێن بۆ هاوکاریکردنی هێزە بریندارەکانیان. [٣]
هەموو هێزەکانی پێشمهرگه بە شەو ڕۆیشتن تا گەیشتنە نزیک شوێنی چالاکییەکە، پاشان ئەو کۆمەڵە پێشمهرگەیەی کە پلانیان بۆ دانرابوو خۆیان بشارنەوە، چوونە شوێنی خۆیان لە بناری ڕێگاکە و کەمینێکیان دانا، کۆمەڵەی دووەمیش ٣٠٠-٤٠٠ مەتر دوورتر لە کۆمەڵەی یەکەم دانران.
کاتێک ئاسۆ ڕووناک بوو، پێشمهرگه چاوەڕێی هاتنی هێزە سەربازییەکە بوون، بەڵام دواکەوت، هێزی پێشمهرگه بەهۆی نەهاتنیان کەمێک نیگەران بوون، لە جیاتی ئەوە، گومانیان کرد کە ئاگادار بووبێتن و پلانەکانیان ئاشکرا بووبێت، بۆیە بڕیاریان دا هەر ئۆتۆمبێلێکی سەربازی کە تێپەڕ دەبێت بیکەنە ئامانج و تەقەی لێ بکەن، کاتژمێر بوو بە ٧ی بەیانی، لەناکاو ئایڤایەک پڕ لە سەرباز لە سەرسەنگەوە هات بۆ دهۆک، کاتێک ئۆتۆمبێلە سەربازییەکە گەیشتە لایان، لە هەردوو دەرگای بن ڕێگاکەوە دەرکەوتن و بە ئاڕ پی جی و کڵاشینکۆف تەقەیان لێ کرد و وێران بوو، هەموو سەربازەکانی کوژران جگە لە یەکێک کە بە زیندوویی مایەوە و بە دیل گیرا، پێشمهرگه چوونە ناو سەربازە کوژراوەکان و چەکەکانیان کە کڵاشینکۆف بوون، کۆیان کردەوە.
لەو کاتەدا هێزێکی سەربازی لە دهۆک و هێزێکی دیکەش لە سەرسەنگەوە بۆ هاوکاریکردنی سەربازەکانیان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، پێشمهرگه و سەربازەکان شەڕی یەکتریان کرد و شەڕەکە گەرم بوو، تانک و زرێپۆشەکانی سوپا هەوڵیان دا خۆیان بگەیەننە ئایڤا سەربازییەکە بەڵام بەهۆی بەرگریی بەهێزی پێشمهرگه نەیانتوانی، شەڕەکە تا نیوەڕۆ بەردەوام بوو، پێشمهرگه لە یەک کۆ بوونەوە و بڕیاری کشانەوەیان دا، ڕژێمی عێراق زۆر نیگەران و تووڕە بوو لەسەر کردەوەکانی پێشمهرگه، چونکە پێشمهرگه لە هەر کاتێک و لە هەر شوێنێک بیەوێت هێرش دەکاتە سەر هێزەکانیان و زیانی گەورەیان پێ دەگەیەنێت، سوپای عێراق بۆ تۆڵەسەندنەوە ناوچەی مزوورییەکانی تۆپباران کرد ([٤]).
سەرچاوە:-
مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی ٤، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بەشی ٢، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕوکسانا، ٢٠٢١.
-
شیمال زێباری، چەند ڕاستییەکی شاراوە لە شۆڕشی گوڵان دا، چاپی ١، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر – ٢٠١٥.
-
سوارەتۆکە/ https:// 3arf.org/wiki/
[١]- شیمال زێباری، چەند ڕاستییەکی شاراوە لە شۆڕشی گوڵان دا، چاپی ١، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر – ٢٠١٥، ل ٣٥٢.
[٢]- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی ٤، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بەشی ٢، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕوکسانا، ٢٠٢١، ل ٦٢.
[٣]- شیمال زێباری، هەمان سەرچاوە، ل ٣٥٢.
[٤]- شیمال زێباری، هەمان سەرچاوە، ل ٣٥٤.


