هاوینى ١٩٦٣ وەرزێکى گەرم و خوێناوى بوو، دۆخێکى سەخت و دژوار بەسەر کوردستاندا تێدەپەڕى، حکومەتى عێراق تەواوى هێزەکانى خستە شەڕی کوردەوە، چونکە بەشەڕی چارەنووسسازى لێکدەدایەوە و بە هیواى ئەوە بوو کە شۆڕش لەبار ببات و گەلى کورد قەلاچۆ بکات، ئەوەى دەمێنێتەوە ملکەچ و ژێردەستەى بکات. حکومەت بۆ پیادەکردنى ئهوپلانە کەوتە هێرش و پەلامارى دڕندانە بە هەموو هێز و تواناى سوپایی زەمینى و ئاسمانییەوە بۆ سەر کوردستان، تەڕ و وشکى بە یەکەوە دەسووتاند، هەروەها کەوتە بۆردومانى لادێ و شارۆچکەکان و سووتاندنى بەرووبۆمى کشتوکاڵى و دارستانە سروشتیەکان و سەپاندنى ئابلۆقەى ئابوورى، دڕندە ترین سوپاى ناردە ناو شار و شارۆچکەکان بۆ ئەشکەنجەدان و توقاندنى بەکۆمەل.
ئهو کردەوە گەلە لەسەر دەستى ڕژێمى بەعس بە سەرۆکایەتى عەبدولسەلام عارف هاتنە ئاراوە، کە لە ڕێگاى کودەتاوە لە ٨ى شوباتى ١٩٦٣ دەسەڵاتى عێراقى گرتە دەست، بەمەش قۆناغێکى نوێ لە مێژووى عێراق دەستى پێکرد، هەرچەندە لە سەرەتاى دەسەڵاتیاندا جۆرێک لە گفتوگۆ و دانوستانى لەگەڵ سەرکردایەتى شۆڕش بۆ چاسەرکردنى کێشەى کورد دەستپێکرد، بەڵام وتووێژەکان ماوەى چوارمانگ زیاتری نەخایاند، لە ١٠ى حوزەیرانى ١٩٦٣ هێرش و پەلامارەکان بۆ سەر ناوچەکانى شۆڕش دەستى پێکرد.
هێزى پێشمەرگەى کوردستانیش بۆ بەرپەرچدانەوەى هێرشەکان و بەرگریکردن هەمیشە لە ئامادەباشیدا بوو، هەندێ جاریش لە وەڵامى پەلامارەکانى سوپادا چالاکى جۆراوجۆرى ئەنجام دەدا، یەکێک لهو چالاکییانەى هێزى پێشمەرگەى قەرەداغ شەڕی پردەکەی چۆمی دەرەدوینەى سەر ڕێگاى گشتى نێوان مەیدان و دەربەندیخان بوو لە ١٥ى تەمموزى ١٩٦٣، کاتێک کە هەواڵى تێپەڕینى کاروانێکى سوپاى عێراقیان پێ گەیشت بەڕێگاى (جەلەولا – دەربەندیخان) بەرەو بەغدا، بڕیاریاندا کەوا ڕێگاى خوارەوەى دەربەندیخان لهو کاروانەى سوپادا بگرن و چالاکییەکى پێشمەرگەیی ئەنجام بدەن، نەخشەى شەڕەکەیان بەو جۆرە دانا:
-
هێزێکى پێشمەرگە بە فەرماندەیى محەمەد حاجى وەلى کەلارى بۆ گرتنى بەرزایی شاخی قەترە ڕاسپێردرا بۆ ئەوەى نەهێڵن سوپاى عێراق لە سەربازگەى مەیدانەوە پشتیان لێ بگرێ.
-
دەستەیەکى پشمەرگە ئەرکى گرتنى شاخى پشت گوندى بانى خێڵانى پێ سپێردرا بۆ ئەوەى ئەوانیش نەهێڵن سوپا لە سەربازگەى دەربەندیخانەوە پێشڕەوى بکات و بەرزاییەکانى گوڵان بگرێت.
-
دەستەیەکى دیکەش لە خوارەوەى گوندى بانیخێڵان لە ئامادە باشیدا بوون.
-
هێزەکەى دیکەش بە فەرماندەیى عەزیز قازى لە نزیک پردەکەی چۆمی دەردوینەى سەر ڕێگاى گشتى دامەزران لە چاوەڕوانى هاتنى کاروانى سوپادا.
چەند سەنگەرێکیش لە بەرزاییەکانى نزیک ڕێگاى گشتى هەبوون لەو کاتانەى کە کاروانى سوپاى پێدا تێدەپەڕێ کومەڵێک چەکدارى بەکرێگیراو(جاش)یان دەناردە ئەو سەنگەرانە بۆ پارێزگارى ڕێگاى گشتى، ئەوانیش لە ژێر چاودێر پێشمەرگەدا بوون.
کاتژمێر ٩ى بەیانى ١٥ى تەممووزى ١٩٦٣ کاروانى سوپاى عێراق گەیشتە سەر پردەکە، پێشمەرگە سەرەتا دەستڕێژى گوللەیان لە بەکرێگیراوە (جاش)ەکان کرد و ٣ چەکداریان لێ کوشتن ئەوانى تر سەنگەریان چۆل کرد، ڕایانکرد و لاشە کوژراوەکانیان بەجێهێشت، سەربازانى سوپا دەستیان بە هێرش کرد بۆ ئەوەى سەنگەرەکان بگرنەوە لهو نێوانەدا شەڕێکى گەرم دەستى پێکرد، سەربازەکان نەیانتوانى سەنگەرەکان بگرنەوە بەڵکو چەند سەربازێکیان لێ کوژرا، هێزێکى سوپا و بەکرێگیراوان هێرشیان بردە سەر بەرزایی پشت قەترە لەوێش پێشمەرگە لێیاندان و بە ماوەیەکى کەم تێکیان شکاندن، ٣ بەکرێگیراوى (جاش) لەو شوێنەدا کوژران و لاشەیان لە مەیدانى شەڕدا بەجێما، هێزێکى دیکەى سەربازى عێراق لە سەربازگەى دەربەندیخانەوە بۆ بەهاناوەچوونى کاروانى سەربازى هێرشیان کردە سەر شاخى گوڵان، بەسەر کەمینى پێشمەرگە هەڵبوون چەند سەربازێکیان لێ کوژرا و گەڕانەوە سەربازگەى خۆیان.
شەڕ تا کاتژمێر ٥ى ئێوارە بەردەوام بوو، هەردوو سەربازگەى مەیدان و دەربەندیخان و چەکدارانى بەکرێگیراوى هۆزى نەوڕۆڵى لە شەڕەکەدا بەشدار بوون، ئەو ڕۆژە کاروانى سوپاى عێراق نەیتوانى تێبپەڕێ و گەڕایەوە سەربازگەكه، بەڵام ڕۆژى دوایى توانیان دەرباز بن، بەپێی زانیاریەکانى کە بەر دەستى پێشمەرگە کەوتبوو لەو شەڕەدا، زیانى هێزەکانى حکومەت بریتى بوون لە کوژرانى ٤٠ سەرباز و دوو ئەفسەر و ٦ چەکدارى بەکرێگیراو(جاش)، لە لایەنى هێزى شۆڕشیشەوە تەنها یەک پێشمەرگە بە سووکى بریندار بوو.
سەرچاوەکان:
١- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپى یەکەم – هەولێر، ٢٠٠٤.
٢- ئیبراهیم جەلال، باشورى کوردستان و شۆڕشى ئەیلوول بنیادنان و هەڵتەکاندن ١٩٦١- ١٩٧٥، چاپی چوارەم، ٢٠٢١.
٣- شەوکەت مەلا ئیسماعیل حەسەن، ڕۆژانێ لە مێژووى شۆڕشی ئەیلوول، چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە، چاپى یەکەم، هەولێر- ٢٠٠٧.
٤- هاوکار کریم حمە شریف، شۆڕشى ئەیلوول، چاپخانەى زانکۆى سەلاحەددین، چاپى یەکەم، هەولێر – ٢٠١٢.
٥- خۆشەوى عەلى کانیەلنجى، بیرەوەریەکانى عەزیز قازى سورچى، چاپخانەى دانیشفەر، چاپى یەکەم، هەولێر – ٢٠٢٣.








