یەکێک لەو شەڕانەی کە هێزەکانی پێشمەرگەی کۆماری مەهاباد دژی سوپای ئێران ئەنجامیاندا، ئەم شەڕە لە گوندی قوڵتە ڕوویدا و ژمارەی سەربازانی سوپای ئێران تێیدا پێنج سەد سەرباز بوو، بەڵام ژمارەی پێشمەرگەکان لە بیست کەس لە هێزەکانی مەهاباد و چەکدارانی ناوچەکانی گەورکی و سەردەشت و سویسنی پێکهاتبوون، جگە لەم هێزە، مستەفا خۆشناو لە هێزەکانی بارزانیش لە شەڕەکەدا بەشدار بوو، هێزەکانی کۆماری کوردستان لەم شەڕەدا بەو چەکە کەمەی لەبەردەستیاندا بوو کە زۆربەیان چەکی سووک بوون، توانییان هێزەکەی سوپای ئێران گەمارۆ بدەن، کاتێک ئەم هەواڵەیان بیست و بۆ ڕزگارکردنی ئەم ژمارە زۆرەی هێزەکانیان کە لەلایەن هێزێکی بچووکی کۆمارەوە گەمارۆ درابوون، هێزەکانی ئێران نزیکەی ٣٥٠ سەربازی دیکەیان لە شاری بانە وەک هێزی پشتیوانی بۆ ڕزگارکردنی ٥٠٠ سەربازە گەمارۆدراوەکەی گوندی قوڵتە نارد، بەڵام ئەم هەنگاوە سوودی نەبوو، لە کۆتاییدا هێزەکانی پێشمەرگەی کۆمار کە ژمارەیەک لە پێشمەرگەی هێزەکانی بارزانیش تێیدا بەشدار بوون، توانییان شکست بە هێزی سوپای ئێران بهێنن، دوای خۆبەدەستەوەدانیان هێزەکانی پێشمەرگە دەستکەوتی زۆریان کەوتە دەست، ئەمەش شتێکی زۆر باش بوو لەو کاتەدا، کە هێزەکانی کۆمار لە ڕووی چەک و ذخیره لە دۆخێکی باشدا نەبوون.
بە ئەنجامدانی ئەم شەڕە و شەڕەکانی دیکە لەلایەن پێشمەرگەی هێزەکانی بارزانی و هێزەکانی کۆماری کوردستان لەو ماوە کورتەی تەمەنی کۆماردا، گرنگی ئامادەبوونی هێزەکانی بارزانی لەو قۆناغە هەستیارەی کە کۆماری کوردستان پێیدا تێدەپەڕی زیاتر بۆمان ڕوون دەبێتەوە، چونکە توانییان بە سوودوەرگرتن لەو هێز و توانایەی هەیانبوو، بە باشی بەرگری لەو ناوچانە بکەن کە پێیان سپێردرابوو و لە بەرامبەر هێرشەکانی سوپای ئێراندا خۆیان بەدەستەوە نەدا. لە لایەکی دیکەوە، تایبەتمەندییەکی دیکەی دیاری پێشمەرگەی بارزانی لەو قۆناغەدا ئەوەیە کە ئەوان سەرەڕای هەموو کێشە و سەختییەکان کە ڕووبەڕوویان بووەوە لە نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوونەوە تا نەخۆشی و کەمی خۆراک، بەڵام هەمیشە ئامادە بوون گیانی خۆیان لە پێناو کۆماری کوردستان بەخت بکەن. ئەمەش پێچەوانەی پێشمەرگەی هۆزە ئێرانییەکانی دیکەیە کە کێشەی نیشتەجێبوون یان کەمی خۆراک یان کێشەی تەندروستییان نەبوو.
سەرچاوە:١- ههژار موكریانی، چێشتی مجێور، چاپی سێیهم، -، پهخشانگای ئازادی، ٢٠٠٩.


