شەهید عوسمان شەریف فەتحوڵڵا لە ساڵی 1963 لە قەزای پێنجوێن لەدایک بووە. دوای شکستی شۆڕشی ئەیلوول کۆچی کردووە بۆ وڵاتی ئێران و لە دەربەندی دزڵی نیشتەجێ بووە. دوای گەڕانەوە لە قەزای سەید سادق لە دەشتی شارەزوور نیشتەجێ بووە. لە ناو بازاڕی سەید سادق خاوەنی دوکانی شیرینی بووە. تا قۆناغی سەرەتایی خوێندووە و خێزاندار بووە و ناوی خێزانەکەی دڵسۆز حەمە ئەمین بووە و خاوەنی دوو کوڕ و دوو کچ بووە بە ناوەکانی مەسعود، شاخەوان، چیا و شاناز. شانازی کچی لە کۆچبەریی ساڵی 1991 لەسەر سنووری وڵاتی ئێران لە سەرمادا ڕەق بووەتەوە و شەهید بووە.
لە ساڵی 1978 لە لای عومەری حاجی توتمانی بووە پێشمهرگه کە سەر بە هێزی هەورامانی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە و بنکەکەیان لە کانی سەیفی سەر سنووری نێوان ئێران و عێراق بووە. لە هەمان کاتدا عوسمان شەریف فەتحوڵڵا لە ڕێکخستنی سوورێن سەر بە لێژنەی ناوچەی دەربەندیخانی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان بووە کادر.
عوسمان شەریف فەتحوڵڵا، لە شەڕەکانی کانی سەیف و شەڕی ئەحمەد ئاوا و چالاکییە پارتیزانییەکانی دەشتی شارەزوور و شەڕی هەڵەبجە و شەڕی قەرەداغ و شەڕی دەشتی شارەزوور بەشداریی کردووە.
لە ساڵی 1980 لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعس بۆ سەر بنکەی کاتییان لە گوندی سیامێوەی دەشتی شارەزوور، عوسمان شەریف فەتحوڵڵا بە سەختی بریندار بووە.
لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و لە ئازادکردنی شاری هەڵەبجە و قەزای پێنجوێن و دەشتی شارەزوور و ناحیەی عەربەت و قەزای دەربەندیخان و شاری سلێمانی و شارۆچکەی زەڕایەن و شاری کەلار و شاری جەلەولا و شاری کەرکووک بەشداریی کردووە.
لە 21ی ئاداری 1991 لە ئازادکردنی شاری کەرکووک و لە نزیک پردی خاسەی ناو شاری کەرکووک فیشەکی بی کەی سیی ڕژێمی بەعس بەر سەری کەوتووە و شەهید بووە.
1. ئەرشیفی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان


