ژیاننامە

عەبدوڵڵا داوود حوسێن، لە ساڵی 1921 لە گوندی بارزان سەر بە ناحیەی بارزانی قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، لە 21ی حوزەیرانی 1932 لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان بۆ کۆماری تورکیا کردووە. دوای چوون بۆ یەکێتیی سۆڤیەت لەگەڵ گوڵناز عەباس سەیفوڵڵا هاوسەرگیری دەکات، دوو کوڕ و دوو کچیان هەبووە بە ناوەکانی محێدین عەبدوڵڵا (1955)، بەهائەدین عەبدوڵڵا (1958)، موحتەبەر عەبدوڵڵا (1956) و مونەوەر عەبدوڵڵا (1959). عەبدوڵڵا داوود دوای ئەوەی دەگەڕێتەوە کوردستان، لە ساڵی 1959 لە ئۆفیسی کشتوکاڵی شەقڵاوە کار دەکات، پاشان دەچێتە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سەڵاحەدین و دواتریش دەچێتە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی بارزان، هەردوو زمانی کوردی و ڕووسی دەزانی، لە 12ی کانوونی یەکەمی 2006 کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی گوندی بارزان بە خاک سپێردرا.

خەباتنامە

عەبدوڵڵا داوود حوسێن، لە ساڵی 1943 لە پردێ سەرباز بوو و بە پلەی عەریف یەکەم بوو. لە سەربازی هەڵات و تێکەڵی شۆڕشی بارزانی دووەم بوو، لە 2ی تشرینی یەکەمی 1943 بەشداریی لە گرتنی بنکەی پۆلیسی شانەدەر و لە 12ی تشرینی یەکەمدا بەشداریی لە گرتنی بنکەی پۆلیسی خێرزۆک و لە 20ی تشرینی یەکەمیشدا بەشداریی لە گرتنی بنکەی پۆلیسی شێروان کردووە. لە 19ی ئابی 1945 بە بڕیاری دادگای عورفیی سەربازیی کۆماری عێراق هەموو موڵک و ماڵە گوازراوە و نەگوازراوەکانی دەستیان بەسەردا گیرا.

دوای تێکچوونی شۆڕشی بارزانی دووەم لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 چووە ڕوژهه‌لاتی کوردستان، لە 31ی ئاداری 1946 لە ناو هێزەکانی بارزانیی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد بوو بە پێشمه‌رگه، بەشداریی لە شەڕەکانی قەڵاتان و گرکی شان و لە 29ی نیسانی 1946 لە دەڤەری سەقز بەشداریی لە شەڕی قەرەوا کردووە، دوای ڕووخانی کۆماری دیموکراتی کوردستان، لە 3ی ئاداری 1947 بەشداریی لە شەڕی نەلۆس و لە 19ی ئاداری 1947یشدا لە شەڕی نەغەدە و شنۆدا بووە. یەکێک بوو لەو پێشمه‌رگانه‌ی کە لە 19ی نیسانی 1947 بە ڕێگەی خواکورک و دەشتی بەرەزگەر بە ڕێگەی باکووری کوردستاندا گەڕانەوە ناوچەکانی شێروان و مازوریان.

دوای گەڕانەوەیان، مستەفا بارزانی لە 15ی ئایاری 1947 لە گوندی ئەرقۆش لەگەڵ هاوڕێکانی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا و سەرپشکیان کردن کە بمێننەوە یان بچن بۆ سۆڤیەت، لەوێ هەموو هاوڕێکانی بڕیاریان دا کە بەردەوام بن و بچن بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، لە 23ی ئایاری 1947 لەگەڵ مستەفا بارزانی بەرەو یەکێتیی سۆڤیەت دەچێت و لە شەڕی گەلیی قەتوور و شەڕی پردی ماکۆ بەشداریی کردووە و دوای زۆر ناخۆشی و زەحمەتی، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراسەوە لەسەر سنووری ئێران و سۆڤیەت پەڕییەوە بۆ یەکێتیی سۆڤیەت.

دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947، ئەو و هەموو هاوڕێکانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان، چل ڕۆژ لە کەمپێکی داخراودا کە دەورەکەی بە تێلی دڕکدار گیرا بوو نیشتەجێ کران، لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە دەپارێزران و لە ڕووی خواردن، جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. پاشان بە بڕیاری دەوڵەتی سۆڤیەت ئەوان لە ئازەربایجان لە ناوچەکانی ئاغدام، لاچین، ئایولاخ و کەلبەجەر دابەش کران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947، ئەوان بۆ بنکەیەکی سەربازی لەسەر دەریای خەزەر لە باکو، پایتەختی کۆماری ئازەربایجان گواسترانەوە و لە 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدان و لەژێر چاودێریی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە 8 کاتژمێر ڕاهێنانی سەربازییان دەکرد. لە هەمان کاتدا لەلایەن چەند هاوڕێیەکی خوێندەواری خۆیانەوە ڕۆژانە چوار کاتژمێر وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.

دوای مامەڵەی خراپی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوڕێکانی، بڕیار درا کە لە 29ی ئابی 1948 کەمپی سەربازی لە کۆماری ئازەربایجان بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەی چیرچوکی نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێ ڕاهێنانی سەربازیی خۆیان درێژە پێ دا.

لە ئاداری ساڵی 1949 ئەو و هاوڕێکانی بە تاقم تاقم بە شەمەندەفەر لە گوندەکانی یەکێتیی سۆڤیەت بڵاو کرانەوە و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (زەوییەکانی کە خەڵک لە دەوڵەتیان وەرگرتبوو و پاشان پشکی حکوومەتیان دەدا) کاریان کرد.

دوای هەوڵدانێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن مستەفا بارزانییەوە بۆ ستالین، لە کۆتاییدا نامەیەک گەیشتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسی دەرد و ئازاری هاوڕێکانی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی هاوڕێکانی بارزانی دا و لە کۆتاییدا بڕیاری لیژنەکە ئەوە بوو کە هەموویان لە شاری ڤریڤیسکی کۆ بکەنەوە، لەبەر ئەم هۆکارە، ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.

دوای شۆڕشی 14ی تەممووزی 1958 لە کۆماری عێراق و گەڕانەوەی مستەفا بارزانی، لە 25ی شوباتی 1959 بەپێی خاڵەکانی 3 و 7 و بڕگەی (الف)ی خاڵی 10 و خاڵی 11ی یاسای گۆڕانکاریی ساڵی 1959 بۆ ئەو و هاوڕێکانی لێبووردنی گشتی دەرچوو.

لە ساڵی 1958 کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتیی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، عەبدوڵڵا داوود حوسێن لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هاوڕێکانی بە کەشتیی گیرۆزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرەی باشووری کۆماری عێراق گەڕانەوە کوردستان.

لە ساڵی 1961 بەشداریی شۆڕشی ئەیلوول بوو، لە شەڕەکانی گەلیی نەهری، ئاکرێ، پیرس، سارێژی مەلا لە نێوان بیلی و بارزان بەشداریی کردووە، لە ساڵی 1975 دوای تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول، وەک پەنابەر چووە ئێران و لە شاری یەزد نیشتەجێ بوو، لە ساڵی 1998 گەڕایەوە کوردستان.

سەرچاوە:
  1. ژیاننامەی شەهید عەبدوڵڵا داوود حوسێن، گۆڤاری دەنگی پێشمه‌رگه، ئۆرگانی مەکتەبی گشتیی ڕێکخستنی پێشمه‌رگه، ژمارە 105، هەولێر، چاپخانەی ئاراس، کانوونی یەکەمی 2006.

  2. شەعبان عەلی شەعبان، چەند زانیارییەکی سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - 2013).

  3. شەهید عەبدوڵڵا داوود حوسێن، گۆڤاری دەنگی پێشمه‌رگه، ئۆرگانی مەکتەبی گشتیی ڕێکخستنی پێشمه‌رگه، ژمارە 135، هەولێر، چاپخانەی ئاراس، حوزەیرانی 2009.

  4. عومەر فارووقی، سەردار دانا ژیندگی و موبارزات مەرحووم مەلا مستەفا بارزانی، چاپی دووەم، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - 2002).

  5. عەبدولڕەحمان مەلا حەبیب ئەبوبەکر، عەشیرەتی بارزان لە نێوان 1931 - 1991، چاپی 1، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری - 2001). 

  6. کاروان محەممەد مەجید، بارزانی لە مەهابادەوە هەتا یەکێتیی سۆڤیەت، چاپی 1، (سلێمانی - چاپخانەی پەیوەند - 2011).

  7. گۆڤاری هەتاو، ژمارە 154، عام 6، هەولێر، چاپخانەی کوردستان، هەینی، 15.04.1959.

  8. لە یادەوەری فەرماندەی شەهید حەسۆ میرخان جاجۆکی دا، ٦٢ ڕۆژ لەگەڵ بارزانی، چوونی بارزانییەکان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، چاپی یەکەم (هەولێر - چاپخانەی ڕۆشنبیری - ١٩٩٧).

  9. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - ١٩٩٨).

  10. نەجەف قولی پسیان، لە مەهابادی خوێناوییەوە هەتا کەنارەکانی ئاراس، و. شەوکەت شێخ یەزدین، چاپی ١.، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی حزب دیموکراتی کوردستان - ١٩٩٦).

  11. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای حزب دیموکراتی کوردستان.