ژیاننامە

عەبدوڵڵا سەعید ئەحمەد لە ساڵی 1920 لە گوندی خەلانی سەر بە ناحیەی مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، لە ساڵی 1989 لە مەرگەوەڕی ڕوژهه‌لاتی کوردستان کۆچی دوایی کردووە.

خەباتنامە

عەبدوڵڵا سەعید ئەحمەد لە 23ی ئایاری 1947 لەگەڵ مستەفا بارزانی چوو بۆ یەکێتی سۆڤیەت و بەشداری لە شەڕی گەلی قتور و شەڕی پردی ماکۆ کردووە و پاش ماندووبوونێکی زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس لەسەر سنووری ئێران و سۆڤیەت پەڕیەوە بۆ یەکێتی سۆڤیەت.

پاش گەیشتنیان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947، ئەو و هەموو هاوڕێکانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان، بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کەمپێکی داخراو کە بە تێلی دڕکدار دەوردرابوو نیشتەجێ کران، لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە دەپارێزران و لە ڕووی خۆراک، جلوبەرگ و گواستنەوە وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. پاشان بە بڕیاری دەوڵەتی سۆڤیەت لە ئازەربایجان لە ناوچەکانی ئاغدام، لاچین، ئایولاخ و کەلبەجەر دابەش کران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947، بۆ بنکەیەکی سەربازی لەسەر دەریای قەزوین لە باکۆ، پایتەختی کۆماری ئازەربایجان گواسترانەوە و لە 23ی هەمان مانگ جلوبەرگی سەربازییان پێ درا و لەژێر چاودێری ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە 8 کاتژمێر ڕاهێنانی سەربازییان دەکرد. لە هەمان کاتدا لەلایەن چەند هاوڕێیەکی خوێندەواری خۆیانەوە ڕۆژانە چوار کاتژمێر وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.

پاش مامەڵەی خراپی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوڕێکانی، بڕیار درا لە 29ی ئابی 1948 کەمپی سەربازی لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەی چیرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێ ڕاهێنانی سەربازییەکەیان درێژە پێ دا.

لە ئاداری ساڵی 1949 ئەو و هاوڕێکانی بە گرووپ گرووپ بە شەمەندەفەر لە گوندەکانی یەکێتی سۆڤیەت بڵاو کرانەوە و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (زەوییەکانی کە خەڵک لە دەوڵەتیان وەرگرتبوو و پاشان پشکی حکوومەتیان دەدا) کاریان کرد.

پاش هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن مستەفا بارزانی بۆ ستالین، لە کۆتاییدا نامەیەک گەیشتە دەستی ستالین کە تێیدا بارزانی باسی ئازار و مەینەتییەکانی هاوڕێکانی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی کۆمیتەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوڕێکانی بارزانی دا و لە کۆتاییدا بڕیاری کۆمیتەکە ئەوە بوو کە هەموویان لە شاری ڤریڤیسکی کۆ بکەنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.

لە ساڵی 1958 کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هاوڕێکانی بە کەشتی گیرۆزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرە لە باشووری کۆماری عێراق گەڕانەوە کوردستان.

لە ساڵی 1962 بەشداری شۆڕشی ئەیلوول بوو و بەشداری لە شەڕەکان کردووە. لە ساڵی 1983 پاش تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول کۆچی بۆ ئێران کرد و لە هەمان ساڵدا بەشداری شۆڕشی گوڵان بوو و بە پلەی سەربەست بەشداری لە شەڕەکان کرد.

سەرچاوە:
  1. شەعبان عەلی شەعبان، چەند زانیارییەکی سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - 2013).

  2. عەبدولڕەحمان مەلا حەبیب ئەبوبەکر، عەشیرەتی بارزان لە نێوان 1931 - 1991، چاپی 1، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری - 2001).

  3. عەبدوڵڵا غەفوور، فەرهەنگی جوگرافیای هەولێر، (هەولێر - وەشانی ئەکادیمیای کوردی - چاپخانەی حاجی هاشم - 2015).

  4. لە یادەوەری فەرماندەی شەهید حەسۆ میرخان جاجۆکی، 62 ڕۆژ لەگەڵ بارزانی، چوونی بارزانییەکان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، چاپی یەکەم (هەولێر - چاپخانەی ڕۆشنبیری - 1997).

  5. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد 1931-1958، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - 1998).

  6. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.