شەهید عەبدوڵڵا ڕەزا عەبدولڕەحمان جەلیل بە ناوی (شێخ عەبدوڵڵا)، ناسراوە، لە ساڵی 1937 لە گوندی شێخان سەر بە شێخ بزێنی سەر بە ناحیەی ئاغجەلەر لەدایک بووە. گوندنشین بووە و بە کاری جووتیارییەوە سەرقاڵ بووە. لە خوێندندا ئاستی سەرەتایی لە مەدرەسە و حوجرەکانی شێخانی شێخ بزێنی تەواو کردووە. عەبدوڵڵا ڕەزا خاوەنی دوو خێزان بوو بە ناوەکانی سەعدیە نەجیب و سەعدیە عەلی و خاوەنی شەش کوڕ و دوو کچ بووە بە ناوەکانی فاتح، ناسیح، سەردار، سەروەت، سامان، سەروەر، نەجیبە و هاجەر. لە ساڵی 1975 پاش شکستی شۆڕشی ئەیلوول کۆچبەری وڵاتی ئێران بووە و لە شاری شنۆ نیشتەجێ بووە.
لە ئۆپەراسیۆنی سێیەمی ئەنفالی مانگی 3ی ساڵی 1988 لە دەڤەری گەرمیان، سەعدیە عەلی خێزانەکەی و چوار کوڕ و یەک کچی بە ناوەکانی سەردار، سەروەت، سامان، سەروەر و نەجیبە کەوتوونەتە بەر ئۆپەراسیۆنی ئەنفال و تا ئێستاش بێسەروشوێنن.
شەهید عەبدوڵڵا ڕەزا لە ساڵی 1954 پەیوەندی بە حاجی شێخ قادر بەرپرسی ڕێکخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەڤەری گەرمیان و کەرکووک کردووە و بووە ئەندامی ڕێکخستنی نهێنی پارتی دیموكراتی كوردستان. لە ساڵی 1956 بەهۆی چالاکییەکی ڕێکخستنییەوە لە ناحیەی ئاغجەلەر دەستگیر کراوە و پاشان بۆ دەزگای ئەمنی چەمچەماڵ و پاشان بۆ فەیلەقی کەرکووک گواستراوەتەوە. هەروەها پاش دوو ساڵ زیندانی کردن لە ساڵی 1958 ئازاد کراوە. لە ساڵی 1962 پەیوەندی بە ڕیزەکانی پێشمهرگهی شۆڕشی ئەیلوول کردووە و لە لقی یەک بەتالیۆنی دووی ئاغجەلەری بە فەرماندەیی شەهید عەریف ئیسماعیل لە هێزی ڕزگاری پارتی دیموكراتی كوردستان بووە پێشمهرگه.
بەشداری شەڕەکانی شۆڕشی ئەیلوول، وەک شەڕی چینارتوو ئاغجەلەر، چەمی ڕێزان، خاڵخاڵان، شەڕی خانەقین، دەربەندیخان و شەڕی حاجی ئۆمەرانی کردووە. لە ساڵی 1964 پلەی سەرپەلی لقی یەک بەتالیۆنی دووی ئاغجەلەری وەرگرتووە و لە ساڵی 1967 بووە بەرپرسی نووسینگەی (مەکتەبی عەسکەری) سەربازی لقی یەکی ئەو بەتالیۆنە.
شەهید عەبدوڵڵا ڕەزا لە ساڵی 1977 لە کۆچبەریدا دووبارە بووە پێشمهرگهی شۆڕشی گوڵان و پەیوەندی بە لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان کردووە. لە هەمان کاتدا پلەی کارگێڕی لێژنەی ناوچەی شێوانی سەر بە لقی سێی وەرگرتووە.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1979دا عەبدوڵڵا ڕەزا و 11 هاوسەنگەری بە فەرمانی سەری خۆیان و وەلید ئەبو شێوارب ناردوویانن بۆ ناحیەی مەیدانی سەر بە قەزای خانەقین، بۆ ڕێگریکردن لەو خێزانە عەرەبانەی کە بە مەبەستی عەرەبکردنی کوردستان هێنرابوون بۆ نیشتەجێکردن. عەبدوڵڵا ڕەزا و هاوسەنگەرانی دوو هەڵمەتیان لە دوو کاتی جیاوازدا بە سەرکەوتوویی ئەنجام داوە. بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیان لە هەڵمەتی سێیەم و لە ڕۆژی 7ی حوزەیرانی 1979دا لە لایەن ئەمنی گشتی بەعسەوە لە خانەقین ڕێگاکەیان مینڕێژ کردبوو و لە ئەنجامدا مین بە ئۆتۆمبێلەکەیاندا تەقیوەتەوە و عەبدوڵڵا ڕەزا و هەموو 11 هاوسەنگەرەکەی شەهید بوون. پاشان لە لایەن کادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە لەو دەڤەرە تەرمەکانیان گواستراوەتەوە وڵاتی ئێران و لە لایەن سەرکردایەتی پارتی و بنەماڵەکەیەوە لە شاری شنۆی وڵاتی ئێران بە خاک سپێردراون.
1. ئەرشیفی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان


