عەلی تەیلی کەمی بە ناوی عەلی تەیلی ناسراوە. لە ساڵی 1945 لە گوندی بێبۆ لە ناحیەی نێروە و ڕێکان سەر بە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک لەدایک بووە. قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە گوندی بێبۆ تەواو کردووە. قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی لە قەزای ئامێدی خوێندووە. لە ساڵی 1975 کۆچی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و لە شاری ورمێ نیشتەجێ بووە. لە ساڵی 1991 پاش ڕاپەڕینی جەماوەری باشووری کوردستان گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان.

 

لە ساڵی 1961 پەیوەندی بە هێزەکانی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە و لە لای فەرماندە حاجی بێڕۆخی لە دەڤەری نێروە و ڕێکان بووە پێشمەرگە. پاشان چوو بۆ زاخۆ و ماوەیەک لە چیای زاخۆ بووە. بەشداریی شەڕەکانی ناوچەی سێمێل و گەلیی زاوێتە و سارکێ و سوارەتۆکای کردووە.

 

لە ساڵی 1962 لە ڕێکخستنی نوێی هێزەکانی دەڤەری بادینان، بە فەرماندەییی مستەفا نێروەیی بووە پێشمەرگە. هەمان ساڵ بە هێزی خۆی و هێزی تایبەتیی مەلا مستەفا بارزانی بەرەو ناوچەی سۆران چوون و لە ڕانیە و قەڵادزێ و کۆیە بوون. لە ساڵی 1964 وەک ئەندام بەشداریی کۆنگرەی شەشەمی پارتی دیموکراتی کوردستانی کردووە.

 

لە ساڵی 1970 لەگەڵ مستەفا نێروەیی بارەگایان لە گوندی بێشێ لە ناحیەی سێمێلان سەر بە قەزای چۆمان بووە. لە ساڵی 1974 بەشداریی شەڕەکانی چیای زۆزک و گەرووی عومەر ئاغای کردووە. لە ساڵی 1975 پاش شکستپێهێنانی شۆڕشی ئەیلوول چوو بۆ سنووری باکووری کوردستان و لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکی دیکە بە شێوەی مەفرەزەی گەڕۆک لە چالاکییە پارتیزانییەکان بەردەوام بوون.

 

لە ساڵی 1976 پاش دەستپێکردنی شۆڕشی گوڵان پەیوەندی بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە کردووە. لە لێژنەی ناوچەی گوڵان وەک ئامر مەفرەزە ئەرکدار کراوە. لە ناوچەکانی دهۆک و شێخان و ئاکرێ و هەتا نزیک شاری مووسڵ چالاکیی ئەنجام داوە. لەگەڵ سامی عەبدولڕەحمان و 100 پێشمەرگەی دیکە بەشداریی شەڕی بازێی کردووە.

 

لە ساڵی 1979 چوو بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشداریی کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموکراتی کوردستانی کردووە. پاش تەواوبوونی کۆنگرەکە گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان. لە ساڵی 1988 لە کاتی ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی دەڤەری بادینان، لە گوندی مازیای سەر بە ناوچەی ڕێکان بووە. پاش ئەو ئۆپەراسیۆنە چوو بۆ سنووری باکووری کوردستان و لەوێشەوە چوو بۆ شاری ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

 

لە ساڵی 1991 لەگەڵ دەستپێکردنی ڕاپەڕینی جەماوەری باشووری کوردستان، لەگەڵ عومەر عوسمان و زەعیم عەلی لە ڕێگەی حاجی ئۆمەرانەوە گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و لەوێشەوە چوو بۆ شاری دهۆک و بەشداریی ڕاپەڕینی کردووە. لە ساڵی 1992 پاش ڕێکخستنی لێژنەی ناوچەی ئاکرێ دەبێتە بەرپرسی لێژنەی ئەو ناوچەیە. لە ساڵی 1995 پلەی فەرماندەی سوپای ئاکرێی وەرگرتووە. لە ساڵی 1997 بۆ فەرماندەییی فەرماندەییی لەشکری کوردستان (فەلەک) گواستراوەتەوە و دووبارە گەڕاوەتەوە سوپای ئاکرێ. لە ساڵی 2003 پلەی جێگری فەرماندەی زێرەڤانی لە هەولێر وەرگرتووە. پاشان بۆ نووسینگەی فەرماندەییی زێرەڤانیی شاری دهۆک گواستراوەتەوە. بەشداریی کۆنگرەکانی 6,7,8,9,10,11,12,13ی پارتی دیموکراتی کوردستانی کردووە.

 

لە 16ی کانوونی یەکەمی 2010 لە کۆنگرەی 13ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانیی نەمر-ی پێبەخشراوە.


 

سەرچاوە:

1. ئەرشیفی دەستەی ئەنسیکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.