سیاسەتمەدار مستەفا کەریم خەفوور، بە ناوی مستەفا حەمامچی ناسراوە. لە ساڵی ١٩٥٠دا لە یەکەمین کۆنفڕانسی شاری بەغدا بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کورد. پاشان لە پارتەکە دەرچووە و ئامادە نەبووە بڕیار و راسپاردەکانی پارتەکە جێبەجێ بکات. لە ساڵی ١٩٥٣ لە کاتی سازکردنی کۆنگرەی سێیەمدا لەلایەن لێژنەی بەڕێوەبردنی کۆنگرەوە داوای لێ کراوە بەشداری کۆنگرەکە بکات بەڵام بەشدار نەبووە و لەگەڵ ساڵح رۆشدی رێکخراوێکی نوێی بە ناوی پارتی دیموکراتی کوردانی عێراق دامەزراندووە.
ژیاننامەمستەفا کەریم خەفوور لە ساڵی ١٩٢٤دا لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. لە ساڵی ١٩٤٧دا لە بەشی وەرزشی پەیمانگای مامۆستایانی سەرەتایی شاری بەغدا وەرگیراوە. لە ١٤ی شوباتی ١٩٩٣ لە تەقینەوەی مەخزەن و کۆگای کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی لە شاری سلێمانی کە بە دەستی ئاسایشی کەرکووکی سەر بە پارتی بەعس ئەنجام درابوو، لەوێ شەهید کراوە و لە گۆڕستانی شێخ ئەولای شاری سلێمانی بە خاک سپێردراوە. شارەزای زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بووە.
خەباتنامەمستەفا کەریم خەفوور لە ساڵی ١٩٣٩ پەیوەندی بە ریزەکانی کۆمەڵەی برایەتی کردووە و لە ساڵی ١٩٤١دا پلەداری سوپای لیوای بەریتانیا لە دوورگەی قوبرس بووە. لە ساڵی ١٩٤٦دا پەیوەندی بە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کورد کردووە و لە ساڵی ١٩٥٠ و لە یەکەمین کۆنفڕانسی شاری بەغدا بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کورد و لە ساڵی ١٩٥١دا بەڕێوەبەری چاپخانەی نهێنی پارتی دیموکراتی کورد بووە. پاشان لە پارتەکە دەرچووە و ئامادە نەبووە بڕیار و راسپاردەکانی پارتەکە جێبەجێ بکات و ئەو ئامێرانەی چاپکردنەی کە لای بووە نەگەڕاندووەتەوە بۆ پارتەکە.
دوای دەرچوون لە ریزەکانی پارتەکە، دەستی بە ئاشکراکردنی نهێنییەکانی پارتەکە کردووە. لە ساڵی ١٩٥٣دا لە کاتی سازکردنی کۆنگرەی سێیەمدا لەلایەن لێژنەی بەڕێوەبردنی کۆنگرەوە داوای لێ کراوە بەشداری کۆنگرەکە بکات، بەڵام بەشدار نەبووە و لەگەڵ ساڵح رۆشدی رێکخراوێکی نوێی بە ناوی پارتی دیموکراتی کوردانی عێراق دامەزراند کە لە نیوەی دووەمی ساڵی ١٩٥٢ هەڵوەشایەوە و زۆربەی ئەندامەکانی هاتنە ناو ریزەکانی پارتی دیموکراتی کورد.
لە ١٤ی شوباتی ١٩٩٣ لە تەقینەوەی مەخزەن و کۆگای کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی لە شاری سلێمانی کە بە دەستی ئاسایشی کەرکووکی سەر بە پارتی بەعس ئەنجام درابوو، لەوێ شەهید کراوە و لە گۆڕستانی شێخ ئەولای شاری سلێمانی بە خاک سپێردراوە. شارەزای زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بووە.
سەرچاوە:١- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
٢- مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆنگرە و کۆنفڕانس (بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ)، دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرگی یەکەم، (هەولێر - چاپخانەی رۆکسانا - ٢٠٢١).
٣- مەهدی محەمەد قادر، پێشهاتە سیاسییەکانی کوردستانی عێراق ١٩٤٥ - ١٩٥٨، (سلێمانی - ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی کوردستان ٢٠٠٥).
٤- عەبدولخالق سابیر (مامۆستا خالید)، شەجەرەی بنەماڵە دێرینەکانی سلێمانی لە نێوان ساڵانی ١٧٨٤ - ١٩١٤، چاپی دووەم، (بەیرووت - چاپخانەی Green Glory ٢٠١٠).
٥- عەبدوڵڵا ئاگرین، عەمید عەبدولڕەحیم وەفییە، گۆڤاری سلێمانی، ژمارەی ١٢٩، خولی سێیەم، سلێمانی، چاپخانەی دلێر، ئاداری ٢٠١٢.
٦- عیزەدین مستەفا رەسووڵ، بەشێک لە یاداشتەکانی من (یاداشتەکانم) بەرگی یەکەم، (سلێمانی - دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم - چاپخانەی دەزگای حەمدی ٢٠٠٦).
٧- کەریم زەند، خەرمان - شارە، (سلێمانی - چاپخانەی ئەژمەر ٢٠٠٣).
٨- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، بەرگی یەکەم، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە ٢٠٠٤).


