ژیاننامە 

شەهید محەمەد ئەبووزەید عیسا ئەبووزەید ناسراو بە مەهوو گەودا لە ساڵی ١٩٥٠ لە گوندی گارینۆک لە ناوچەی گولی لە خێزانێکی نیشتمانپەروەری کورد لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ خێزان و کەسوکارەکەی ئاوارەی تورکیا بووە. لە ساڵی ١٩٨٩ ڕادەستی ڕژێمی بەعس کراوە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ شاری به‌غدا و لە هەمان ساڵدا لەسێدارە دراوە.

بیرەوەری خەبات 

محەمەد ئەبووزەید عیسا ئەبووزەید لە ساڵی ١٩٦٤ پەیوەندی بە پێشمەرگەی هێزی فارس کورەمارەکی کردووە، لە ساڵی ١٩٦٩ هەوڵیداوە خێزانەکەی بباتە ڕیزەکانی شۆڕشەوە، بەڵام لەلایەن هێزەکانی ڕژێمەوە دەستگیرکراوە تا ڕاگەیاندنی ١١ی ئازاری ١٩٧٠، پاشان ئازادکراوە و خەباتەکەی بەردەوام کردووە تا نسکۆی ١٩٧٥، دوای ١٨ ڕۆژ لە نسکۆ لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەک، ٤ چالاکییان دژی دوژمن ئەنجامداوە وەک کوشتنی سەربازێکی ڕژێم لە گوندی کاشان و هەروەها دانانی کەمینێک لە شەقامی سەرەکی نێوان زاخۆ و باتیفا لە نزیک گوندی بۆسەل و لەم حاڵەتەدا ئۆتۆمبێلێکی سەربازی جۆری (ئایڤا) تێکشکێنرا و ٤ سەرباز کوژران، و لە ڕێگای دەرکاری شێیای توانییان ئەفسەرێک و سێ پۆلیس دەستگیر بکەن.

لە سەرەتای شۆڕشی گوڵان، بووەتە فەرماندەی کەرتی دوای ئەوەی ڕێکخستنی سەربازی لە ساڵانی ١٩٧٩-١٩٨٠ دامەزرا، و سەرۆکی ڕێکخستنی شەهید (مەحمود یوسف) بووە و هێزەکانی ڕژێم چەندین جار پلانیان بۆ لەناوبردنی داناوە. لە ساڵی ١٩٨٥ لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەک لە گوندی دەریشک و ئاڤێ لە ناوچەی گولی، کەوتوونەتە کەمینی هێزەکانی ڕژێم و سێ جاش لەم کەمینەدا کوژران و شەشی دیکە بریندار بوون، و پێشمەرگەیەک بە ناوی سدیق ئەڤدال شەهید بوو و شەهید مەهوو گەودا لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوی حیکمەت بریندار بوون.

لە ساڵی ١٩٨٧ بووەتە فەرماندەی هێزی هێرشبەر، و بەشداری لە زیاتر لە ١٠٠ چالاکی و شەڕی داستان ئامێز کردووە، و سەرپەرشتی زۆربەی چالاکییەکانی کردووە لەوانە تێکشکاندنی هێرشی ڕژێم بۆ سەر ناوچەی لێڤێ کە بە هێرشی ئەرمێشتە ناسراوە، داستانی زەمبیل فرۆش، داستانی شارانش ٣ جار، داستانی عومەر ئاغا، و هەروەها لە بەرەی عومەر عومەر لەلایەن ئیدریس بارزانی خەڵاتکراوە بۆ کوشتنی ئەفسەرێک بە پلەی نەقیب. لە ساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ خێزان و کەسوکارەکەی ئاوارەی تورکیا بوون بۆ ئەوەی لە تورکیاوە بچنە ئێران، بەڵام بە پلانێکی دەوڵەتی بۆ بڕە پارەیەکی زۆر لە ساڵی ١٩٨٩ ڕادەستی ڕژێمی بەعس کران و دواتر گواستراونەتەوە بۆ شاری به‌غدا و دوای چەند ڕۆژێک بڕیاری لەسێدارەدانی درا و لە بەروارێکی نادیار لە ساڵی ١٩٨٩ لەسێدارە درا.

سەرچاوە:

ئەرشیفی ئینسایکلۆپیدیای پارتی